ناسنامەی نەتەوەیی كوردان لە رۆژئاوا

24/03/2019

كەمال محەمەد


لە زەمینەیەكی بەم جۆرەدا سەركەوتنی شەرڤانان لە رۆژئاوا بەرامبەر داعش رۆڵێكی سەرەكی ئەبینێت لەدەستبەردار نەبون لە ژیانی ئازاد و بەرگری نەتەوەیی و دوبارە درێژەی بە تامەزرۆیی و وابەستەبوون بە ئازادی دایەوە ،لەو هەلومەرجانەی كە شەر و پێكدادانی دژوار لەنێوان. هێزەكانی هسد و چەتەكانی داعش بەردەوامی هەبو بەدرێژایی چەندین ساڵ ،بەڵام دواجار  شەرەكە بە سەركەوتنی ڕۆڵە نەبەردەكانی شەرڤانان سەركەوتنێكی مەزنی بەدواداهات  كە ئەبێتە هەڵگری مانایەكی مێژوویی كە بەرامبەر بە گەورەترین رێكخراوی تیرۆرستی جیهانی   سەركەوتنێكی گەورەیان تۆمار كرد و توانیان لەپێشەوەی ئەو هێزانە بن كە شەری دژی تیرۆریان كردوە دژی هەمو جیهان كە لەلایەن چەندین سەرۆك و سیناتۆری جیهانییەوە جەختی لەسەر كراوەتەوە .

بوێری و قوربانیدانی شەرڤانان لە رۆژئاوا و سیاسەتی راستیان وایكردوە كە بە شیوەیەكی خێرا ناساندنی ناسنامەی كوردانی رۆژئاوا  بە جیهان بناسێنن و پێگەیەكی سیاسی و ستراتیژی بۆخۆیان پێك بهێنن و بەرەو سیاسەتێكی دۆستایەتی لەگەڵ جەمسەری دژە داعش و هاوپەیمانەكانی داعش ئاراستە بگرن ،بۆیە ئەو خەسڵەتە شۆرشگیری و دیموكراسخوازییەی رۆژئاوا  وایكرد كە  ئەو پیلانانەی بۆ تەسفیەكردنی خاكی رۆژئاوا دانرابو لەلایەن ئەو وڵاتانەی كە بەدرێژایی مێژوو لە پلاندا بوون بۆ لێدان لە دۆزی كوردی و جوگرافیاكەیان شكست بهێنێت و توانیان لە چوارچێوەی سەركەوتنی سیاسی و شۆرشگێری و دیپلۆماسیدا ئەنجام گەلێكی مێژویی بەدەست بهێنن .

سەركەوتنی كوردان لەم شەرەدا  لەگەڵ تەشەنەكردنی هێزە هەژمونگەراییەكانی سەرمایەداری و زلهێزەكان لە خۆرهەڵاتی ناوین و ناوچەكە كاریگەری جددی لەسەر گۆڕانكارییەكان ئەبێت ،بۆیە نزیك بونەوەی توركیا لە بلۆكی روسیا دوای ئەوە دێت كە ئەمریكا رێگای پێ نەدا هێرش بكاتە سەر كوردەكان بەهۆی هەست كردن بە لاوازی هێزی خۆی لە ناوچەكەدا ،لێرەدا ئازادكردنی خۆرئاوا و باهۆز وەك دواین مۆڵگەی داعش چەندە بۆ خودی كوردان گرنگ بێت هێندەش بۆ ئەمریكاو و ئەو لایەنانە گرنگە كە خۆرئاوا پێگەیەك بێت بۆ  ململانێكانی ئیمریالیستە بلۆك بەندییەكان ،

وێڕای هەوڵە بەدەوامەكانی توركیا و هەندێ لایەنی كوردی بۆ درز خستنە نێو هێزەكانی شەرڤانان و خۆبەرێوەبەری سیاسەتی رژئاوا بۆ ڕێگری كردن لە گەلی شۆڕشگێری و خەباتی راستینەیی كوردان بۆ ئازادی و دیموكراتی بەبیانوی رێگەدان و دروست كردنی چەندین هێزی دیكە كە ئامانج لێی قولكردنەوەی دۆخی پارچەبونی كوردەكان و لەناوبردنی بزوتنەوەی ئازادی و هەوڵدان بۆ ناساندنی ناسنامەی نەتەوەی كوردەكان بو وەك گەلێكی دیكراسخواز و خاوەن ماف و خاكی خۆی ،بەڵام سەرەنجام  سیاسەت و ستراتیژیەتی گەلی رۆژئاوا دەرفەت و هەلی ئازادییان دۆزییەوە لەرێگەی تێكۆشانی هێزەكانی ئازادی و  شەرڤانانەوە لەژێر ناوی تێكۆشانی پاراستنی بوونی نەتەوەیی و بەدەستهێنانی ئازادی بەردەوامەو لەبوارەكانی ئایدۆلۆژی و سیاسی و دیبلۆماسیەوە بەرێوەدەچێت ،هەرئەمەشە وایكردوە هێزێك  لە زلهێزە ئیمپریالیستەكانی سەرمایەداریدا هێندە كاریگەربێت و نیشانی بدات لە جوگرافیایەكدا خۆی بە هێزێكی ستراتیژی دابنێت و زیاتر خۆی وەك نەتەوەیەكی كاریگەر بناسێنێت و هەنگاو بەرەو بەستنی پەیوەندی سیاسی و دیبلۆماسی ئەمریكاو زلهێزەكانی دیكەدا بنێت ،لێرە گرنگترین خاڵ كە پێویستە بیزانین گۆڕانكارییەكانی دوای ئەم سەركەوتنەیە ،ئایا ئەمریكاو وڵاتانی هەژمونگەرایی جیهانی و خۆرهەڵاتی ناوین بەتایبەت ڕۆڵێكی دیاریكەر بە كوردەكانی رۆژئاوا ئەدەن لە قۆناغەكانی داهاتودا ،ئەمەش بەندە بە ململانێ و بەرژەوەندی هەردو بلۆكی جیهانی ئیمپریالیستی و تاڕادەیەكیش  پەیوەندی سیاسی و دیبلۆماسی رۆژئاوا لەگەڵ ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی كەلە داهاتودا روون ئەبێتەوە .

كمال محمد

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی