ھەڵبژاردنەوەی شارەوانی ئیستانبۆل و کێشەی کورد

06/05/2019

ئارێز عەبدوڵڵا


لە ھەڵبژاردنی شارەوانیەکانی تورکیا دەرسێکی باش بە ئەردۆگان درا، بە دۆڕاندنی لە شارە گەورەکانی وەک ئیستانبۆل، ئەنکارا، ئەزمیر و دیاربکر خەونە گەورەکەی ئەردۆگان ھاتۆتە سەرلێواری پوچەڵبونەوە، بۆیە ھەموو توانای خۆی خستە گەڕ تاکو ھەڵبژاردنەوە لە ئیستانبۆل دووبارە بکرێتەوە. دیارە ئەردۆگان بەبێ پشتیوانی و پشتگیری شاری ئیستانبۆل لە ھەڵبژاردنەکانی داھاتووش رووبەڕووی شکستێکی گەورەتر دەبێتەوە، بۆیە ھەرچی توانای خۆی ھەیە دەیخاتەگەڕ تا ئەمجارە بیباتەوە و شکستەکەشی بشارێتەوە.
 ئەردۆگان جێدەستی زەبری کوردی بینی و دەزانێ ئەگەر کورد نەبوایە جەھەپە نەی دەتوانی لە ئەنکارا و ئیستانبۆل بباتەوە. ئێستا ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن کە ئەردۆگان لەبارەی کێشەی کورد بەخۆیدادەچێتەوە، بەڵام ئایا دەتوانێ متمانەی ھەدەپە وەدەست بێنێ یان نا؟ 
زمانی ئەردۆگان و حکومەتەکەی نەرمترە و رێگەدانی پارێزەران بەسەردانیکردنی ئۆجەلان نیشانەی سەرەتایەکی نوێن لە تورکیا، بەڵام ئایا لە پێناوی سەرخستنی پڕۆژەکەی چ پڕۆژەیەک دەخاتە بەردەم کورد؟  جارێ زووە بۆ ئەو وەڵامە، بەڵام واپێدەچێ دیالۆگێکی نوێ دەست پێدەکاتەوە و لەبەرامبەریشدا رەنگە جەھەپەش بۆ چارەسەری کێشەی کورد وتارەکەی باشتر بکا. 
ئێستا ھەردوو لایەنی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن ئەوپەڕی پێویستیان بە ھەدەپە ھەیە و ھەدەپەش لە رابردوودا یارییەکی سەرکەوتووی کرد و چاوەڕوانی سەرکەوتنی تریشی لێ دەکرێ.


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی