فێستیڤاڵی ئەسپە لاتەکان!

21/04/2019

كاوە شێخ عەبدوڵڵا

بەهاران، ئێمەی كورد زۆر بەقوڵیی و تامەزۆرییەوە دەكەوینەوە بیری كوردایەتیی و كوردەواریی. بۆ ئەمە باشترین شت كە بیكەین، بە خراپترین رێگادا بۆی دەچین.

بۆ نموونە ئەم وەرزە وەرزی جوڵانی خوێنی عەشیرەتگەریی و خێڵخوازیییە. چەند سەد كەسێك كۆدەبنەوە و لە دەشتایی یان بەرزاییەكدا دە دوانزە ئەسپە لاتە و هەندێ بڕنەوی ژەنگاوی نمایش دەكرێ و چەند مەنجەڵێك برنج و گۆشت دەخورێت و بەریزێك یان دوو ریز هەڵپەڕكێ كۆتایی پێ دێنن.

دواتر بەمە دەوترێ ڕۆژی فڵانە تیرە، یان ڕۆژی فڵانە گوند. لەمەش قەبەتر فێستیڤاڵی فڵانە عەشیرەت

خۆی ڕاستییەكەی یەكتربینین و دڵخۆشییەكی بە كۆمەڵە كە شار و ئینتەرنێت، ئەو یەكتربینینانەی سنووردار كردووە تا ئاستی نەمان. بەڵام دێن ناوی فڵانە عەشیرەتی لێ دەنێن.

كچێك یان كوڕێكی گەنج و جوان، بەر لەوەی خەمی یەكترناسینی خزمانی حەوت پشت لەمەوبەر و فەرهەنگی عەشیرەتەكەی بێ، خەمی ڕەسمی سناپچات و فەیسبووك و ئینستاگرامی هەبێ، لەكوێ باوەڕی بە عەشیرەتگەریی و خێڵخوازیی و بڕنەو پەرستیی هەیە؟

ئێمە بەڕاستی كێشەی ناونانمان هەیە لە ڕووداوەكان، بۆ نموونە لە بری ئاهەنگی یەكترناسین و میرازكردنەوەی خزمایەتی، ناوی دەنێین رۆژی فڵانە گوند و فێستیڤاڵی فڵانە شوێن!

لە ناونانی شتەكاندا كێشەمان هەیە. هەموو ئەو دامەزراوەیەی پێی دەڵێین حكومەتی هەرێم، لە ڕاستیدا لە حكومەتی عێراقدا پێی دەوترا مدیریەت شئون شیمال!

كەچی وا خەریكە كورد هەموو دەسكەوتەكانی لە بار دەبات بۆ میراتی شئون شیمال تەنیا لەبەر ئەوەی ناوی سەرۆكایەتی هەرێم یان سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانە. ئەو ناوە زۆر زۆر گەورە كراوە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوەندەش گەورە نییە.

رۆژی عەشیرەت و گوند، زیاتر لەفێستیڤاڵی ڕەنگەكان دەچێ... ئەوەی لە هەولێر كرا و دنیایەك تانەوتەشەری لێدرا... بەڵام زاتێكی دەوێ وا بڵێین، باشترین ناو ڕۆژی فڵانە عەشیرەتە چونكە ئەمە باجی لەسەر نییە و ئابڕووی هیچ كچ و كوڕێكی پێ نابرێ.

كورد لە عێراق لەسەرەتای گۆڕانكاریی گەورەدایە لەڕووی كۆمەڵایەتی و سیاسییەوە، بەڵام لە بەرگێكی كۆندا و بەناوی كۆن كۆنەوە. چونكە هەركاتێ رووداوێكی نوێ دەردەكەوێ، دێوە خەوتووەكەی ناومان خەبەری دەبێتەوە و خێرا پاشەكشە بە حزب و حكومەت و كاراكتەرەكان دەكات.

كاوە شێخ عەبدوڵڵا

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی