پیاوی سپی وەك مرۆڤی (باڵا) و وەهمی پێكەوە ژیانی ئاشتییانە لە خۆرئاوا

16/03/2019

هۆزان محمود

هێرش بۆسەر مزگەوتی موسوڵمانان لە نیوزیلەندا، پەیوەندی بە ڕاسیزمی پیاوی سپی‌ باڵا دەستەوە هەیە، بەتەنها پەیوەندی بە كوشتاری موسوڵمانانەوە نیه، واتە ئەوان بە تەنها تارگێت نین، بەڵكو بەهانەن‌. 

هەر لە ساڵانی دوای جەنگی جیهانی دوهەمەوە تا نەوەدەكانیش بەرلەوەی یانزدەی سێپتەمبەریش ڕووبدات دەیان هێرش و كوشتاری خەڵكی بیانی هەبوە لەم خۆرئاوایە. نمونەی چەندین كارەساتی دڵ تەزێن و هێرش بۆسەر بیانیەكان لە بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا، كە خۆیان بەشێكی زۆری بێگانەكانیان بۆ كاركردن هێنابوو وەك دەستی كاری هەرزان، وڵاتەكانی خۆیان دوای جەنگی جیهانی دووهەم پێ تازە كردنەوە . بەڵام لەگەڵ ئەوەش ئەم دەوڵەتانە ڕۆژ نیە بوونی بێگانەكان لەم وڵاتانەدا نەكەنە بەهانە بۆ بێكاری و بێماڵی و نا ئەمنی، میدیاكان مەكینەیەكی ترسناكی ئەم ژەهرەن. 

ئەوان تۆیان دەوێت زەلیل و بێدەسەڵات بیت، وەك قوربانی و چاولەدەستی ئەوان. ئێستا كە هەندێك گروپ و گەنجانی بێزار لە خۆرئاوا دەستیان داوەتە كاری تیرۆریستی ئەمەیان پێ هەزم ناكرێت. 

لەم ڕۆژانەدا پرۆفیسۆرێكی زانكۆی لەندەن كتێبێكی بڵاوكردۆتەوە و (زانستیانە) دەلێت خۆرئاوا دەبێت فریای نەژادی خۆی بكەوێت، واتە سپی بوونی خۆی بپارێزێت. دەلێت بۆ نمونە شەست لەسەدی مندالی ئەمریكی دوو ڕەگەزەن ئەمەش زەرەر لە نەژادی سپی دەدات. 

بە كورتیەكەی گەر پیاوە سپیەكەی ئەمڕۆ زۆر ڤەڵگەرانە و ڕاستەخۆ و كەرانە ڕاسیزمەكەی خۆی دەربڕی بەرامبەر بێگانەكان، ئەوا بەشێكیش لە نوسەران و ئەكادیمی و سیاسەت مەداران و ڕۆشنبیرانی خۆرئاوایش بە ڕاست و لیبراڵ و چەپەوە جۆرێك لە ناسیۆنالیزم و جەخت كردنەوە لەسەر ناسنامەی سپی\خۆرئاوایی خۆیان بۆتە ترێندێكی تازە و بێپەردە.

من ڕۆژانە بەر ئەم ڕاستیە تاڵە دەكەوم، هەست دەكەم تا زیاتر لەناویاندا بژیت، كاربكەیت و بەریەك كەوتنت هەبێت لەگەڵیاندا زۆر ئاشكرا تر ئەمە دەبینیت. ماوەیەك لەوە پێش لە ماڵی هاوڕێیەك لە گەڵ پرۆفیسۆرێكی سویدی بوو بە شەڕێكی ناخۆشمان چونكە ئەوەندە بە زەقی ڕاسیست بوو تەحەمول نەدەكرا..

هۆزان مەحمود

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی