سایته سێکسییەکان و قەدەغەیەکی تر

15/05/2019

دلێر محەمەد نوری

لەسایتی شارپرێس هەواڵێکم بەرچاوکەوت سەبارەت بە بەڕێز سەرۆکی زانایانی کوردستان و هەوڵی بەڕێزیان بۆ قەدەغەکردن وفلتەرکردنی سایتە سێکسییەکان.
حەز ئەکەم چەند ڕاستییەکی تاڵ وچەند سەرنجێك بخەمە بەرچاوی بەڕێزیان کەببێت بە بەرچاوڕوونییەك بۆ ئەوەی بەر لەوەی هەر هەنگاوێك بنێن ڕەنگه لە هەموو ڕووەکانێوه هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت باشترە نەك تەنها لە ڕووه ئایینییەکەیەوە.


فەیلەسوفی بەرتانی برتراند راسل لەحەفتاکانی سەددەی ڕابردوو لە کتێبێکدا کەمن وێنە عەرەبییه کەیم بینیوه بەناوی (العالم کما اراه) لەبەشێکیدا بە ناوی تابوو یان (اخلاق التحریم) پێناسەیەک دەخاته بەردەم خوێنەر کەئەو جۆره لەهەڵسوکەوت دەگرێتەوەکە کۆمەڵێک یاساو ڕێسات پێشکەش ئەکات بەتایبەتی یاساغەکان وڕێگەپێنەدراوەکان، بەبێ ئەوەی ئاگادارت بکاتەوە لەهۆکاری ئەوقەدەغەکردنانە. کەئەمەش دەرگا له سەر مرۆڤەکان دەکاتەوە خۆی بەدوای ئەوهۆکارانە بگەرێت و بیگاتێ یاخود هەندێ جاریش گەڕانەکەی بێ بەرهەمیش دەبێت. بەشێوەیەکی گشتی ئەم یاسایانە بەڕەهاییەکی وەها دێت کەتەنها بیناکراوه لەسەر ئەو شتانەی مرۆڤ دەبێت بیانکات یان نەیانکات بەبێ هیچ هۆکارێکی قەناعەت پێهێنەر.  وەتابوو یەکێکەلەسیفەتە سەرکییەکانی هزره سەرەاییەکان. نموونە بەوە دەهێنێتەوە ئەگەر وێنە ڕووتەکان بڵاوببنەوە بە ئازادی ڕەنگه ماوەیەك خەڵکی شەیدای بینینی ببن وبە دوایدا وێڵ بن، بەڵام لەمەودایەکی کەمدا دەبینیت لێیبێزار دەبن وبەدوای شتە بەسوودەکانی دەوروبەری خۆیان دەگەڕێن.


کەس گوومانی لە دڵسۆزی زۆربەی زانایانی ئایینی نییە، بەڵام کاتێ مەسەلەکە پەیوەستە بەپەروەردەوە ئەوە ئایین نییه بەتەنها هەموو وەڵامەکانی پێبێت، ڕەنگه ئایین وزانست و تاقیکردنەوەکانی ئەوانی دیکەش پێکەوە ئەنجامێکی باشتر بدەن بەدەستەوە. من لە هەشتاکانی سەددەی ڕابردوو هەرزەکاربووم ونه دنیای ئینتەرنێت هەبوو نە سایتی سێکسی، کەچی هەرزەکاران بێ پەروا به دوای گۆڤاری سێکسییەوە بوون، هەرچەندە لە ئامۆژگاری خێزانی ومامۆستایانی حوجرەشمان کەم نەبوو بەو پێیەی له گه رەکی زۆر میللی دەژیاین.
ئەوە سەبارەت بە هەرزەکار وکاتێکیش دێیتە سەر منداڵ، ئەوە ئەرکی دایك وباوکه رێگه نەدات منداڵی خوار تەمەنی هەرزەکاری ریگەی ئینتەرنێتی بەکراوەیی وبەڕەهایی و بێفیلتەری هەبێت. ئەمەشە کەئەرکی باوانی زۆر سەختتر کردووە.


بەڵام دڵنیابه هیچ کاتێك به یاساغ کردنی سایته سێکسییەکان یان له ڕێگەی ترسە ئایینی وخێزانییەکانەوە کێشەکە چارەسەر نابێت. دکتۆره وەفا سوڵتان که دانیشتووی ئەمریکایه وخۆی دکتۆره و ئاکتیڤیستێکی بواری مافی ژن و ئایینه له گەڕانێکیدا به ناو ئامارەکانی گۆگڵ دا شتێکی زۆر سەیری بۆ دەرکەوتووه که گەڕان به دوای ووشەی سێکس دا له گۆگڵ بەرزترین ئاستی له جیهاندا له وڵاتی سعودییه وئێران وپاکستان تۆمار کردووه به مەرجێك لەو سێ وڵاته ئایین حزوورێکی زۆری هەیەو سایته سێکسییەکان زۆر بەشێوەیەکی گەوره فیلتەرکراون.


ئەمانەش ئەوە دەگەێینن کە وەک چۆن ووتەیەکی عەرەبی هەیه دەڵێ (کل ممنوع مرغوب) هەق وایه بەر لە هەر بڕیار دانێك ڕاوێژ به پسپۆری بواری پەروەردەو دەروونناس و کۆمەڵناسیش بکرێت بۆ ئەوەی نەگەرێینەوه سەردەمی هەشاتاکان و به دەردی پشکنەرەکانی گۆگڵ لە سعودییەو ئێران وپاکستان نەچین.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە