نەوەی نوێ خۆی هەلی سازان بۆ نەیارانی

11/05/2019

بەهادین نوری

 لە بارودۆخە سەختەکەی ڕیفراندۆمی ئەیلولی ٢٠١٧ دا نەوەی نوێ وەکو یاریچیەکی تازە هاتە گۆڕەپانی سیاسی هەرێم، ناتوانم بڵێم بە شێوەیەکی تەواو ئاسایی لەدایک بوو، بەڵام ئەوە ڕوونە کە دروستبوونی ئەم ڕێخراوە کاردانەوەیەکی ئەو هەڵە کوشندەیەبوو کە پارتی و یەکێتی تێکەوتن. لەو ڕۆژانەدا کە بانگەشەی گەرم و بەربڵاو بۆ ڕیفراندۆم دەکرا، وەک بڵییت چرکەیەکی ماوە بۆ لە دایکبوونی دەوڵەتی سەربەخۆیی کورد، دۆخی هەرێم زۆر پێویستی بە رێخراوێکی وەکو نەوەی نوێ بوو کە هەڵوێستێکی ڕوون و رەوانی هەبوو دژ بەو هەڵە ستراتیجیەی پارتی و یەکێتی + دەزگایەکی ڕاگەیاندنی بەتوانای هەبوو. واتە بابەتیانە سەیری بکەین دۆخەکە لەباربوو بۆ دامەزراندنی نەوەی نوێ. لەماوەیەکی کورتدا ن.ن ( نەوەی نوێ ) بەچوار کورسیەوە چووە  پەرلەمانی عێراق  و بە هەشت کورسیشەوە چووە پەرلەمانی هەرێم.

 

ئەمە ئەنجامی خەباتێکی چڕ و پڕی بوێرانەی ئەم بزووتنەوە تازە پەیدابووە بوو. توێژێکی بەربڵاو، بەتایبەتی لەنێوان لاوانی هەرێمدا، هیوایان بەم ڕێخراوە بوو، ن.ن شانسێکی باشی هەبوو کەگەشە بکات و ببێتە بزووتنەوەیەکی گەورە و کارامە ئەگەر بەدەستی خۆی ئاگری لەماڵی خۆی بەرنەدایە، ئەوانە بەهەڵەداچوون کە دەڵێن ئەم لەتبوون و کێشەی ن.ن . دەستکردی پارتی و یەکێتیە. گومان لەوەدانیە کە پارتی و یەکێتی ئەم لەتبوون و شەڕە قسەی نێوان ن.ن یان زۆر پێخۆشە  و هەوڵدەدەن کەڵکی زۆری لێوەرگرن بۆ لەناوبردنی ن.ن .بەڵام برادەرانی ن.ن خۆیان بەرپرسیارن لە دروستکردنی کێشەکە ، هەر خۆیشیان دەتوانن چارەی بکەن . قسەی شاسوار ڕاستە کەدەڵێ کەم ئەزموون بووە بۆیە توشی ئەم کێشەبووە ، باشە ئەوەش بزانێ کە گومڕاش بووە ، ئێستە باجی کەم ئەزموونی و گومڕایی خۆی دەدات . ئەو پێیوابوو ، مادام سەرچاوەی دارایی ن.ن بێ دەتوانێ سەرچاوەی هەموو بڕیارێکی سیاسی و ڕێخراوەیش بێ ، هەرچی بوێ مافی خۆیەتی بیکات . 


بەڵام شاسوار بەتەنها بەرپرسیارنیە . ئەوانەش کە لەشاسوار جیابوونەوەتەوە بەشێک لە بەرپرسیارێتی ئەم تێشکانە دەکەوێتە ئەستۆیان . دەبوو ئەوەیان بزانیایە کەبەم جیابوونەوەیە رەنجی خۆیشیان دەدەن بەبادا ، دەبوو بیانزانیایە کە هەلێکی زێرن دەرەخسێ بۆ نەیارانی ن.ن ، بەتایبەتی بۆ دەسەڵاتداران ، بۆ لەناوبردنی بزووتنەوەی ن.ن . و سەرکوتکردنی ئۆپۆزسیۆن کە ئەمڕۆ لە خراپترین حاڵیدایە لەم هەرێمەدا . ئەمەش وەکو جەژن وایە بۆ پارتی و یەکێتی . 


    دەسەڵاتدارانی یەکێتی ئەم لەتبوونەیان بەهەل قۆستەوە بۆ سازدانی هێرشی پۆلیسی بەگیانی تۆڵەسەندن لە ن.ن . لەسەر ئەوە کە قسەیان کردووە دژ بە پۆخڵەواتی پارتی و یەکێتی . بە پێی ڕاگەیاندنی ن.ن . ئەومەفرەزانەی هەڵیانکوتاوەتە سەر بارەگای ن.ن . بۆ گرتنی ئەوانەی ویستویانە ، گەنجانی دەمامکپۆش بوون ، ڕێگەی هیچ گیراوێک نەدراوە چاوی بەکەس و کاری بکەوێت و پارێزەر بۆخۆی بگرێت . کە ئاسایش بە دەمامکەوە . بچێتە سەر ماڵێک یان بارەگایەک ئەمە هیچ مانایەک نابەخشێ جگە لە چەتەگەری ،  دور لەیاسا و دیموکراسی . دەبێ هەموو مرۆڤێکی مرۆدۆست نارەزایی خۆی دژ بەمە نیشانبدات و داوای لێکۆڵینەوە و سزای تاوانباران بکات . دەبێ حکومەتی بەغدادیش بێتە دەنگ. 
ئەو کەسانەش هەن کەدەوڵەمەندێکی سەرمایەداری وەکو شاسوار حیزبی لەوە باشتری پێدروستناکرێ ، یان بزنس یان حیزبایەتی .

 

ئەمە لە جیهانی ئەمڕۆدا قسەیەکەی نەگونجاو و دوورە لە واقع ، خۆزگە ئێمە رژێمێکی سەرمایەداری وەکو هۆڵندا ، سوید ، کەنەدامان هەبوایە لەباتی ئەم رژێمە خێڵەکیە نەتیدیموکراتیە پڕ لە گەندەڵکاریەی ٢٨ ساڵە .


لەکۆتاییدا بەبرایانی نەوەی نوێ دەڵیم : زەرەر لەنیوە بگەڕێتەوە باشترە . باشەری راگەیاندن بە فەوری بوەستێنن و بیگۆڕن بە موناقەشەی دوستانە . بارێگە نەدەن زیانی گەورە تریشیان بەر بکەوێ ، باپێوەندی نێوانیان ئاسایی بکەنەوە و بەوردی بیر لەبەرژەوەندی حیزب و گەل و نیشتیمان بکەنەوە . باکەشێکی وەها دروستبکەن کە بتوانن لێکتر نزیک بێتەوە و یەکبگرنەوە لەسەر بنەمایەکی دیموکراتی باشتر کە  ئەزموونی هەموو هەڵەکانی لەمەو پێشی تێدا ڕەچاوبکرێ .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی