ئەمریكا.. شەڕی تاك بەرانبەر كۆ !

16/05/2019

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

ئەمریكا لەڕووی زەمەنەوە دەكەوێتە نێوان دوو زەمەنی زۆر جوداوە. زەمەنی سادەو ناجەنجاڵی كە هەموو وڵاتانی جیهان و بەتایبەت ئەوروپاو ئەمریكا چەك و تەقەمەنیان لەیەكەوە نزیك بوو، لەگەڵ زەمەنی ئەمڕۆ كە جیهان زۆر جودایە لەوقۆناغەی پێیدەگوترێت سەدەكانی ناوەڕاست لەئەوروپادا و ئەمڕۆش كە زەمەنی فرەجەمسەرییە لە جیهاندا.

لەنێوان سەدەی (۱٤ بۆ ۱٨) لەلایەك و سەدەی (۲۰ و ۲۱) لەلایەكیتر، سەدەی (۱۹) بووە ڕۆژگاری درەوشانەوەی ئەمریكا لەتەواوی كایەكانی ژیاندا. ئەمە ئەو سەدەیەیە ئەمریكا لەهەموو ڕوویەكەوە تاك بوو! واتە هیچ هاوشانێكی نەبوو.

بەڵام وەك (فەرید زەكەریا) دەڵێت "سەدەی ۲۱ زۆر شتی لەتاك جەمسەری ئەمریكا وەرگرتەوەو دایبە وڵاتانیتریش". ئەوەی لەسەدەی ۱۹ ئەمریكا هەیبوو ئێستا زۆربەی وڵاتانیتریش هەیانە. بۆیە ئێستا ئەمریكا پێیوایە ئیدی تاكێتی و یەك هێزی لەئابووری و سیاسەت و سوپاو دپلۆماسییەت ...هتددا لەدەست داوەو دەبێت جەنگی كۆی ئەو دەسەڵاتانە بكات كە ئێستا پێشبڕكێی ئەمریكا دەكەن لەهەموو ڕوویەكەوە.

ستراتیژی نوێی ئەمریكا بۆ جیهان وایە دەبێت هەموو كۆیەك تێكبدات و بیانكاتەوە بەتاك بۆ ئەوەی: یەكەم ئەمریكا هەر تاكەكەی جاران بێت و هەموو شت لای خۆی بمێنێتەوە. دووەم بۆ ئەوەی ئەو كۆیانە مەترسی دروست نەكەن بۆ سەر ئەمریكا. چونكە هەمیشە كۆ بەهێزتر و بەتواناتر دەبێت لەبەرامبەر تاكدا.

بابڕوانینە خەونی ئەمریكا بۆ تێكدانی یەكێتی ئەوروپا. ئێستا بەریتانیا هەر هێندەی ئەمریكا حەزدەكات لەو یەكێتییە بچێتە دەرەوە. كە ڕووداوی 11ی سێپتەمبەر ڕوویدا یەكەم كەس سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا پەیوەندی دەكات بە (جۆرج بوش)ەوە. بۆیە ئەمریكا تائێستایش بەریتانیا بەخەمخۆری خۆی دەزانێت. ئەمریكا نەك تەنها لەهەوڵدایە بۆ دەركردنی بەریتانیا لەیەكێتی ئەوروپا، تەنانەت لەهەوڵی دەركردنی ئەڵمانیاو فەرەنسایشدایە، چونكە ئەمریكا لەهێزی ئابووری یەكێتی ئەوروپا دەترسێت لەبەرامبەر دۆلاری ئەمریكی و ئابووری ئەمریكادا. ئەگەر ئەمریكا سەركەوتوو ببێت لەدەرهێنانی فەرەنساو ئەڵمانیا لەدەركردنیان لەیەكێتی ئەوروپا ئەوا یەكێتییەكە ئۆتۆماتیكی هەرەس دێنێت و هێزێكی ئابووری نامێنێت دژایەتی ئابووری ئەمریكا بكات.

ڕۆژانێك كە ئابووری ئەمریكا بەهێزترینی سەرزەوی بوو، ئێستا ئابووری كۆیەك مونافەسەی دەكات.

یەكێتی كەنداوی عەرەبی كە لەساڵی 1981 دامەزرابوو، تاكو سەردانەكەی (دۆناڵد ترامپ) بۆ ڕیاچی سعودیە، بچوكترین كێشەیان نەبووە. بەڵام هەركە سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هاتە ناوچەكە، ئەو یەكێتییە (ئەنجومەنی هاریكاری كەنداو)ی تێكداو كەوتنە گیانی یەكترو قەتەر چووە دەرەوەی ڕێكخراوەكە. چونكە قەتەر لەهەموو ڕوویەكەوە لەكرانەوەیەكی گەورەدابوو، هێڵی فڕۆكەی قەتەری دەستی بەسەر جیهاندا گرتبوو، گرەوی میوانداری مۆندیالی 2022ی بردبووەوە، كاریگەری خستبووەسەر نەوتی ئەمریكا لەبازاڕەكانی جیهاندا ، دواتر قەتەر وەك سعودیە ئامادەی هاریكاری نەبوو بۆ ئیسرائیل كە لەناوچەكەدا بازرگانی بكات و لەو گۆشەگیریە بیباتەدەرەوە. بۆیە ئەمریكا ئەم یەكێتییەیشی تێكدا !. بیریشمان نەچێت بەشێكی هۆكاری ڕوخاندنی دەسەڵاتی (سەدام حسێن) لەساڵی 2003دا ئەوەبوو ئەمریكا سەدامی بەڕۆحی كۆكراوەی ئوممەی عەرەبی دەزانی دژی ئیسرائیل.

بۆیە كە ئەم كۆیەیش دژی داواكانی ئەمریكا دەوەستانەوە، ئەمریكا دەستی خستەناو ئەم یەكێتییەیش.

ئەوەی دوا هەوڵی ئەمریكایە دەیەوێت ئەمریكایەكی تاك ! لەبەرامبەر كۆیەك ! سەربخات، جەنگی دژی ئێرانە.

ئەگەر ئەمریكا ئەم جەنگە بكات و دەسەڵاتی ئێرانی ئێستا لەناو ببات، ئەوا ئەم لەناوبردنە بۆ ئەمریكا تەنها لەناوبردنی تاكە وڵاتێك نابێت كە جەنگ دژی بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا دەكات، بەڵكو لەناوبردنی كۆیەكی گەورەیە پێیدەڵێن (هیلالی شیعی). ئەگەر ئەمریكا سیستمی ئێستای ئێران لەناوببات یان لاوازیشی بكات، ئەوا ئیمامی ڕۆحێكی تەستەجەمعی گەورەی شیعە لەناودەبات كە هیچ یەكێك لەبەشدارانی ناو ئەو كۆ (هیلالی شیعی) دۆستی ئەمریكا نین و هەمیشە دژایەتی ئەمریكا دەكەن و مەترسین بۆسەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لەخۆرهەڵاتدا.

ئەمریكا لە ئێستادا لە هیچ جەمسەرێكی تاك ناترسێت! یان سڵناكاتەوە، بەڵكو لە بچوكترین یەكێتی یان كۆیەك!، دەترسێت و سڵ دەكات. چونكە نەخشەی یەكێتییەكان ناوچەیەكی زۆر داگیردەكات كە دەرفەت بەهیچ شتێكی ئەمریكا نادات تێیدا دەربكەوێت. وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا چەك و ئابووری ئەمریكایان ناوێت بۆیە نەخشەیەك نییە بۆ گەشەی زیاتری ئەمریكاو بازاڕی ساغكردنەوەی كاڵا سەربازییەكانی. یەكێتی كەنداویش جگە لە سعودیە ناوچەیەكە هەم دەرفەت بۆ تێكشكانی گۆشەگیری ئیسرائیل نادەن و هەم جگە لەسعودیەیش كڕیاری چەكی ئەمریكی لەو وڵاتانەدا كەمەو پێویستە ئەوەندە تێكیان بدات لەبەرامبەر یەكتردا چەكی ئەمریكی بەكاربێنن وەك چۆن سعودیە ئامادەیە دژی ئێران بەكاری بهێنێت. هیلالی شیعیش خەتەرترین ناوچەی یەكێتییە بۆ ئەمریكا، چونكە هیچ جوڵەیەكی بەدڵی خۆیی تێدا ناكات. تەنانەت یەكێك لەو هۆكارانەی كە دەگوترێت ئەمریكا لەسوریاو عێراقدا شكستی هێناوە، بوونی هێزێكی ڕۆحی و سەربازی شیعییە كە لەدژی ئەمریكا دەجوڵێتەوەو ئەمریكا ناچار دەكات سەربازەكانی لەعێراقدا بكشێنێتەوە یان لانی كەم كەمیان بكاتەوە.

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی