کەرکوک لە دیدی ئەوان

17/05/2019

ئادەم ئاودەل


دوای رووداوەکانی ١٦ ئۆکتۆبەر کە دەرئەنجامی بریاری پێ نەگرتوی ریفراندۆم بوو  ناوچە جێناکۆکەکان بە گشتی و کەرکوک بە تایبەتی دوچاری دۆخێکی نالەبار و ھەستیار ھاتن ، بەڵام لە کەرکوک ئەو دۆخە ئالۆز و ناجێگیرە لە ھەموو ناوچەکانی تر دژوارتر و درێژتر بوو .

پارتی دیموکراتی کوردستان کە لەو ساتەوە کەرکوک بە داگیرکراو ناودەبات و بایکۆتی سیاسی و ئیداری و ئەو ناوچەیەی کردووە ، بێ گوێدانە ئایندە و ھەلومەرجی ئەو شارە لە ھەڵوێستە نا لۆژیکیەکانی بەردەوامە ، کە دواجار بەو ھەلوێستانەوە ھاوڵاتیانی ئەو شارە توشی بارگرانی و زەحمەتیەکی زیاتر بوون ، کە ئەویش دەست بە کار نەبونی پارێزگاری نوێی کەرکوکە .

لە ھەڵبژاردنی رابردووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ، پارتی لە کەرکوک بایکۆتی ھەلبژاردنی کرد و لە نەینەواش چووە ھەڵبژاردنەوە ، وەک ئەوە وابوو لە نەینەوا ھیچ روینەدابێت و دۆخەکە ئاسایی بێ ، لە کەرکوکیش ئاگر باران بێ ، سەیر بوو بە لای ئەوان کەرکوک داگیرکراوبوو بەلام موسڵ و تەواوی نەینەوا تێدا ئازادی فەراھەم بو بو . دوای یەک ساڵ بەسەر ئەو رووداوە و ھەڵوێستەی ئەو حیزبە ، وێرایی چەندین ھەوڵی حیزبە سیاسیەکان بە تایبەتیش یەکێتی، کەچی دیسان پارتی ھەمان ھەڵوێستی دووبارە کردوە و ئامادەبو بەشداری لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا بکات و پۆستە باڵاکانی ئەو پارێزگایە پربکاتەوە ، بەڵام ئامادە نیە نوێنەرانی بنێرێتەوە کەرکوک و پارێزگاری نوێ دیاری بکرێ کە کۆتایی بەو دۆخە نالەبارەی شار دەھێنێ . 

زۆر جار لە میدیاکانیانەوە بەرپرسانی پارتی دۆخی کەرکوک بە ناوچەیەکی کوڵا و لە ئاگردا ناودەبەن  ، بێ ئاگا لەوەی کە ئەوە خۆیانن بە ھۆی بایکۆتەکەیانەوە بەشدارن لە درێژەدان بەو دۆخەی شارەکە و بە نەگەرانەوەیان بۆ بابەتی یەکھەلوێستی و یەک گوتاری . دەبێ حیزبێک کە کەمینەکی کوردییە لەو شارە بۆ رێگربێ لە ئیرادەی زۆرینەی ھاولاتیانی ؟؟؟، کە یەکێتی لە دوا ھەلبژاردنەکانی ئەو شارەدا سێ ھێندەی پارتی دەنگی ھێناوە . 

لە پێش ئەنجامدانی ریفراندۆم ، کە کێڵگە نەوتیەکانی بای حسن و ھاڤانا لە ژێر کۆنترۆلی ئەوان بوون ، ئەوکات (کەرکوک دلی کوردستان) بوو ، لەوەتەی ئەو کێڵگانە نەماون ، ئەو کەرکوکە بێ نازە (گورچیلە)ش نیە نەک (دڵ). تێروانینی ئەو حیزبە بۆ کەرکوک تەنھا و تەنھا لە چوارچێوەی بانگەشەی میدییادا قەتیس بووە و ھیچ کات لە پێناو ھاولاتیانی ناوچەکەدا لەقەی لە بەرژەوەندی حیزبی خۆی نەداوە . ھەر پارتی بوو کە لە ٢٠٠٣ دا بە سوپای تورکیا ھەرەشەی لە پێشمەرگەکانی یەکێتی کرد کە پێویستە بە زویی کەرکوک جێ بھێڵن ، ھەر ئەوانیش بون لە ١٦ ی ئۆکتۆبەر جێیان ھێشتو نەگەرانەوە بۆی . ھەر ئەو حیزبەش بوو بە درێژایی ١٧ ساڵی رابردوو لە بەرامبەر نەگۆرینی پارسەنگی ھێز رێگر بوو لە گێرانەوەی ئەو شارە بۆ سەر ئیدارەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان. 

لە ئێستادا دوا دەرفەتە لە بەردەم یەکێتی و بەرپرسانی ئەو حیزبەدا ، کە بەزویی داوای جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەیان لەگەل پارتی بکەن و دۆخی کەرکوک و بابەتی سەرۆک کۆمار چارەسەر بکرێت و بریاری یەک پاکێجی جێ بەجێ بکرێ ، پێویستە یەکێتی بە رونی بە پارتی بلێ بۆ چارەسەری کۆتایی لە مەڕ ئەو پرسانە بە ھیچ جۆرێک لە حکومەتی ھەرێم بەشداری ناکەم ، ئەوکاتیش ئۆباڵی رودانی ھەر روداوێکیش لە ئەستۆی حیزبەکەی بارزانییە.

ئادەم ئاودەل

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی