خوێنی موسوڵمان

16/03/2019

عەزیز رەئوف

سەبارەت بە ڕووداوەكەی نیوزلەندا
یەكەم: تیرۆر و توندوتیژی دەركەوتەیەكی جیهانیە و دەكرێت سنورەكان ببڕێت. هەڵەیە ئەگەر پێت وابێت دەتوانی بە دوورخستنەوەی تیرۆر بۆ دەرەوەی سنورەكانت دنیای تۆ ئارام و نیشتیمانت دوور دەبێت لە تیرۆر. ئێمە لە گوندێكدا دەژین توندڕەوی دەكرێت كاریگەری لەسەر كۆی مرۆڤەكان جێبێڵێت.

دووەم: خوێنی موسوڵمان سورە وەك چۆن خوێنی ئێزدیەك سور و خوێنی گەرێلایەك سور و خوێنی كوردێكی چەپی ڕادیكاڵ لە عەفرین و كۆبانێ سور سور. ناكرێ لێم ببی بە فریشتە لەبەرئەوەی موسوڵمانێك لەوپەڕی دنیا خوێنی ڕژاوە هاوسۆزی دەربڕی بەڵام دەوروبەرت بەناوی دین و ئایدۆلۆژیا و مەزهەبەوە گۆڕستانێكە بۆخۆی، كەچی بێدەنگیت هەڵبژاردووە.

سێیەم: ئەگەر لە موسوڵمانی خۆرهەڵاتی بپرسیت دەسەڵاتێكی عەلمانیت دەوێ یان ئیسلامی؟ بێ دوو دڵی دەڵێ دەسەڵاتێكی ئیسلامی. بەڵام ئەگەر بڵێی دەتەوێ لە خۆئاوا بژی یان لە دنیای ئیسلامی لە ڕۆژهەڵات، بێ دوودڵی ڕۆژئاوا هەڵدەبژێرێت و لەسایەی دەسەڵاتێكی عەلمانیدا باس لە دەسەڵاتی ئیسلامی دەكا. ڕۆژهەڵات لەسایەی دین و ترادسیۆن و ئایدۆلۆژیاوە خەریكە چۆڵ دەبێت و شەقامەكانی ڕۆژئاواش پڕ بووە لە توندڕەوە ئیسلامیەكان و ئەو وڵاتەی تێیدا دەژین بە كافر و بێدین و خوانەناس وەسف دەكەن. موسوڵمان ئەو كارەكتەرەیە لەنێوان بەرلین و مەككەدا بەرلین هەڵدەبژێرێ بۆ ژیان بەڵام ڕوودەكاتە مەككە بۆ نوێژكردن.  

چوارەم :  تیرۆر و دیدی توندڕەوی لە زیاد لە كەلتور و زیاد لە كۆمەڵگەیەك ئامادەیی هەیە و دەكرێت لە ساتێك لە ساتەكاندا خوێنی ئەوی دی بڕێژێت. هەڵەیە پێمان وابێت تیرۆر بە تەنها ڕیشەكەی لەناو ئاینی ئیسلامدایە. بەڵكو ڕیشەی تیرۆر مێژوویەكی درێژتری هەیە و لە زیاد لە ئاین و زیاد لە ئایدۆلۆژیا و كەلتورێكدا ئامادەیە. 

پێنجەم: ئیدانەكردنی ئەم ڕووداوە بەس نیە، دەكرێت ڕۆحی توندڕەوی لەخۆتدا بكوژی، دەكرێت سوری خوێنی هەموان وەك یەك ببینیت. دەبێت هیومانیزم ئەولەویەت بێت و مرۆڤ سەنتەر بێت نەك دین و ئادیۆلۆژیا. ئەگەر جیاكاری دەكەی لەنێوان قەسابخانەی نیوزلەندا لەگەڵ خۆكوژی پاریس و لەندەن و شەنگال و عەفرین، ئەوە خەلەلێك لەئارادایە، پێش ئەوەی ئیدانە بكەی، ڕۆحی توندڕەوی و ڕاسیستی لەخۆتتدا بكوژە ئەوسا دنیامان لە ئێستا جوانتر دەبێت.

عەزیز رەئووف

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی