دەبێت پەکەکە ئەم هەلە لەدەستنەدات پێش ئەوەی ئەردۆگان دژیان بەکاری بهێنێت

06/05/2019

زاهیر باهیر


هەواڵی گەورەی ئەمڕۆی سۆشیالمیدیا چوونی پارێزەرەکانی ئۆجەلان بوو بۆ ئیمراڵی .
ئۆجەلان لە 07/04/2015 مافی دیتنی پارێزەر و هەڤاڵەکانی و هیچ کەسێکی دیکە  جگە  لە موحەمەدی برای نەبووە.  هەواڵەکەی ئەمڕۆ، هەواڵێکی گرنگ و  خۆشە هیچ نەبێت گیانی سەدەها کەس لە مانگرتوان کە بۆ  ڕزگارکردنی ئۆجەلان لە دۆخی بەندکردنی تەنهاییە، بەردەوامە  بۆ شکاندنی  مامەڵەی نامرۆڤانەی دەوڵەتی فاشی تورکیا.
لەگەڵ ئەوەشدا کە هەواڵێکی گرنگ و باشە نە ئاهەنگێڕانی دەوێت و نە پیرۆزباییکردن لە خۆو نە شتێکی دیکە .  بەڵکو ئەوەی کە گرنگە بەکارهێنانی ئەم دەرفەتەیە بە گەڕانەوەی بە قازنجی کوردانی باکور و تورکیا هەمووی .  ئەوەی ئاشکرایە ئەردۆگان زیرەکترین و فڵێڵبازترین سیاسیی سەردەمە و کردنەوەی ئەم دەرگایەش لەسەر ئۆجەلان بۆ قازنجی خۆیەتی و  نابێت پشت نە بە حکومەتی ئاکەپە و نە بە دامەزراوەی دەوڵەتی تورکیا، ببەسرێت، ئەوان نایانەوێت وا بە ئاسانی کێشەی کورد لابەلابکەنەوە. 
ئەزموونەکان دەبێت فێریان کردبێتین کە ئەردۆگان زەروورە بەم وەرچەرخانە، گەر بزانێت شەر لە قازانجێتی ئەوە بەردەوامی پێدەدات .  لە شەڕەکەیا توانی تەواوی ئەو بەرنامەی کە هەیبوو بیخاتە کار کە سەپاندنی شەڕ بوو بەسەر پەکەکەدا هەم بۆ وێرانکردنی زیاتری کوردستان و هەڵکەندنی دانیشتوانی و هێنانەوەی شارەوانییە ئازادەکان بوو بۆ ژێر دەسەڵاتی حکومەت و گرتنی زۆرێك لە ئەندامان و دۆستانی هەدەپە بە هاوسەرۆك ئەندام پەڕلەمنانتارەکانیشیانەوە و  کوشنتی خەڵکانێکی زۆرو گرتنی گەلێکی تر و هاندانی  ئەوروپا و ئەمریکا لە دەرنەهێنانی پەکەکە لە لیستی تیرۆریستان، پەکخستنی پرۆژەکانی دیکەی کورد لە باکور و  .. . ئیدی شتێك نەما لە باکوردا کە ئەردۆگان و حکومەتەکەی بە گوێرەی پلانە داڕێژراوەکەی، نەیانکردبێت .   ئێستاش بەم بڕیارە تازەیەی کە داوێتی شتێك نییە بەڵکو  پێویستیێتی چونکە لە تەریكبوونی تەواودایە، ئەمەریکا  و ئەوروپا بە هەڵوێستەکانی  دڵخۆش نین و پەسەندی ناکەن، هێزی موعارەزە گەورەتر بوووەتەوە ، ئەستەنبول و  ئەنقەرەی دۆڕاندووە، لە ڕوووی  ئابووریەوە داکەوتووە، سیاسییەنیش خەریکە ڕوت و ڕەجاڵ دەبێت.  لەبەر هەموو ئەمانە ئێستا پێویستی بەوە هەیە کە ڕێگا بدرێت کە ئۆجەلان ببینرێت و تا ڕادەیەکیش رەنگە بیەوێت فشەدانوسانێك لەتەك پەکەکەدا بکات، لەبەرئەوەی کە  لە ئێستادا ئەمە  لە قازانجێتی .
ئەی پەکەکە دەبێت چی بکات؟
پەکەکە دەبێت ئەم هەلە بقۆزێتەوە،  هەموو جۆرەکانی شەڕ بوەستێنێت تەنانەت ئەگەر یەکلایەنانەش بێت و  ئەردۆگان هیچ هەنگاوێکی زیاتر نەنێت .  دەکرێت ئەم هەلە بۆ پەکەکە ببێتە دەسبەرداربوونی بزوتنەوەی چەکداری و گواستنەوەی خەباتی هەم  بۆ قۆناخی  خەباتی جەماوەریانە و هەم بۆ شار و شارۆچکەکان و هاوکاری و کاری هاوبەشیی لە تەك کرێکاران و زەحمەتکێشانی تورکیا و ئەو ڕێکخراوە سۆشیالیستیانەی کە لەوێ هەن بکات .  پەکەکە دەبێت چی تر بیانوو بە ئاکەپە نەدات لە وێرانکردنی زیاتری کوردستانی باکور و کوشتن و بڕین و ماڵکاولکردن و گواستنەوە و هەروەها بۆمباردکردنی خۆیان لە قەندیل و ئەو بەشەی باشووریش. 
 ئیتر کاتی ئەوە هاتووە کە پەکەکە ئەوە تێبگات کە شەڕ ، شەڕو ماڵکاولیی  و وێرانکاریی دەهێنێت و هەمیشەش بە قازانجی دەوڵەت و حکومەتەکەیی و چین و توێژاڵی باڵادەست و بە زەرەری کوردستان و کوردانی باکور و خەڵکانی هەژار و کرێکارانی تورکیا تەواو دەبێت و پێگەی ڕایسسیزم و فاشیزم بەهێز و بەهێزتر دەکات .  ئیدی کاتی بای بایە لە بزوتنەوەی چەکداریی و سەرقاڵبوون بە کارو خەباتی  جەماوەریی و چالاکی جەماوەریانەوە و کارکردنی جددی لەسەر پرۆژەی دیمۆکراتیکی کۆنفیدراڵیزم و پرۆژەی خۆسەریی و پرسی هاوسانی جێندەیی و کێشەی ئیکۆلۆجی.     

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی