لەبارەی بەغداوە

26/04/2019

پەیرەو ئەنوەر

 بەپێی دەستوری عیراق زمانی (کوردی و عەرەبی) دوو زمانی فەرمین لە عیراقدا و دەکرێت لە دەزگای قانوندانان، حکومەت، دەزگای بیرۆکراتی، دەسەڵاتی دادوەری، ڕاگەیاندن، پەروەردە و ناوەندەکانی تر... هتد هەردوو زمانەکە بەکاربهێنرێت.

 

ئاساییە کوردێک لە پەرلەمانی عیراق زمانی عەرەبی نەزانێت! یان بەزمانی کوردی قسەبکات و دەبێت وەرگێڕی بۆ دابینبکرێت. یەکێک لە کێشەکانی عیراق نەبوونی ناسنامە و بەرهەم نەهێنانی ناسنامەیە! ناسنامە بەو مانایەی تا ئێستا ئەو گڕوپە جیاوازانەی کە لەعیراقدا دەژین و ئامادەن نەتوانراوە هاوبەشی گشتی و هەستی گشتی و یادەوەری گشتییان لەنێواندا دروستبکرێت و بەیەکترببەسترێنەوە!

 

تا ئێستا کورد و عەرەب و شیعە و سوننە و پێکهاتەکانی تر خاوەن بونیادی کۆمەڵایەتی و سیاسی و مەزهەبی جیاوازن و هیچ کەناڵ و زمانێکی هاوبەش نییە بەیەکەوەیان بلکێنێت! با ئەندام پەرلەمانەکانی کورد لە پەرلەمانی بەغدا بە کوردی قسەبکەن و وەرگێڕییان بۆ دابینبکرێت!

 

با بەغدا پانتاییەک نەبێت بۆ هاوبەشبوون و لێکنزیکبوونەوە دەکرێت پانتاییەک بێت بۆ دەرخستنی جیاوازییەکان. دەکرێت عیراق بەرەو مۆدێڵی (دوو کیان و یەک جەستەی ماندوو و لاواز) ببرێت، عیراق منداڵێکی بێ دایک و باوکە و هەرگیز ناتوانێت ببێت بە خاوەنی ناسنامەی ڕاستەقینەی سیاسی خۆی! ناتوانێت ببێت بە خاوەن جەستە و پەیکەرێکی سیاسی و سەربازی بەهێز.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی