خێڵی سیاسی‌و حیزبی خێڵەكی

30/04/2019

مەجید ساڵح

 (1)
دامەزرێنەرانی پارتی لە ساڵی ١٩٤٦ تێكەڵێك بوون لە خەڵكی ناوچە جیاجیاكانی كوردستان، ئەوەی بۆ ئەوان گرنگ بوو بەدەستهێنانی مافەكانی كورد بوو نەك خێڵ و ناوچەكانیان.كاتێك مستەفا بارزانی بێ سێ و دوو وەك سەرۆكی پارتەكە قەبوڵكرا، كەس نەیوت ئەمە بادینیە یان بارزانییە.. لە مەندەلییەوە تا دەگاتە سلێمانی و كەركوك و هەولێر لاریان نەبووە لەوەی بادینییەك سەرۆكیان بێت.. لە مفەوەزاتی ساڵی ١٩٧٠ كاتێك سەدام لە بارزانی پرسیوە كام لەهجەی كوردی بكرێتە زمانی فەرمی ناوچەی حوكمی زاتی، زانیویەتی نیازی دروستكردنی دووبەرەكییە لە ناوكورددا، بێ بیركردنەوە و گەڕانەوە بۆ مەكتەبی سیاسی وتویەتی سۆرانی. ..

سەدام بۆ لێكترازانی كۆمەڵگای كوردی، لە هەشتاكاندا بەسەدان سەرۆك خێڵی پڕچەك كرد و گیانی ناوچەگەری و خێڵەكی تێدا زیندوو كردەوە و دەیان فەوجی خەفیفە و سەقیلەی بۆ دروست كردن و نفوزی كۆمەڵایەتی و ئابوری بۆ دروست كردن.. 

بەڵام لە راپەڕیندا هەموو رێسەكەی بویەوە خوری و كوردستان وەك جەستەیەكی یەكگرتوو لە دژی رژێمەكەی راپەڕین و كەم ناوچەی كوردستان هەبوو كە رزگار نەكرابێ یان راپەڕینی تێدا روونەدابێ.. راپەڕین كۆتایی بە نفوزی سەرۆك خێڵەكان هێنا..

هەموو ئەوانە ئاماژەن بۆ ئەوەی لەو سەردەمەدا خەڵك كوردانە بیری كردوەتەوە نەك خێڵانە و ناوچەگەریانە..

(2)
لەدوای راپەڕین، شەڕی ناوخۆ و یەكتر كوشتن، حزبەكانی ناچار كرد بۆ درێژەپێدانی شەڕەكانیان، پەنا بۆ شەیتان بەرن.. دوای بە كوشتدانی سەدان تێكۆشەر و پێشمەرگەی سەردەمی شاخ، پەنایان بۆ خێڵەكان برد، سەرۆك خێڵەكانیش كە لەسەردەمی سەدامدا لە نازو نیعمەتدا دەژیان، بەهەلیان زانی و بۆ گەڕانەوەی ئەو رۆژگارە، دەیان مەرجیان ببەسەر حزبەكان سەپاند و لەاكتەوە تا ئێستا پێگەی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابورییان لە ناو حزبەكاندا گەر زیاتر نەبێ لە تێكۆشەرانی سەردەمی شاخ كەمتر نییە.

ئێستا حزبەكەی مستەفا بارزانی، لە ناوچەی بادینان زاراوەی بادینی و رێنوسی بادینی كردوە بە زاراوەی فەرمی ناوچەكە.. خێڵەكان بە ئارەزووی خۆیان پەرلەمانتار دەنێرن بۆ پەرلەمان و خەڵك لە پۆستی گەورە و بچوك دادەمەزرێنن..

ئێستا هەموو بەرپرسانی حزبە سۆسیال دیموكراتەكە، لەسەرۆك كۆمارەكەی عێراقیەوە بگرە تا جێگرە ئازاكەی و فەرماندە جەربەزەكانی سەردەمی شاخ و تێكۆشەرە خۆراگرەكانی شار بەرزە پێ لەبەردەم سەرۆك خێڵدا دەوەستن و دەست بەسینە فەرمانەكانیان بۆ جێبەجێ دەكەن..

ئێستا خێڵ هەر بەوەوە نەوەستاوە قەڵەمڕەوی عەشیرەتەكەی دیاری بكات و لەسەر پەنجە حزبەكان هەڵ دەسوڕینن.. ئێستا حزب بوەتە خێڵ و خێڵ بوەتە حزب..

(3)
گەڕانەوەیەكی گەورە هەیە، بۆ سەردەمی سەردەمی سەدام و رژێمەكەی..

زیندووكردنەوەی خێڵ لەدەستی حزبەكان دەرچووە و ئێستا هاوكێشەكە لە دەستی وڵاتانی ئیقلیمیدایە، ئەوان كوردستانێكی خێڵەكیان دەوێ، بۆ ئەوەی لەسەر بەرمیلێك لەباروت بژی و هەركاتێك بیانەوێ بیتەقیێنەوە.. 

دەترسم لەمەولا خێڵەكان داوی دروستكردنی فەوج و لیوای تایبەت بە خۆیان بكەن، حزبەكانیش بۆ پاراستنی پێگەیان لە ناو خێڵەكاندا تۆپ و دەبابەیان بدەنێ.. دەترسم لەمەولا شەڕی خێڵ جێگەی شەڕی حزب بگرێتەوە.. 

دەترسم سەرۆك كۆماری عێراق و سەرۆك وەزیرانی هەرێم، لە جەنگی خێڵەكاندا لە پشتی سەرۆك خێڵەكانەوە وەستابن و فەرمانەكانیان جێبەجێ بكەن..

كۆمەڵگای ئێمە لە ئێستادا وەك میزی حوشتر بۆ دواوە دەگەڕێتەوەر.. كێ ئەم گەڕانەوە دەوەستێنێ..؟

لەو دیو تونیێلەكەوە تروسكایی نابینم...

مەجید ساڵح

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی