لە ساڵیادی رۆژنامەگەریی کوردیدا

24/04/2019

جه‌مال پیره‌

١٢١ ساڵ لەمەوبەر رۆژی ٢٢ی نیسانی ساڵی ١٨٩٨ یەکەمین رۆژنامەی کوردی بەناوی کوردستان لە شاری قاهیرە دەرچوو، کە سەرنووسەرەکەی میقداد مەدحەت بەدرخان بوو، بەلەبەرچاوگرتنی جیاوازی زۆری بارودۆخی رۆژنامەگەریی ئەوسا و ئێستا، دەتوانین بڵێین لە سەردەمی ئیستاماندا کاریگەرییەکانی رۆژنامەگەری کوردی بەسەر کۆمەڵگای کوردستانی روون و ئاشکران، تاڕاددەیەکی زۆر رۆڵیان هەیە لە گۆڕینی بیرکردنەوە و ئاراستەکانی مرۆڤی کوردستانی، بەوەی کە ئەم بوارە لەگەڵ رەوڕەوەی پێشکەوتنەکاندا گۆڕانکاری بەرچاوی بەسەردا هاتووە، خێراتر و وردتر لە جاران مەبەستەکانی دەپێکێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانین بڵێین رۆژنامەگەریی لە وڵاتی خۆماندا هەم بێ کەموکوری نەبووە و هەمیش دەکرا زۆر باشتر لەوەی کردوویەتی خزمەتی بکردایە، بەتایبەت لەبەرئەوەی لە قۆناغێکداین هێشتا لە ئاستێکی پێشکەوتووی کاری پرۆفێشناڵانەدا نین، بەو مانایەی لە رووی داڕشتن و زمانەوانی و بێلایەنی و پیشەییەوە کەموکووری زۆر بەدی دەکرێت، بێجگە لەوەی تا ئێستا نەمانتوانیوە تەنانەت لەو مشتوڕانەشدا بەشداربین لە نێوان لایەنگرانی رۆژنامەی کاغەزی و ئەلیکتڕۆنیدا ئەنجامدەدرێن، ئەوەی کە جاران لەم ڕووەوە بەیەك رۆژ دەکرا، ئێستا لەیەك چرکە و خێراتریش ئەنجامدەدرێت، ئەوەی کە جاران چەند کەسێك دەیانتوانی دەستیان بە رۆژنامە بگات ئێستا بە هۆی سۆشیاڵ مێدیاوە هەموو کەسێك دەتوانێ دەستی بگات بەهەر هەواڵ و راپۆرت و بەدواداچوونێك. کەواتە دەبێ ئێستا وردتر و لێزانانەتر خەریکی کاری رۆژنامەوانی بین، شارەزایانەتر خۆمان لەو بابەتە هەڵقورتێنین، چونکەکاری رۆژنامەوانی جگە لەوەی بەهرەیە و پەیوەندی بە حەز و ئارەزووی کەسییەوە هەیە، بەڵام لەهەمانکاتدا پیشەیە و ئیتیك و رێسا و یاسا و چوارچێوە و تەکنیکی تایبەت بەخۆی هەیە، بەبێ لەبەرچاوگرتنیان پەیامەکەی ناگاتە ئەنجام.

 

لەرووی تیۆری و زانستییەوە پیشەیەکە تایبەت بە کۆکردنەوە و شیکردنەوەی هەواڵ و دڵنیابوون و بەدواداچوونی میسداقیەت و راستی و دروستی رووداوەکان و گەیاندنیانن بە خەڵك، بەشێوەیەکی راست و ورد و بابەتیانە و بێلایەنانە و لێبووردەیی و بەرپرسیارانە دەیانخاتە بەردەم خوێنەر و وەرگران، هاوکات پرەنسیپ و ئیتیك و ئەنجامدانی کار و چاڵاکی باشە. 


لەم یادەدا دەشێ بڵێین ئەمڕۆکە باشترین خزمەتێك بتوانین بەبواری رۆژنامەگەری کوردی بکەین دوورخستنەوەیەتی لە دەستی حزبی و سیاسی و ئاراستە ئایینی و مەزهەبی و تایەفی و دەستەگەرییەکان، بۆ ئەوەی بتوانرێت پەیامە راستەقینەکەی رۆژنامەگەری بگاتە شوێنی خۆی، ئەویش خزمەتکردنی مرۆڤە لەرێگەی دەستنیشانکردنی کەموکورییەکان و گواستنەوەی سەرجەم رووداو و سەربردەکان وەکو خۆی، بۆ ئەوەی بتوانرێت بە شێوەیەکی راست و دروست کێشەکانی کۆمەڵگا چارەسەربکرێن.

 

راستتر دەبێ بتوانرێت کاری رۆژنامەگەریی لە کاری حزبی و سیاسی جیابکرێتەوە، چونکە تێبینییەکی زۆر هەیە لەسەر تێکەڵکردنی ئەو دوو بوارە، زۆر کەس لەپەنای کاری رۆژنامەگەرییدا یان هەر بەو ناوەوە خەریکی کاری دیکەیە و مەبەستی دیکەی شەخسی و حزبی و سیاسی و مەزهەبی هەیە، هەر ئەمەشە وایکردووە ناو و چەمکی نێگەتیڤ بۆ ئەو بابەتە داتاشرێت و بدرێتەپاڵ رۆژنامەنووس، ناوی وەك (رۆژنامەنووسی حزبی، راگەیاندنکاری مەزهەبی و نەتەوەپەرست، مێدیاکاری دیینی و مەزهەبی) هتد.. کە لەراستیدا ئەوانە هیچیان خەمی سەرەکییان کاری رۆژنامەگەریی نییە بۆ خزمەتکردنی خەڵك و کۆمەڵگا، بەڵکو لە بنچینەدا ئەوان خەریکی کاری دیکەی سیاسی و حزبایەتیکردنن، ئەمەش زۆر بە روونی لە کۆمەڵگای کوردستانی و عێراقیدا بەدیدەکرێت!


پێویستە حزب و دامەزراوە و لایەنە سیاسیی و دامودەزگا حکومییەکانیش ئەوانەی کە کەناڵی راگەیاندن و سەکۆی رۆژنامەوانیان هەیە ئیدی ئەو راستییە بزانن ئەگەر دەیانەوێ لەرێگەی کاری رۆژنامەوانییەوە مەبەستی تایبەتی خۆیان بپێکن، بەوە ناکرێت رۆژنامەنوسان ناچار بکرێن ئینتیمای حزبی و سیاسیان هەبێت، لەو سۆنگەیەوە پەیامەکەیان بگەیەنن، بەڵکو پێویستە هەموو لایەك لەوە تێبگەن ئەوە پشتگیریکردن لە سەکۆی ئازاد و راگەیاندنی بوێر و رۆژنامەوانی راستگۆیە دواجار بە قازانج تەواو دەبێت، نەك کڕین و دەستەمۆکردنی رۆژنامەنووسان.


لەکۆتاییدا و بەو بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە سەرجەم رۆژنامەنووسانی کوردستان دەکەم، ئەوانەی کە لەو رێگەیەوە توانیویانە لەهەر کوێیەکدا کاری رۆژنامەوانیان کردبێت راستگۆیانە و ورد و بێلایەنانە مامەلەیان کردووە، بەو هیوایە ئەو بۆنەیە هاندەر بێت بۆئەوەی لە داهاتوودا کاری باشتر و جدیتر و راستگۆیانەتر ئەنجامبدرێن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی