تیرۆر چۆن سەرهەڵدەدات

16/03/2019

دانا رەشید


پێشەکی پێویستە لەو حەقیقەتە تێ بگەین کە هەموو جۆرێک لە کوشتن بریتی یە لە تیرۆر، کەواتە تیرۆر مانای چی ؟ تیرۆر بریتی یە لەوەی کەسێک یا جیهەتێک یا حکومەت و دەسەڵاتێک ، راستەوخۆ یا ناراستەوخۆ کەسێک یا چەندین کەسانی بێ چەک و بێ بەرگری دەکوژێ واتە تیرۆر دەکات ، تیرۆر واتە سڕینەوەی پێناسی مرۆڤایەتی ، چا تیرۆر بە کۆمەڵ بێ لە شێوەی جینۆساید کردن یاخود لە شێوەی تیرۆری کەسیدا بێت، لە روی یاساییەوە ،ئەو کەسەی هەڵدەستێ بە ئەنجامدانی کردەیەکی تیرۆرستی، ئەوە بە تاوانبارە ئەصڵیەکە دانانرێت یاخود ناناسرێت ، بەڵکو پێێ دەوترێت ( بکەر) ی کاری تیرۆرستیەکە، پلاندانەرو تاوانبارانی ئەصڵی لە شوێنێکی ترن.

لێرەوە دەکرێ بپرسین ئایا کردەی تیرۆر ، کردەیەکی خۆ کردیە یاخود پەیوەندی بە ئایدیاو، فکرو، پلان و ستراتیجی نزیک خایەن یا درێژ خایەنەوە هەیە ؟ وەک لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا،هەر کەسێک کەسێکی تر یا کۆمەڵە کەسانێکی تری بێ بەرگری بکوژێت تیرۆرە ، بەم پێودانگە ، کاتێ حیزبێک یا شۆرشێک دەکەوێتە پاکتاو کردنی کەسانی دژ بە خۆی لێرەو لەوێ بە ناوی( سزای گەل و نیشتمان ) ئەمە تیرۆرە ، کاتێ دەسەڵات و حکومەتێکی خۆ سەپێن لە گرتوخانەکان یاخود بە هەر ناوێک بێ خەڵکی دژ بە خۆی لە سێدارە دەدات ، رەمی دەکات ، ئەمە تیرۆرە ، کاتێ دەوڵەتانی داگیرکەر گەلانی بن دەست رەشی کوژ دەکات ، ئەمە تیرۆری بە کۆمەڵە واتە جینۆساید ، لە ژێر هەر بەندو باوێک کردەی کوشتن دەکرێت بە تیرۆر حساب بکرێت ، کە تەرو وشک ، حەق و ناحەق پێکەوە دەسوتێنێت.

دەوڵەتانی پیشکەوتو بە تایبەت ئەوروپا ، بە نیهائی دەوڵەت پرۆسەی لە سێدارەدان ( ئیعدام ) هەڵگیراوە ، واتە کاتێک یاسای سزادان تاوانبارێک بە تۆمەتی کوشتن واتە تیرۆر کردن بە کوشتن سزادەدات ، ئەمەش جارێکی تر تیرۆرکردنە و ئەجێتە بابی تیرۆرەوە ، رێی تێکەوتوە پاش چەندین ساڵ دەرکەوتوە کە ئەو تاوانبارە بێ تاوان بوە ، کەسێک بە پلان تۆمەتی کوشتنیان داوەتە پاڵ ، واتە یاسا دەبێتە تیرۆرست لەو حاڵەتەدا ، بۆیە بە بریاری کۆتایی یاسای سێدارەو کوشتن نەماوە.

تیرۆر پێش ئەوەی کە کردەیەکی تیرۆرستی بێ پەیوەندی بە فکرو ئایدۆلۆجیایەکەوە هەیە ، واتە پێش ئەوە تیرۆرست ئامادە بکرێ بۆ ئەنجامدانی کردەیەکی تیرۆرستی خودی کەسی بکەری تیرۆر ، عەقڵی تیرۆر کراوە.

تیرۆری دینی و فاناتیکی بێ یا تیرۆری نەتەوەپەرستی و راسستێتی بێ یاخود تیرۆری سەردەستە بوون و ژێردەستەیی بێ ، یاخود جۆرێک لە تیرۆر بێ کە ئاغاو شێخ و دەرەبگەکان لێرەو لەوێ ئەنجامی دەدان، تۆ چۆن دەتوانی راسستێکی تورک یا هەر جۆرێکی تری راسست تێبگەیەنی کە ئەمەی تۆ دەیکەیت تاوان و تیرۆرە.

تۆ چۆن دەتوانی لە ئیسلامی یەکی توندرەو تێ بگەیەنی کە پێێ وایە کوشتن بریتیە لە جیهاد لە پێناوی خودا و بەهەشتدا ، کە پشت ئەستورە بە سەدان سەرچاوە و حەدیس و هەزاران مەلا ئیرشادی دەکات بۆ کوشتن و تیرۆر.

تۆ چۆن لە شۆشگێرێک تێ بگەیەنی کە ئەوەی ناوت لێ ناوە سزای گەل و نیشتمان تیرۆرە ، دوای سەرکەوتنی شۆرش دەیان فەریکە مافیای مرۆڤ و ژیان کوژ دروست دەبێ، واتە بە هەر فکرو ئایدایەک بێ کردەی تیرۆری عەقڵ پێش کردەی تیرۆی جەستە دەکەوێ ، زۆر پەرەی سەندوە بۆیە لێرەو لەوێ تیرۆر بەردەوامی هەیە ، تاکە چارەسەری تیرۆر پەرورردەیەکی راست و دروستی سروشت زانی و ژیان دۆستیە.

لێرەوە هەموو جیهان دەبیننن کە هێزەکانی رۆژئاوای کوردستان ، کە هەر لە سەرەتاوە، چۆن مرۆڤگەلی هەرێمی رۆژئاواو کانتۆنەکان بە گیانی ژیان دۆستی دوور لە حیقد و قین و نەتەوە پەرستی و فاناتیکی و راسستێتی پەروەردە دەکەن ، کە جەنگ لە تیرۆر جیا کراوەتەوە ، جارێكی تر پیشانی جیهان درا کە ئەو کچ و کورە شەرڤانە چاپوکانە چۆن مامەڵەیەکی مرۆڤدۆستیانە لەگەڵ ئەو ( داعشە ) عەقڵ و جەستە بۆگەنانە دەکەن ، چونکە پەروەردەی ئەوان وە کاری ئەوان تیرۆر و کوشتن نی یە بەلکو نەهێشتنی تیرۆر و کوشتنە ، هەروەک چۆن تورک و ئەدرۆگان بە ئاشکرا عەفرینی تیرۆر کرد ، دوای ئەوەی باکوری کوردستانی وێران کرد بە دەیان و سەدان هەزاران کەسی تیرۆر کردوە.

چیکیڤارا دەڵێ ، ئیشی شۆشگێر کوشتن نی یە بەڵکو پەروەردەیەکی راستی ژیان دۆستیە لە پێناوی هێنانە کایەی عەدالەتی نیشتمانی، واتە جیا کردنەوەی جەنگ دژی ناعەدالەتی لە تیرۆرو کوشتنی هەرەمەکی، هەموو کردەیەکی تیرۆر کردن لە ژێر بنەمایەکی فکریدا دەکرێ ، پیویستە لە رەگەوە فکرەی تیرۆر بن بڕ بکرێت ، پێم وابێ فکرەی جیهاد لە پێناوی خودای ئیسلامیە تونرەوەکان خراپترین جۆری تیرۆرە.

دانا رەشید

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی