گۆڕان دەستکێشە سەوزەکەی بیرچووە

06/05/2019

دەلیل جەمال


گەرچی ڕێککەوتنی لایەنەبەشدارەکانی کابینەی ۹زۆر دواکەوت بەڵام کورد وتەنی زەرەر لەنیوەدابگەڕێتەوە باشترە ئەمە هێشتا کۆتایی نییەو جەولی دیکە ماون لەنێوانیاندا بەتایبەت لەنێوان یەکێتی و گۆڕان پێویستی بە ڕێککەوتن و گفتووگۆ هەیە. بەڵام مایەی دڵخۆشیە ڕێککەوتن و پێکهێنانی حوکمەت. هەوڵدەدەم لەم وتارەدا کون وکەلەبەرو کەموکورتییەکان بخەمەڕوو کەچی ماوەو چی دەبێت بکرێت؟

هێشتا کاک مسعودیش ماوە

هەڵبەت پارتی مەبەستییەتی دواجار ڕێککەوتنەکان بباتەوە لای کاک مسعود بەجۆرێک خاتمەی پێکهێنانی حوکمەت دەباتەوە بارەگاکەی بارزانی، دەکرێت کۆبوونەوەی کۆتایی یان بڵێم سێ قۆڵی بەحزووری کاک مسعود دەبێت، پارتی مەبەستییەتی لەگەڕی کۆتایی کۆبووناوەکان کاک مسعود بخەنەوە ناو بازنەی ڕێککەوتن و کۆبوونەوەکان، بەدیوێکی تر شەرعییەتدان بە بارەگای بارزانی و خودی کاک مسعود، چونکە لەکۆتایدا کاک مسعود ڕاسپاردەی دەبێت، بەتایبەت لەبەر کوڕەکەی مسرووربارزانی کە یەکەمجارە دەبێتە سەرۆک وەزیران و ئەزموونی تازەیە.

ڕێککەوتنێکی ترماوە.

ڕاستە هێزی یەکەم لەڕووی کورسی پەرلەمانی حوکمەت پێکدەهێنێت و ڕێککەوتن دەکات تائێرە پارتی بەم کارەهەستاوەو خەریکە دەگاتە کۆتایی و نەرمیشی نواندووە لەبارەی پۆستەکان  بەڵام نابێت بیرمان بچێت هەرێمی کوردستان واقع ودیفاکتۆیەکی تری هەیەو لەدەروەوەی ئەو عورفە دیموکراسییەدایە، هەموومان دەزانین و پێویست ناکات قەوانەکە لێبدەینەوە ئەویش بوونی یەکێتییە لەناو مەعەدەلەی ڕێککەوتنەکان بەبارتەقای پارتی کەهێزی یەکەمە یەکێتیش زەروورە دان بەڕێککەوتنەکان و کابینە نوێکەدا بنێت،

کەواتە بۆگۆڕان تەنها ڕێککەوتن لەگەڵ پارتی تەواوی هاوکێشەکە نییەو زەروورە بەبارتەقای پارتی لەیەکیتیش نزیک بێت و ڕێککەوتن بکات ئەزموونی ڕابردوو گەواهیدەرەی ئەم ڕاستییەیەیە. بەتایبەت کەئێستا گۆڕان شەریکی حوکمەتە خۆجێییەکەی یەکێتییە لەژێر قەڵەمڕەوییەکەیدا بۆئایندەش هەرپێویستی بەیەکێتی دەبێت.

بەڵێنەکەی پارتی بۆگۆڕان ناتەواوە.

ڕێککەوتنی نێوان گۆڕان و پارتی یەک ڕێککەوتن بەڵام دوو بەشە بەشێکی دابەشکردنی پۆستەکانە بەشەکەی تری پرسی بەرنامەی حوکمەت و مەسەلەی چاکسازییە، هەموومان دەزانین بەتەنها بەڵێنی پارتی بەس نییە و یەکێتیش دەبێت ئامادەبێت، بۆیە چاکسازی بەبێ یەکێتی مەحاڵەو نابێت چونکە هێزی پێشمەرگە و دارای و داهات و دەسەڵات هتد بەشێکی لای یەکێتییەو گۆڕان بەڵێن و بەرنامەکەی ناگاتەجێ گەر لەگەڵ یەکێتیش ڕێککنەکەوێت،

ڕێککەوتنەکەی یەکێتی و پارتی وردترە تاگۆڕان وپارتی.

گۆڕان بەیەک ڕێککەوتن لەگەڵ پارتی چووەتە پێشەوە بۆیە یەک واژۆ هەیە لەحاڵەتێکدا گەر لەگەڵ پارتی کەوتە دنەدنەوە ئەوا تەواوی ڕێککەوتنەکە دەکەوێتە مەترسییەوە ، بەپێچەوانەوە یەکێتی لەگەڵ پارتی بەدوو ڕێککەوتن چووەتە پێشەوە 

ڕێکەوتنی سیاسی 
بریتیە لەبەرنامەو ئاراستەی سیاسی لە بەغداو کەرکووک و هەرێم کە یەکێتی کردییە یەک پاکێج ئەم ڕێککەوتنە سەربەخۆیەو پەیوەندی بەڕێککەوتنی دووەمەوە نییە

ڕێککەوتنی دووەم یان ڕێککەوتنی پشک و پۆست

یەکێتی لەڕێککەوتنی دووەمدا لەگەڵ پارتی داوی پشک و پۆست و بەرکەوتەی خۆی کردووە لەناو حوکمەت ئەمەش واژۆکراوە بۆیە یەکێتی ژیرانە هەردوو مەلەفەکەی تێکەڵ بەیەکتر نەکردووەو سەربەخۆن وکەمتر کاریگەریان دەبێت، بەپێچەوانەی گۆڕان کەهەردوو مەلەفەکەی تێکەڵەو یەک ڕێککەوتنە هۆکارەکەش پەلەپەلی گۆڕان بوو بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ پارتی.

بەرلە ڕێککەوتنی سێ قۆڵی چی گرنگە؟

گۆڕان پێویستە بەرلە ڕێککەوتنی سێ قۆڵی ئەگەر هەیە بەحزوری کاک مسعود بێت، دەبێت لەگەڵ یەکێتی دابنیشێت و گفتوگۆبکات و پەیوەندییەکانی ئاسایی بکاتەوە تابتوانێت هیچنا بەڵێنی چاکسازی و مانەوەو بەردەوامی لەحوکمەت مسۆگەر بکات ، بەتایبەتیش گۆڕان زیاتر بەرکەوتنی لەگەڵ یەکێتی هەیەو دەبێت لەحوکمەتدا، بۆگۆڕان ئاسان نابێت تەنها لایەکی هاوکێشەسیاسی و حزبییەکە ببینێت.  بۆگۆڕان ڕێککەوتن لەگەڵ یەکێتی هێندەی بگرە زیاتریش لەڕێککەوتن لەگەڵ پارتی گرنگە. تەوقەکردن بۆ گۆڕان پێویستە بەهەردوو دەستبێت نەک دەستێک بۆتەوقەکردن لەگەڵ پارتی و دەستەکەی تری لەگیرفان نابێت تەوقەکردنێکی لەگەڵ یەکێتی ماوە بۆ تەواو کردن و ئاشتەوایی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی