مردووەكان زیندوو دەبنەوە؟

27/05/2019

رێبوار کەریم وەلی

 (1)
لێكتێگەیشتنی یەكەمی دەباشان لە كۆتاییەكانی 2012 لە نێوان (هەردوو رەحمەتی) تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا، شتێكی تاكتیكی بوو. تاڵەبانی لە رێگەی ئەو دیدارەوە كە دوای ئەوە نەخۆش كەوت و كۆتا مانۆڕی ژیانی سیاسی بوو، چەند ئامانجێكی پێكا. یەكەمیان نێوانی خۆی و بارزانیی چاك كردەوە كە لەسەر مەسەلەی لادانی مالیكی تووشی خیلافێكی قووڵ بوون (تا راددەیەك كە هەڕەشەی دەستلەكاركێشانەوەی لە پۆستی سەرۆككۆماری كرد)، خستنە ریفراندۆمی دەستووری كوردستانی (كە بارزانی پێداگر بوو لەسەر ئەوەی دەبێ هاوكات لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانیی 2013 دا دەنگی لەسەر بدرێت) دواخست و ماوەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانی بۆ دوو ساڵی دیكە درێژ كردەوە.

ئەوە بەرهەمی یەكەم لێكتێگەیشتن و هاوئاهەنگیی نێوان تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا بوو، دوای ئەوەی كە سێ ساڵ پێشتر بزووتنەوەی گۆڕان لەناو هەناوی یەكێتی و چەپكە گوڵە مەشهوورەكەی مام جەلالەوە هاتە دەرەوە و دوو هاوڕێی تەمەن سنوورەكانی تەخوینكردنی یەكتریشیان بەزاندبوو.

یەكێتی و گۆڕان لەم ساڵانەی دواییدا لەسەر هەرچییەك رێككەوتبن، سوودمەندی یەكەم پارتی بووە و سوودمەندی دووەم یەكێتی بووە. جا لێگەڕێ لەو رێككەوتنانەی كە ژێر بەژێریش لە بەینی هەردووكیان لەگەڵ پارتیدا هەیانبووە.

پارتی بە لێكتێگەیشتنی یەكەمی دەباشان كەمێك قەڵس بوو، قەڵسییەكەشی لەوەوە نەبوو كە بۆ دەبێ یەكێتی و گۆڕان لێك نزیك ببنەوە، كێشە ئەوە بوو كە پارتی شێوەی ناردنی پەیامەكەی تاڵەبانیی بۆ بارزانی (سەرباری بەركاربوونی رێككەوتنی ستراتیژیی نێوانیان) بە نەگونجاو دەزانی! چونكە هەر چەند رۆژێك دوای ئەو لێكتێگەیشتنە (مێژووییە!) تاڵەبانی بەخۆ و بە شاندێكی قورسی مەكتەبی سیاسییەوە لە سەری رەش بوو. لەوێ لە حزووری بارزانی و شاندەكەی خۆیدا گوتبووی ئەگەر جارێكی دیكە شەڕی ناوخۆ رووبداتەوە، ئەو ماڵەكەی خۆی دێنێتە سەری رەش!

رێككەوتنی دەباشان لە 17ی مایسی 2016 كە لە نێوان تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفادا ئیمزا كرا (كە لە بنەڕەتدا رێككەوتنی ماڵی برایم ئەحمەد و نەوشیروان مستەفا بوو) و قەت یەك بڕگەشی (جگە لە ئیمزا كردنەكەی) لە كۆی 11 بەش و 25 ماددە هیچی لێ جێبەجێ نەكرا، بە ئامانجی قووتدانی گۆڕان بوو كە یەكێتی دەیزانی لە سەرەمەرگدان. كارتێك بوو بۆ دوورخستنەوەی گۆڕان لە پارتی.

دیسان لە ساڵیادی كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفادا، یەكێتی  هەمان قەوان لێدەداتەوە. رێككەوتنی دەباشان زیندوو دەكەینەوە! شتێك كە بە مردوویی لەدایك بووبێت چۆن زیندوو دەكرێتەوە: "یەكێتی ئەلئەعلەم". ئامانج ئیحراجكردنی پارتییە! پارتی كە بە خودی رێككەوتنەكە تەققەی سەری هاتبێ، فشەی بە مەیتەكەی دێت. گۆڕان یەك دوو ددانی ماوە، یەكێتی دەیەوێ ئەوانیش بكێشێت.

یەك كۆ دوو دەبێ بە سێ!
(2)
پێدەچێ رۆژی سێشەممە لە دانیشتنی پەرلەمانی كوردستاندا، سەرۆكی هەرێمی چاوەڕوانكراو (نێچیرڤان بارزانی) بە شێوەی غیابی بە سەرۆكی هەرێم هەڵبژێردرێت. یەكێتییەكان و گۆڕانی هاوپەیمانی پارتی دەنگی پێدەدەن. سەروو هەشتا دەنگ دێنێت. یەكێتییەكان نیگەران بوون. هەفتەی رابردوو نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ باڵە دەسەڵاتخوازەكانی مەكتەبی سیاسییان كۆبووەوە و گەرەنتی دانێ كە رێككەوتنی نێوان بارزانی و كۆسرەت رەسوڵ وەكو خۆی جێبەجێ دەكرێت. بەڵام راستییەكەی ئەو سێ كەسە (عیماد ئەحمەد، عومەر فەتاح و ئەرسەلان بایز) هەموویان پتر لەوەی دەربەستی بەرژەوەندیی یەكێتی بن، بۆ خۆدەرخستن داوای ئەو دیدارەیان كردبوو. ویستیان بڵێن ئێمەش هەین.

دوای 10ی حوزەیران كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە رەسمی دەستبەكار دەبێت و بارزانییەكی دیكەش رادەسپێرێت بۆ پێكهێنانی حكومەت، كوردستان و پارتی بە عەمەلی داخیلی قۆناغی سێ سەرۆكایەتی (مەرجەعییەتی بارەگای بارزانی، سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەت) دەبێت. لانیكەم بەپێی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، ژمارە یەكی ساڵی 2005 كە پەرلەمان لە ماوەی رابردوودا بەركاری كردەوە، پەیوەندییەكانی نێوان سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەت رێكخراوە و سنووری دەسەڵاتەكانیان دیاری كراوە.

ئەگەر نەیەی نایەم!
(3)
پارتی لای خۆیان وایان داناوە كە وەكو دەستپێشخەرییەك و بۆ مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، سەرۆككۆمار دكتۆر بەرهەم ساڵح بانگهێشتی هەولێر بكەن. بانگهێشتەكە بەشێوەیەك دەبێ كە هەم سەرۆكی هەرێم و هەم سەرۆكی حكومەتی داهاتوو بۆ دكتۆر بەرهەمی دەنێرن و، رەنگبێ هەمان بانگهێشتنامە بۆ سەرۆك وەزیران، سەرۆكی پەرلەمان و كەسایەتییەكانی دیكەی بەغداش بنێردرێت.

مەراسیمێكی شاهانە دەبێت. بەسەدان دیپلۆمات، سیاسەتمەدار و كەسایەتی لە سوێندخواردنی دووەم سەرۆكی هەرێمی كوردستاندا بەشدار دەبن. بەڵام بەپێی زانیارییەكان هەم سەرۆككۆمار و هەم سەرۆك وەزیرانی بەغداش گوتوویانە بانگهێشتەكە چۆن بێت ئاوا وەڵامی دەدەنەوە. واتا ئەگەر بە نامە دەعوەتیان بكەن، ئەوانیش بە نامە جواب دەدەنەوە. ئەگەریش بە حزووری بانگهێشت بكرێن، ئەوا ئەوانیش بە حزووری ئامادە دەبن.

راستە بەرهەم ساڵح پێویستی بەوە هەیە هەولێر لە پشتی بێت، بەڵام رەنگبێ بەقەدەر پارساڵ پێویستی بەو پشتیوانییە نەبێت. لە كاتێكدا وڵاتی بەناو عێراق و سەركردەكانی دەكەونە ناو چەقی رووبەڕووبوونەوەی ئێران و ئەمریكا و سەركردەكان رۆڵی یەكلاكەرەوە دەبینن، رەنگبێ پێویست بێت كە یەكەم جار لە هەولێرەوە دان بە بەغدادا بنرێت، نەك بەغدا بێتە بەرپێی هەولێر.

رێبوار كەریم وەلی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە