هاوپەیمانیی نیشتمانی بەرەو کوێ؟

08/04/2019

د. موئمین زەڵمی


لە دوای گۆڕینی ناو و هەڵبژاردنی سەرۆک و تەواوکارییەکانی پەیکەری رێکخراوەیی هاوپەیمانی نیشتمانی، پرسیارەکان زۆرتربوون لەسەر دید و فۆڕمی بەڕێوەبردن و دارایی و پڕۆژەکانی هاوپەیمانی بۆ داهاتوو، ئەم سەرەقەڵەمانە وەڵامی پرسیارەکان دەدەنەوە:

- هاوپەیمانیی دژی هیچ کەس و لایەنێک ڕانەگەیەنراوە و ناچێتە دژەبەری هیچ دڵسۆز و خەمخۆرێکی کوردستانەوە.
- بە چاوی ڕێز لە خەباتی هێز و کەسایەتی و لایەنەکان دەڕوانێت و پەیوەندییەکانی لەسەر بنەمای بەرژەوەندی باڵای کوردستان پەرەپێدەدات.
- ئایین پێگەی رێز و شکۆیە و هەموو پێکەوە پەرە بە پێکەوەژیانی ئایینی دەدەین لە پێناو چەسپاندنی دادپەروەری سیاسی و کۆمەڵایەتیدا. 
- خەباتێکی بەردەوامی رێکخراو دەبێت لە پێناو حوکمڕانی ڕەشید و چەسپاندنی دیموکراسی و بەرپاکردنی عەدالەت.
- هێزێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی مەدەنییە بۆ خزمەتکردنی مرۆڤی کورد و مرۆڤایەتی لەسەرتاسەری جیهاندا. 
- دارایی هاپەیمانیی، هاوکاری و هەماهەنگی دڵسۆزانی پڕۆژەی (مرۆڤ سەنتەری) و (دیدگای نیشتمانی) یە و نابێتە دوکانی سیاسی بۆ بەرژەوەندی شەخسی و خزمیی و مەرجی تەواویشی هەیە بۆ هەر دەستبارگرتن و یارمەتییەک، ئەوەش لە پێناو شکۆی (هاودیدان)دا.
- بڕوای تەواوی بە کاری پێکەوەیی لەگەڵ کەسایەتی و ڕێکخراو و لایەن و هێزەکانیتردا هەیە لە پێناو خزمەتکردنی گشتیدا تا ئاستی یەکچەتری و پێکەوەبوون.
- تێزەکانی دیدگای نیشتمانیی بەردەوام دەبن و هەموو دڵسۆزێکی نیشتمان خاوەن و پشکداری ئەم پڕۆژەیەیە لە ناو هاوپەیمانیی نیشتمانی و دەرەوەی هاوپەیمانییش.
- هەموو ئەوانەی هەڵگری دیدگای نیشتمانیین، (هاودید)ی ئێمە دەبن و شانازیان پێوە دەکەین.
- سیاسەت ڕەنگوڕووی پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و هاوڕێیانە و دۆستانەییەکان ناشێوێنت. 
- رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و سەنتەرە و ناوەندە ڕۆشنبیری و ستراتیجی و ئەکادیمییەکان سەرچاوەی گەشە و نەش و نمای دیدگای نیشتمانین و پەرەپێدەر و دەستباری پەرەسەدنە سیاسییەکانی دیدگای نیشتمانی دەبن. 
- بڕوای تەواوی بە ئازادی میدیایی و ئازادی بیرکردنەوە و ئازادی ڕادەربڕین هەیە و بەشێک دەبێت لە پێشخستنی خەبات لە پێناو ئازادیدا. 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی