سیستمی سەرۆکایەتیی یان سیستمی پەرلەمانیی کامیان بۆ کوردستان باشترە

09/05/2019

شێرکۆ کرمانج


ئەم بابەتە بە چوار بەش لێرە بڵاودەکەمەوە، هەر ڕۆژەی بەشێک
١-٤
سەرەتایەک 
لە رۆژی ٢٢-٨-٢٠٠٦ یەکەمین رەشنوسی دەستوری هەرێمی کوردستان خرایەبەردەستی هاوڵاتیان بۆ سەرنج‌و تێبینی‌ نوسین بەمەبەستی دەوڵەمەنترکردنی. دیارە بێجگە لە سەرنج‌و تێبینی، رەشنوسەکە رەخنەیەکی زۆریشی لەلایەن سیاسەتوانان‌و پارێزەران‌و پسپۆران‌و ئەکادیمان‌و رۆژنامەوانان لێگیرا. رەخنە زۆرەکان مانای ئەوە نەبوون کە دەستورەکە هیچ خاڵی باشی تێدا نییە بەڵام رەشنوکە هەندێک ماددەو بڕگەو چەمک‌و پەیامی لەخۆگرتبوو کە جێگای هەڵوەستەکردن بوون‌و نەدەکرا بەسەریاندا تێپەڕین. سەرەڕای ئەمە، دەستورە رەشنوسەکە بە دەستکارییەکی زۆر کەمەوە لە هاوینی ٢٠٠٩ لە پەرلەمانی کوردستان دەنگی لەسەردراو تێپەڕێندراو بوو بە پڕۆژە دەستور.
بەپێی بڕیارو پێکهاتنەکانی پەرلەمان دەبوایە پڕۆژە دەستورکە لەلایەن خەڵکی هەرێمەوە دەنگی لەسەر بدرایە بۆئەوەی ببێت بە دەستورێکی هەمیشەیی.
ئەوە بۆ سێزدە ساڵ دەچێت کەچی پرۆژە دەستورەکە هەروا لە چاوەڕوانی ئەوەدایە بخرێتە دەنگدانەوە. دیارە بێجگە لە رەخنەکانی خەڵکی کوردستان پرۆژەکە رەخنەی لایەنە عێراقییەکانیشی لێکەوتەوەو ئەمریکاش وەدەنگ هات، واپێدەچێت ئەمانە هەموو هۆکار بووبن بۆ راگرتنی دەستورەکەو نەناردنی بۆ دەنگدان.
لە دوای خۆپیشاندانەکانی ٢٠١١ رەخنەکان لەسەر پرۆژەکە چڕتربوونەوەو پەرلەمانی کوردستان بڕیارێکی دەرکرد بە کۆی دەنگ بۆ گێڕانەوەی پرۆژەکە بۆ پەرلەمان. ئەم بڕیارە دیزە بە دەرخۆنەی پێکرا. بەڵام دوای ئەوەی جەلال تاڵەبانی، سەرۆک کۆماری عێراق‌و سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەگەڵ نەوشیروان مستەفا ئەمین، رێکخەری بزوتنەوەی گۆڕان کۆبوونەوەیەکیان لە ٢٤ ئەیلولی ٢٠١٢ کرد، هه‌ردوولا لە بەیاننامەیەکدا هاوڕایخۆیان دەربڕی له‌سه‌ر گه‌ڕاندنه‌وه‌و هه‌مواركردنی پرۆژە دەستورەکە "به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ ته‌وافوقی هه‌مولایه‌نه‌كانی له‌سه‌ر بێت‌و سیستمی سیاسی كوردستان له‌گه‌ڵ بنه‌مای سیستمی سیاسی عیراق، كه‌ له‌ ده‌ستوری عێراقدا په‌سه‌ندكراوه‌ بگونجێنرێت‌و بكرێت به‌ سیستمی په‌رله‌مانی" (ماڵپەڕی سبەی ٢٤ ئەیلولی ٢٠١٢).
یەکێک لەو ماددە سەرەکییانەی کە پێش کۆبوونەوەکەی گۆڕان‌و یەکێتی‌و دواتریش مشتومڕێکی زۆری لەسەر کرا سیستمی سیاسی/حوکمڕانی هەرێم بوو وەک ئەوەی لە دەستورەکە پێناسەی بۆ کراوە کە مەبەست لێی ئەوەیە بکرێت بە سیستمی پەیڕەوکراو لە کوردستان لە دواڕۆژ، ئەمە ئەگەر نەڵێین کە هەر ئێستاکانی پێش دەنگ لەسەردانیش پەیڕەو لە سیستمی سەرۆکایەتی دەکرێت. بەپێی پرۆژە دەستورییەکە کوردستان هەرێمێکە لەناو دەوڵەتی فیدرالی عێراق کە "سیستمە سیاسییەکەی پەرلەمانی، کۆماری، دیموکراتییە". دیارە ئەوەی لە واقعدا ئێستا پراکتیز دەکریت یەکناگرێتەوە لەگەڵ پێناسەکە چونکە سیستمی کۆماری/سەرۆکایەتی نەک پەرلەمانی لە کوردستان پەیڕەودەکرێت. هاوکات ئەوەی کە پێناسەش کراوە هەر هەڵەیە چونکە ئەو سیستمەی کە مەبەستە لە پێناسەکە سیستمی پەرلەمانی کۆماری نییە بەڵکو سیستمی نیمچە-سەرۆکایەتییە/کۆماریییە، وەک لە ماددەکانی دیکەی دەستورەکە دەردەکەوێت.
لە چەند ڕۆژی ڕابردو جارێکی دیکە پرسی جۆری سیستەمی سیاسی لە هەرێم لە پەرلەمانی کوردستان گفتوگۆ کرا. ئەمجارە نەک لە چوارچێوەی دەستوری هەرێم بەڵکو لە میانی یاسای كاراكردنه‌وه‌ى دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمى كوردستان. یاسای كاراكردنه‌وه‌ى دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمى كوردستان بەناڕاستەخۆ سیستەمی سەرۆکایەتی لە هەرێمی کوردستان، لانیکەم تا پەسەندکردنی دەستوری هەمیشەیی، دەسەپێنێت. بۆ بەچاکی دەزانین جارێکی دیکە ئاوڕ لەو بابەتە بدەینەوە. 
وتارو باسی دیکە زۆر نوسراوە لەسەر ئەم بابەتەو زۆربەیان کۆکن لەسەر ئەوەی کە سیستمی سه‌رۆكایه‌تی به‌كه‌ڵكی كۆمه‌ڵگای کوردستانیی نایه‌ت‌و پێشنیازی سیستمی پەرلەمانی دەستوری دەکەن. ئەم بابەتە کە بە چوار بەش بڵاودەکرێتەوە هەوڵدەدات بە گەڕانەوە بۆ ئەو لێکۆڵینەوە زانستییانەی لەسەر ئەزموونی گەلان‌و وڵاتانی دیکە ئەنجامدراون پەنجە لەسەر چەند بابەتێک دانێت. لەوانە، یەکەم، ناساندن‌و پێناسەی هەردوو مۆدێلە سیاسییەکە، پەرلەمانی و سەرۆکایەتی‌، ئاوڕێکیش لە نیمچە سەرۆکایەتی دەداتەوە. دووەم، خاڵە بەهێزو لاوازەکانی هەردوو مۆدێلەکە‌. سێیەم، هەر بە پشتبەستن بە لێکۆڵینەوەکان هەوڵدەدات کە پێشنیازی ئەو مۆدێلە بکات کە بە گونجاوتر دەزانرێت بۆ ئەو وڵاتانەی وەک کوردستان لەسەرەتاکانی گەشەی دیموکراسیدان.

ناساندن‌و پێناسەی سیستمی پەرلەمانی‌و سەرۆکایەتی
چەندین سیستمی سیاسی بۆ حوکمڕانی لە جیهاندا هەیە، بەڵام مەبەستی ئەم بابەتە قسەکردنە تەنها لەسەر دوو مۆدێل: پەرلەمانی (وەک بەریتانیا، ئوسترالیا، ئەڵمانیا) لەگەڵ سەرۆکایەتی (وەک ئەمریکا). کە باس لە سەرۆکایەتی دەکەین مەبەستمان سیستمە نیمچە-سەرۆکایەتییەکانیشە (وەک فەرەنسا)، کە تێیاندا هەم سەرۆکێکی راستەخۆ هەڵبژێردراو هەیەو هەم سەرۆک وەزیرانێکی کاندیدکراو لەلایەن سەرۆک‌و دەنگپێدراو لەلایەن پەرلەمان. باس لە سیستمی دیموکراسی تەوافیقی‌ ناکەین (وەک سویسرا). سیستمە نادیموکراسییەکانیش لە باسەکە وەلانراون چونکە خەمی ئێمە ڕزگاربوون‌ یان ڕێگریکردنە لەم ئەزمونانە نەک کۆپیکردن‌و لاسایکردنەویان.
سیستمی پەرلەمانتاری مۆدێلێکی دیموکراسی حوکمکردنە کە تێیدا حکومەت (دەسەڵاتی جێبەجێکەر/کابینە) شەرعیەت لە پەرلەمان (دەسەڵاتی یاسادانان/تەشریعی) وەردەگرێت‌و بەرپرسیشە لە بەرابەری، واتە پەرلەمان وەک دەزگایەک کە نوێنەرایەتی گەل دەکات چاودێری‌و لێپێچینەوە لە حکومەت دەکات. لەم حاڵەتە حکومەت‌و پەرلەمان تێکئاڵاون‌و تەواوکەری یەکدین. لە سیستمی پەرلەمانی دیموکراسی سەرۆکی دەوڵەت (head of state) کەسێکی جیایە لە سەرۆکی حکومەت (prime minister). لەم جۆرە سیستمەدا دەکرێت پاشا/ئیمپراتۆر یان حاکمێک ببێت بە سەرۆکی دەوڵەت/هەرێم‌و رۆڵێکی تەشریفاتی وەربگرێت (وەک بەریتانیا، سوید، یابان)، یان کەسێکی هەڵبژێردراو لەلایەن پەرلەمانەوە ببێت بە سەرۆک‌و ڕۆڵە تەشریفاتییەکە بگێڕێت (وەک ئێرلەندا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا)، سەرۆک وەزیرانیش دەبێت بە سەرۆکی حکومەت. هەرچۆنێک بێت، لە سیستمی پەرلەمانیدا حکومەت‌و پەرلەمان پشتبەیەکدی دەبەستن چونکە حکومەت دەبێت لەلایەن زۆرینەی پەرلەمانییەوە پشتیوانیلێبکرێت‌و دەشڕوخێت ئەگەر متمانەی لێوەربگرێتەوە، هاوکات حکومەت، زۆرجار بە هاوکاری لەگەڵ سەرۆکی دەوڵەت دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی هەیە‌و دەتوانێت داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە بکات.
بەپێچەوانەی سیستمی پەرلەمانی، سیستمی سەرۆکایەتی مۆدێلێکە لە حوکمڕانی کە تێیدا حکومەت (دەسەڵاتی جێبەجێکەر) لەلایەن کەسێکەوە بەڕێوەدەچێت کە پێیدەگوترێت سەرۆک، ئەو کەسە هاوکات هەم سەرۆکی دەوڵەتە (head of state) هەم سەرۆکی حکومەت (president). سەرۆک بەگشتی راستەوخۆ لەلایەن گەلەوە هەڵدەبژێردرێت. لە سیستمی سەرۆکایەتیدا دەسەڵاتی جێبەجێکەر دەسەڵاتێکی جیایە لە پەرلەمان (دەسەڵاتی یاسادانان)‌. لەم سیستمەدا پەرلەمان توانای چاودێری هەیە بەسەر سەرۆک بەڵام دەسەڵاتی لێپێچینەوەی نییە لە سەرۆک لە حالەتی زۆر دەگمەن نەبێت، وەک ئەوەی لە ئەمریکا پێیدەگوترێت تانەلێدان (impeachment)، وەک لێپێچینەوەکەی کۆنگرێسی ئەمریکی لە بیل کلینتن لەسەر بوونی پەیوەندی سێکسی سەرۆک لەگەڵ مۆنیکا لویسکی. لە سیستمی سەرۆکایەتیدا سەرۆک‌و پەرلەمان هەر دەزگایەی لە ئاستی خۆی سەربەخۆیی خۆی هەیە. ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە هەم پەرلەمانتاران هەم سەرۆک راستەوخۆو بە جیا هەڵدەبژێردرێن، بۆیە هەردوولا شەرعیەتی خۆیان لە گەل وەرگرتووەو ئەمەش سەرچاوەی دەسەڵاتی هەردوولایەو هەرلایەنەش بەرنامەو مانداتی (mandate) خۆی هەیە.
مەبەستی ئەم بابەتە ئەوەندەی قسەکردنە لەسەر گونجاوی‌و نەگونجاوی ئەم دوو مۆدێلەی حکومڕانی ئەوەندە قسەکردن نییە لەسەر بەراوردکردنی ئەم دوو سیستمە بۆیە زیاتر قسە لەسەر جیاوازییەکان ناکەین‌‌و گرنگی بە ئەزمونی گەلانی دنیا دەدەین لە پەیوەند بە هەڵبژاردنی سیستمەکەو کاریگەرییەکانی لەسەر گەشەی دیموکراسی هەم لەو وڵاتانەی ساڵانێکە پەیڕەو لە یەکێک لەو دوو مۆدێلە دەکەن هەم ئەو وڵاتانەش کە تازە چەند ساڵێکە یەکێک لەو سیستمانەیان هەڵبژاردوە.
یەکێک لە سەرچاوەکانی ئەم بابەتە توێژینەوەیەکە کە لەلایەن پرۆفیسۆر ئەلفرێد ستێپان (Alfred Stepan) کە پسپۆری بواری دیموکراتیزەکردنە لە زانکۆی کۆلۆمبیاو پرۆفیسۆر سیندی سکاچ (Cindy Skach) کە پسپۆرە لە بواری بەرواردکاریی دەستوریی لە زانکۆی هارڤەرد، ئەنجامدراوەو لە جۆرناڵی (World Politics) بڵاوکراوەتەوە.
دوابەدوای روخانی بلۆکی رۆژهەڵات‌و رزگاربوونی کۆمەڵێک گەلانی ئەوروپای رۆژهەڵات لەژێر دەسەڵاتی سیستمە تۆتالیتارییەکان‌و دروستبوونی کۆمەڵێک دەوڵەتی نوێ، ئەم دوو پسپۆرە بەبنەما لەسەر ئەزمونی وڵاتانی دنیا بەراوردێکیان لەنێوان سیستمی پەرلەمانتاریی‌و سەرۆکایەتیی ئەنجامدا. مەبەست لە توێژینەوەکەیان ڕێنمایکردنی ئەو وڵاتە تازەڕزگاربوو و تازەبەدیموکراسیبووانە بوو تاوەکو ئامۆژگاری نوخبەی سیاسی ئەو وڵاتانە بکەن داخۆ پەیڕەوکردنی کامە مۆدێل لەم دوو مۆدێلە زیاتر خزمەت بە گەلانی ئەو وڵاتانە دەکات‌و دەکرێت ببێت بە نمونە‌و مۆدێل بۆ گەلانی دیکە لە ناوچە جیاجیاکانی جیهان. بۆیە نرخی ئەم لێکۆڵینەوەیە بۆ خەڵکی کوردستان بەگشتی‌و نوخبەی سیاسی کوردستان بەتایبەتی، کە ئێستا لەسەروبەندی نوسینی دەستورن‌و لە خەمی هەڵبژرادن‌و دیاریکردنی سیستمی حکومڕانین، بایەخێکی بێپایانی هەیە.
لە سێ بەشی داهاتووی ئەم زنجیرە وتارە ئەو داتایانە دەخەینەڕوو کە چەندین توێژەرو ئەکادیمی پێیگەیشتوون، لەژێر رۆشنایی ئەنجامەکانی توێژینەوەکان‌و ئەزمونی گەلانی دنیا هەوڵدەدەین پەیوەستیان بکەین بە بارودۆخی کوردستان ئەنجامگیریان لێبکەین.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی