بەم (وێستگە)یەشدا تێپەڕین

08/05/2019

ڕاوێژ وشیار

دوای زیاتر لە ساڵ و نیوێك لە پەیوەندی كردنم بە جوڵانەوەی نەوەی نوێوە و كاركردن لە ناو خوێندكارانی نەوەی نوێ و بەشداری كردنم وەك ئەندام لە كۆنگرەی دامەزراندندا ، ئەمڕۆ كاتێتی لەم وێستگەیەش تێبپەڕم ، بەمانەیەكی تر ئیدی من بەشێك نیم و نابم لەم جوڵانەوەیە و لەمڕۆوە دوور و نزیك ھیچ پەیوەندیەكم پێیەوە نییە ، بێ گوومان بێ ھۆكار نییە و كۆمەڵێ ھۆكاری خۆی ھەیە دیارترینیشیان ئەمانەن : 
١- وەڵام نەدانەوە و گوێ نەگرتنی سەرانی جوڵانەوەكە بە تایبەت سەرۆكی جوڵانەوەكە بۆ ھیچ تێبینی و سەرنجێك ( بەنمونە : پار ساڵ لەگەڵ ھاوڕێم كاك دانیار عوسمان ڕاپۆرتێكمان لەسەر پەیڕەوی ناوخۆو كەمو كورتیەكانی پێشكەش كرد بەڵام دوای تێپەڕینی ساڵێك بە وشەیەكیش وەڵام نەدراوینەتەوە)

٢-تێنەپەڕاندنی ئەو مۆدێلە لە حیزبایەتی كە گۆڕەپانی سیاسی ئەم ھەرێمەی تەی كردووە، وەك تەخوین و تەجسیس و ھەڕەشەو تەواوی ئەو كارانەی دی كە بۆتە خۆرەی سەری سیاسەت  .

٣-نەمانی ھیچ جۆرە كارێكی ڕێكخراوەیی لە جوڵانەوەكەدا ، بە تایبەت لە دوای مانگی فێبرایەری ئەم ساڵەوە . 

٤- بوونی فەراغی یاسایی و دامەزراوەیی ، بەنمونە دوای ساڵێك و چەند مانگ لە تێپەڕاندنی پەیڕەو تاكو ئێستا دەستەی گشتی ھەڵنەبژێردراوە ، كە بەپێی پەیڕەو باڵاترین دەسەڵاتی جوڵانەوەكەیە و توانای لێپرسینەوە و لێ پێچینەوەی لە ئەندامانی ئەنجومەنی باڵاو سەرۆكی جوڵانەوەكە ھەیە . 

تێبینیەكی بچوك / دەست لەكاركێشانەوەی ئەندام وەك لە پەیڕەودا ھاتووە ،بە نوسراوێكی ئاڕاستەكراو دەبێ بەڵام لەبەرنەمانی پەیوەندی ڕێكخراوەی وەك لە خاڵی سێیەمدا ئاماژەم پێدا ناچار لێرەوەو لە ئەكاونتی خۆمەوە دەست لەكاركێشانەوەكەم دانا، 

بمێنن بە خێر .

ڕاوێژ وشیار

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی