كۆڕایی له نێوان دڵسۆزان و سیاسی و بیرمەند و رۆشنیرانی ئەم نیشتمانەدا ھەیە بەرێوەبردنی کوردستان بەم شێوەیە ناکرێت و سات لەدوای سات دەرفەتەکان لەدەستدەدرێن، خراپی سیستەمی تەندروستی و پەروەردە و خوێندنی باڵا و کۆنترۆڵکردنی بازاڕ و نادادپەروەریی کۆمەڵایەتی و قوڵبوونەوەی دیاردەی گەندەڵی و دابەشبوونی سیاسی و کۆمەڵایەتی و خراپیی گوزەرانی ھاوڵاتیان و سیستمی بەرێوەبردن، هەموو ئەمانە زۆرێک لە نوسەر و سیاسی و دڵسۆزانی بێئومێد کردووە و بڕوایەكیان بۆ دروست بووە کە دووربکەونەوە لە سیاسەکردن و حزبایەتی، تاقەتی کاری سیاسییان نەماوە، لە بری سیاسەتكردن خۆیان سەرقاڵ کردووە بە کاروباری رێکخراوی مەدەنی، یان نوسین و توێژینەوە، یان خۆی کەنارگیر کردووە، دڵسۆزانە لە یەکێک لە بوارەکاندا كاردەكەن، راستە کاری تاکەکەسی کاریگەریی خۆی ھەیە، بەڵام سنوردارە، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی زۆر بەسودن، بەڵام ناتوانن سیستمی سیاسی بگۆڕن.
بەڵگە نەویستە کە لە ئەمرۆی کوردستان و جیھان سیاسەت ئاراستەی تەواوی جومگەکانی ژیان دەکات، بە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیی سەرکردەی ووڵاتێک نرخ بەرز و نزم دەکات، سیاسەت بڕیاری ئاشتی و شەر دەدات، سیاسەت ئاراستەی دین و فیکریش دەکات، سیاسەت سەقامگیریی کۆمەڵایەتی دروستدەکات و پەرتیشی دەکات.
رێگای بونیادنانەوەی ھەرێمی کوردستان و عێراق بە شێوازێکی تەندروست و چاککردنی ئەم بارودۆخە تەنیا بە سیاسەتکردن و کەسایەتیە سیاسیەکان دەکرێت، ئەوەی حاشاھەڵنەگرە لەبەر ئەوەی قەبارە و پانتایی گەندەڵی و کێشە و گرفەتەکان بە جۆرێکە ئەم کارە بە تاک حزب و کەسایەتی و چەند گروپێک ئەنجام نادرێت، کاری پێکەوەیی و ھەماھەنگی و یەکخستنی تواناکانی دەوێت، مەبەستیش لەوە نیە ئەم گروپ و کەسایەتی و تواناکان لە حزبێکدا کۆببێتەوە، سیاسەتکردن شێواز و میکانیزمی زۆرە، گرنگ ئەوەیە پێکەوە بیربکەینەوە، پێکەوە کاربکەین، ھەماھەنگی و کاری دەستەیی بکرێت، دووربکەوینەوە لە بئئومێدی و دوورەپەرێز نەبین، دەبێت بەشێوەیەكی تەندروست و ئاكارییانە سیاسەت و ململانێی سیاسی بکەین، ئەوکات دەتوانرێت و دەتوانین کاری گەورە و گرنگ ئەنجامبدەین، گۆڕانکاری دروستبکەین، واقع بەرەو ئاراستەی نۆی ببەین.
بێئومێدکردنی خەڵک لە حزبایەتی و کاری سیاسی هەوڵێكە بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە و بەردەوامیدان بەم بارودۆخە، قسەووتن و سوککردنی حزبایەتی و سیاسەتکردن پیلانێکی ترە بۆ ئەنجامنەدانی چاکسازی، بوار ده ده ن قسە بە حزب و سیاسەت بڵێن بۆ ئەوەی تێکرای پرۆسەی سیاسی و کاری حزبی لای خەڵک قێزەون بکرێت، بەڵام دەرئەنجام خۆیان لە دەسەڵاتدان ، گرنگ بەردەوام بونە لەدەسەڵات بێ گوێدانە تێکشکاندنی شکۆی مرۆڤەکان و شێواندنی چەمکەکان.
ئارام قادر
١٣/٣/٢٠١٩
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی