سەركردەی وەفادار

02/05/2019

لوقمان حاجی قادر

وشە و چەمك و زاراوەكان، بە گوێرەی ژینگەی مرۆیی و پلەبەندی شارستانی گەل و میللەتان، واتا و دەلالەتەكانیان وەك یەكنین، مرۆڤیش بە درێژایی كاروانی ژیانی خۆی لەسەر ئەم هەساریه،‌ واتای بەخشیوەتە ووشە و چەمك و زاراوەكان، لە كۆمەڵگا شارستانییەكان، ڕێژەییانە واتاكانیان بە گوێرەی پێودانگ و پێوەرێكی زانستی بابەتییانە كە زادەی ئەزموون و زانیاری بەدەستهاتوون جێگیر كردوون، بەڵام هێشتا لە ووڵاتە دواكەوتووەكاندا، زۆربەی ئەم ووشە و چەمك و زاراوانە واتا و دەلالەتی ڕاست و دروستی خۆیان وەرنەگرتووە و نەیانتوانیوە لە واتا باوەكەی كۆمەڵگا دەرچن و لێكدانەوە باوەكان تێپەڕێنن.

وەفاداری سەركردە لە ڕۆژهەڵات، وەك زۆر چەمكی دیكە موبتەلای دەرد و ئافاتی سیاسی و‌ كۆمەڵایەتی‌ بووە‌، لەمەشیاندا بۆ هەندێك سەركردە خێر و خۆشییە و بۆ هەندێكی دیكەشیان بەڵاو نەگبەتی و دەردەسەرییە.
 
لەهەرێمی كوردستان پرسەكە بۆ سەركردە سیاسییەكان هاوتای سەرۆكی خێڵ لێكدانەوەی بۆ دەكرێت، ئەوانیش بۆ ڕازیكردنی كەسە نزیكەكانیان زۆربەیان وەك سەرۆك خێڵ مامەڵەیان لەگەڵ دەورو پشتیان كردووە، چونكە كاتێك سەرۆك خێڵ لەناو حەشاماتەكەی سەركەوتوو دەر دەكەوێت، كە داكۆكی لە باش و خراپی ئەندامانی خێڵەكەی بكات، ئامادەیی هەبێت لەدەرەوەی یاسا سوڵح بكات، پارەبدات، هێز بەكاربهێنێت، كەموكورتییەكان قبوڵ بكات تا ئەندامانی خێڵەكەی لێی ڕازیبن و بەوەفاداری بزانن، ئەمەش ئەو ئەو سیفەتانەیە كە لە دیدی ئەوانەوە سەركردەی سیاسی وەفاداری پێدەناسرێتەوە.
  
ئێستا زۆربەی سەركردە سیاسییەكان بەرژەوەندییان لەگەڵ بازاڕ و بزنس تێكەڵاوە، ئەوان  ئێستا بە‌ تەواوی لە خانەی بەرژەوەندی گشتی دەرچوون و لە خەمی ئەوەدان پارێزگاری لە هەژموونی سیاسی و دارایی و كۆمەڵایەتییان بكەن، بۆ بەردەوامی ئەو دۆخە، بەشێك لەوەی دەستیان دەكەوێت دەیبەخشنە دەورو پشتیان و چاكەی پێوە دەكەن، بەشێوە عامییەكەشی بەوانە دەوترێت سەركردەی بەوەفا، بەپێچەوانەوە بەوانەی ئەو كارانە ناكەن، بەبێ وەفاو خۆپەرست دەناسرێن.  

ئەم پێڕه ‌سەركردە سیاسییانە، ڕێساكەی سەرەوەیان كردۆتە بنەمای حوكمڕانی، كردویانەتە میتۆد و تێز بۆ ڕاییكردنی كاروباری ڕەعیەت، هەربۆیە لە خەمی سەروەری ووڵات و نەتەوە و نیشتمان و هاووڵاتیبوون و مەدەنیەت و حوكمڕانی باش و دادگەری و شەفافیەتدانین، بەڵكو ئەمانە بەوەهم دەزانن و گاڵتەی پێدەكەن و تەنانەت دژیشیان دەوەستنەوە.
 
جوڵەی ئەوان لە دەرەوەی ڕێنماییە یاسایی و داراییەكانە، ماف بەخۆیان دەدەن وەك سوڵتانێكی بچوك لەو پارەی كەڵەكە بووی بەردەستیان سوود وەربگرن و هەموو شتیكی بن دەستیان‌ وەك موڵكی تایبەت بەكاربەرن، ئەمەش لەشكرێك مشەخۆری لەدەوریان دروست كردەوە كە خەریكی هۆنینەوەی پەخشان و شانامەن بۆیان و بەوەفادار دەیاناسێنن.

بەشی دووەمیان كە كەمینەن و بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن، بەربەڵاكانن؛  ئەوانەی بە بێ وەفا دەناسێنرێن، بەشێكی زۆریان لەوانەن كە خاوەن كیسە و باخەڵی پر پارەی دزراو نین، ئەوانە بوونەتە قوربانی ڕێسا باوەكانی سەكردایەتی باوی ڕۆژهەڵاتی.
 
گرفتی ئەم پەتا كوشندەیە ئەوەیە، تیمی یەكەم جگە لەوەی هەمیشە خاوەن حەشاماتێكن بۆ پێاهەڵدان، لەهەمانكاتیشدا زۆربەیان خاوەن دەزگای ڕاگەیاندنی گەورەشن بۆ جوانكردنیان، تیمی دووەمیش جێگەی لۆمەی ئەوانەن كە دەیانەوێت هەموو سەركردەكان وەك یەك بەخشەندەبن بەسەر پارەو موڵكی گشتییەوە و خۆیان سودمەندبن لێ، ئەم تێگەیشتنە نالۆژیكییە، تا ئێستا بەردەوامە و كەسیش نایەوێت لەوە بپرسێتەوە، سەرچاوەی ئەو پارە و زێدەماف (ئیمتیاز)  بەخشینەوەیە لە كوێوە هاتووە.

مێژوو دەڵێت لە كۆتایی كاروانەكەدا ، كە ڕێوییەكە بە تەڵەوە بوو، كە خاوەنی‌ تەڵە هات و هەق و حساب دەستیپێكرد؛ چارەنووسی ئەو دوو پێرە سەركردەیە وەك یەكنین و بگرە نێوانیان ئاسمان و ڕێسمانە.
 
پێڕی یەكەم كە "شا" یانە ژیاون و زۆرینەی هەرە زۆری دەوروبەری خۆیان ڕازیكردووە، بە زۆری وایە دوای تەمەنێك لە تێروتەسەلی و سەڵتەنەت، كەس ئیرەیی بە چارەنووسیان نابات، بە جەستە و یادەوەری دەبنە ئاردی نێو دڕوان كە بە‌ كەس كۆناكرێتەوە. بەهاری عەرەبیش نمونەیەكی جوانی كۆتایی چارنووسی ئەم پێڕە سەركردانە بوو كە بە چاوی سەری خۆمان بینیمانن چیان بەسەرهات.

پێڕی دووەمی كە بەربەڵاكانن و بەرگەی لۆمەی لۆمەكارانیان گرتووە و بە ئەندازی توانستی خۆیان زەویان كێڵاوە، سەرباری ئەوەی بەدەم داواكارییە ناڕەواكانی هاوڕێ و كەسە نزیكەكانیشیانەوە نەچوون و بەرگەی ساردی و گەرمی قسەكانی ئەوان و كەسانی دیكەشیان گرتووە، چارەنووسیان وەباشدەگەڕێ‌ و یادەوەریشیان بە بەرز و بڵندی لە دووتوێی پەڕەكانی مێژوو و نەوەی ئایندەدا دەمێنێتەوە.

جا لێرەوە و دوای ماوەیەكی زۆر لە حوكمڕانی، خەڵكی ڕاستی و دروستی ئەوەیان بۆ‌ دەردەكەوێت كێ بێوەفا بوو ، كێش وەفادار.

لوقمان حاجی قادر

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە