چۆن یەكێتیی بەم دۆخە گەیشت؟

17/03/2019

سه‌رتیپ قه‌شقه‌یی

ئەوەندەی من ئاگاداربووم لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، چەند بڕادەرێك لە هەولێرو سلێمانی ( كە نامەوێ لێر ناویان بهێنم ) چەندین جار لە ڕێگەی (بەرهەم ساڵح و عومەر سەید علی) هەوڵی ناوبژیوانیاندا، لە نێوان یەكێتیی و بزوتنەوەی گۆڕان، تاوەكو ئەو دووهێزە لەیەك نزیكبكەنەوەو پارتی سوود لە ناكۆكی نێوانیان نەبینێت.

دواین جاریش بە ئامادەبوونی ( بەرهەم ساڵح و لاهور شێخ جەنگی و باڤڵ تاڵەبانی و شێخ محمد سەرگەڵویی) ئەو برادەرانە پەیامی یەكێتیان گەیاندە لای رێكخەری گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان، تاوەكو بەجۆرێك لە جۆرەكان رێكەوتنێك لە نێوانیان واژووبكرێت، یاخود لانیكەم یەك هەڵویست و یەك بۆچوون بن، لە پێكهێنانی كابینەی نوێ و درز نەخرێتە نێوانیان، بەڵام بەهۆی ئەوەی بزوتنەوەی گۆڕان هیچ متمانەیەكی بە یەكێتیی نەمابوو، لە پێشووتردا ئەزموونیان لەگەڵ ئەو حزبە هەبوو لەو ڕێككەوتنانەی لە نێوان واژووكرابوو، بۆیە دواپەیامیان ئەوەبوو، كە ناتوانن لەگەڵ یەكێتیی بگەنە ڕێككەوتن و كاری هاوبەش.

بەشێكی شكستهێنانی هەوڵەكانیش بۆ نزیبكوونەوەی ئەو دوو هێزە، پەیوەندی بە ناوەندی بڕیاری گۆڕان بوو، هەندێ لەو كەسانە ئەم نزیكبوونەوەیان پێخۆش نەبوو ڕەتیانكردەوە، بەتایبەتیش عومەری سەید علی و كوڕەكانی نەوشێروان موستەفا.

پارتی لەو جیاوازی و پەرتەوازیەی یەكێتیی و گۆڕان، یارییەكی جوانی كرد، بۆئەوەی یاریەكەشی سەر بگرێت بەهەموو شێوەیەك بە داواكارییەكانی گۆڕان ڕازی دەبوو، دواجار گۆڕانی لە یەكێتیی كردەوە، بەم كارەشی بە تەواوی شەرعیەتی بە بەرنامەو پلانەكانیدا.

بەم ڕێككەوتنەی پارتی لەگەڵ گۆڕان كردی، كاریگەری و ڕۆڵی یەكێتیی زۆر لاوازكرد، چونكە ئێستا یەكێتیی هەرهەنگاوێك دەگرێتەبەر، یاخود كارتێك لەبەرامبەر پارتی بەكاردەهێنێ سەرناگرێت، ڕەنگە تاوەكو سەرەتایی مانگی نیسان ئەگەر یەكێتیی نەیەتە پێش، پارتی هەموو كارەكانی خۆی بە هاوبەشی لەگەڵ گۆڕان تەواوبكات.

یەكێتیی هەرلە سەرەتاوە كۆمەڵێك یاری سیاسی خراپی كرد و، تا گەیشتە ئەوەی پەراوێزبخرێت، بەشێكی ئەو پەراوێزخستنەش پەیوەندی بە ناكۆكییەكانیەتی ڕابردوویەتی لەگەڵ پارتی لە مەسەلەی بەغداو بەرهەم ساڵح ، لەبەرامبەریشدا پارتی تاوەكو ئێستا بڕاوەیەكی لوت بەرزی تۆڵەسەنە، چونكە یەكێتی و هێزەكانی دیكەی بەدوای خۆیدا راكێشاوەو هێدی هێدی دەچێتە پێشەوە.

ئەو پۆستانەشی بۆ یەكێتیی دیاریكراوە لە لایەن پارتیەوە، نەك ئامانجیان شەراكەتی ڕاستەقینەو بەشداری یەكێتیی نییە، بەڵكو ئاوتكردنی ئەو حزبەیە لەكابینەی داهاتوودا.

ڕەنگە گۆڕان لەم نێوەندەدا لەرووی جەماوەڕی و دەنگدەرەوە زەرەری كردبێت، بەڵام لە هەمانكاتدا ئەوانیش سوودیان لەو جیاوازی و بێمتمانەیەی یەكێتیی و پارتی وەرگرت، لەگەڵ ئەوەی بزوتنەوەی گۆڕان خزمەتی باشی بە پارتی كرد، بەڵام دەتوانرێت بڵێین گۆڕانیش براوەبووە لە دانوستاندن و گفتووگۆكان، چونكە ژمارەیەكی زۆر لە پۆستی برد، لەبەرامبەر 12 كورسی پەرلەمانی.گۆڕان لە نێوان یەكێتیەكی بێمتمانەو پارتییەكی رووخاو بۆی، دووەمی هەڵبژارد، وەك دەوترێ "حازری بە قەرز نەدا"، حەقی خۆیانە مادام سیاسەت دەكەن.

گۆڕان وای لای پارتی كرد لە قۆناغەكانی داهاتوودا، ئەو حزبە لە هەمواری یاسایی سەرۆكایەتی هەرێم هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم پێكهێنانی حكومەت، هیچ كێشەیەكی نەبێت و تێیبپەرێنێت، ئەگەر یەكێتیی نەیەتە ژێرباریش.

سەرتیپ قەشقەیی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی