بەخێرهاتن و كرانەوەی سیستەمی خێڵەكی

09/05/2019

كەمال محەمەد

ئەو هێزە سیاسییانەی كە لە رابردودا پەرچەكردار و پرۆژەیان بەرامبەر سیستەمی سەرۆكایەتی و عەقڵییەتی خێڵەكی و دەست بەسەرانی گرتنی كۆی جومگە سیاسی و حكومڕانییەكانی ئەم هەرێمەدا نیشان ئەدا و دژی تەورێسی سیاسی بون  ئەوا ئەمرۆ لە رێگەی هەموار و كاراكردنەوەی پڕۆژە یاسایەكەوە كە بزوتنەوەی گۆڕان ئامادەی كردبو كە بە باڵای ئەجێنداكانی پارتی دارێژراوە لە روی سیستەمی سیاسی و دەسەڵاتدارێتیدا لەلایەن هەرسێ فراكسیۆنی پارتی و گۆڕان و یەكێتییەوە پەسەند كرا ،ئەمەش زەبرێكی كوشندەو مەترسییەكی گەورەیە بۆ داهاتوی ئەم هەرێمە كە لە قۆناغەكانی داهاتودا دەردەكەوێت ، بێگومان ئەم شێوازەی زەوتكردنی كۆی جەمسەرە گرنگەكانی ئەم هەرێمە لەلایەن پارتییەوە رێگا لە پێش كێشەی قورستر ئەكاتەوە بۆ داهاتوو بەجۆرێك هێزەكانی دەرەوەی خۆی بە پاشكۆیی یان بە پاشكۆ هێشتنەوە رزگاریان نەبێت ،

ئەم قۆناغە سیاسییەی كە هەرێمی كوردستان پێیدا تێپەر دەبێ لە چوارچێوەی قەیرانێكی سیاسیدا خۆی دەبینێتەوە كە كاریگەری نەرێنی هەیە بۆ كۆی پرۆسەی سیاسی و خودی مانای سیاسەتیش لای تاك و پەردە لەسەر واقعێكی ئازاربەخش هەڵ ئەداتەوە كە تیایدا هەلی یەكسانی و دیموكراتیزەبون ناهێڵێت ،بۆیە دەكرێت بپرسین ئایا ئەو سیستەمەی گۆڕان و یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان بەخێرهاتنیان كرد و دەنگیان پێداو ناویان لێ ناوە سیستەمی پەرلەمانی لە كاتێكدا سەرۆك بە هەمو دەسەڵاتەكانییەوە ئەمێنێتەوە و پەرلەمانیش مافی لێپرسینەوەی سەرۆكی نییە ئایا هاوشێوەی ئەو سیستەمە پەرلەمانییەی عێراق و وڵاتانی دیكەیە كە پەرلەمان تێیدا باڵادەستە و جۆری سیستەمەكەشیان پەرلەمانییە یاخود نا  بێگومان نەخێر ،

پارتی هەمیشە لە رێگەی ململانێكانی هێزەكانی زۆنی سەوزەوە توانیویەتی دەرفەتی ئەوتۆ و لەبار بۆ سەپاندنی ئەجێنداكانی خۆی بەدەست بهێنێت  ،چون سەختتر بونی كێشەكانی نێوان ئەم هێزانە زیاتر دەستی پارتی ئاوەڵا كردوە بۆ ئەوەی هەمیشە خۆی وەك حاكمێكی رەها ببینێتەوە ،ئەمەش هۆكارێك بوە بۆ دروستكردنی دەسەڵاتێكی خۆسەپێن و خێڵەكی  و زیاتر لێكترازانی گەل لە پرۆسێسە سیاسییەكاندا ،بۆ ئەوەی تاكێك یان هێزێكی سیاسی تەندروست بنیاد نەنرێت  كە مەترسی بێت بۆ سەر بەرژەوەندییە سیاسی و خێڵەكییەكانیاندا ،

ئەوەی ئەمرۆ لە پرۆسەی سیاسیدا ئەگوزەرێت  دەرخەری ئەو راستییەیە كە شەرەكانی سیستەم لە دژی دەسەڵاتی خێزانی نەبوە بەڵكو شەرێكی دژواری ئەو حەقیقەتە بوە كە ئۆپۆزسیۆن بەرادەی قازانج و دەسەڵاتی خۆی لە ناو ئەم سیستەمەدا بە بەرزترین ئاست بگات ،ئەمەش زەبرێكی كوشندەی لە حەقیقەتی كۆمەڵگا و سیستەمێكی سیاسی هاوچەرخ داوە ،بۆیە بەم دۆخەی ئێستاوە  تاكرەوێتی و دەستبەسەراگرتنی جومگە سیاسییەكان لە لایەن سیستەمێكی خێڵەكیەوە تەنها رەوشێك نابێت بۆ بەردەوامبون بەڵكو كۆی پرۆسێسە سیاسییەكانیش والێدەكات كە نەتوانن باڵابونی خۆیان بەرامبەر بە عەقڵییەتی خێڵەكی و سەرمایەداری بسەلمێنن ،

پارتی تەواو ئومێدی ئەوە بوو كە سیاسەت بەو سیستەمە بگات بە باڵای  بنەماڵەی بارزانیدا دابتراشرێت ،بۆ ئەوەی تەواوی رەهەندەكانی ئایدۆلۆژی و سیاسی و سەربازی و دۆسییەكانی نەوت و پەیوەندییەكانی دەرەوەو بریارە چارەنوس سازەكان لەدەست خۆیدابێت ،هەرچی ئەو ئومێدە سیاسیەشی كە هەیەتی لە رێگای پرۆژە یاساكەی گۆڕان و پەسەندكردنی لەلایەن زۆرینەی پەرلەمانتارانەوە بۆ مەیسەر بوو ،بۆیە بەگەرمی بەخێرهاتن و كرانەوەی ئەم سیستەمە خێڵەكییە لە لایەن هێزەكانی دەرەوەی پارتی  بەرامبەر بە مێژوو خۆیان لە ژێر باری بەرپرسیارێتییەكی قورسدا ئەهێڵنەوە .

كەمال محەمەد

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی