دووڕیانی دابەش کردن یا چەک کردن!!

29/05/2019

كامەران قازی


چەپکێک بۆسەرخەرمانەی ( گەنجینەی نەتەوەیی کورد).
– بەشی چوارەم - 

دوو وەرچەرخانی فکریی گرنگ لە کوردستانەوە:
پەیامە ئینسانی و قوتابخانە ئینسانییەکانی تر کە لێرە و لەوێ سەریان هەڵدا و بوونە هۆی گەشەکردنی فکری مرۆڤ و بنەمای شۆڕشی پیشەسازی و ڕشتنی خوێنی بێگوناهان و میللەتان و داگیرسانی دوو جەنگی جیهانی وێرانکەر و لەناو بردن و وێرانکردنی ژینگەی ئینسان، کە ئیستا ئاکامە خراپەکانی بەدیار کەوتوون، ئەم قوتابخانە و فکرانە، کە بەرژەوەندی ناوچەیی و سەپاندنی بەتۆپزیی دەسەڵات و زۆر جاران خزمەت کردن بە بەهێزکردنی ( لایەنی پەلاماردان)ی وڵاتانی سەردەست کە خۆیان خاوەن هێز بوون، ڕادەسپێرێ، وەک لە زانستدا دەیبینین، کە زانا و بیر و داهێنانەکانیان، خرانە پێناو گەشەپیدانی ئامێر و داهینانە سەربازییەکانەوە و هەوڵدان بۆ دەسەڵات پەیداکردن بەسەر ئەستێرەکانی تردا.
ئەم بیرکردنەوانە لە سنوورێکی دیاریکراودا خزمەتی گەورەی مرۆڤایەتیان کرد، بەڵام نەپەڕینەوە بۆ دەرەوەی سنوورەکانی خۆیان، بە نمونە سیاسەتی ناوخۆیی خۆراوا ١٨٠ پلە لەگەڵ سیاسەتی دەرەکییان جودایی هەیە  و زۆر جاران بە تەواوی پێچەوانەی ئەو سیاسەتە فرە ئینسانییەیە کە لە ناوخۆیاندا پێڕەوی لێ دەکەن.
من هەمووی ناگێڕمەوە بۆ سیاسەتی دەرەکی خۆراوا و سوڤیەتی کۆن، هەبوونی زەمینەی ناو خۆیی هەمیشە هاندەرێکی گرنگ بووە بۆ پیادەکردنی دەسەڵاتی دەرەکی بەو جۆرەی کە ئەنجامدراوە. بە نیسبەت کوردەوە، پیادەکردنی دەسەڵاتی ئەو وڵاتانەی بەشێک لە کوردستانیان داگیرکردووە چونکە حیزبەکان خاوەنی سیاسەتێکی کوردستانی و ڕوانینێکی ڕوون نەبوون سەبارەت بە ئایندەی بزوتنەوەکە (دێمەوە سەری)، ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە سیاسەتی کوردی، سیاسەتێکی پاشکەوتەی خێلایەتی بەرژەوەندخوازیی تەسک  بووە کە نەیتوانییەوە ببێتە پایە و بناغەیەک بۆ کۆکردنەوەی کورد لە دەوریی ئابووریەکی بەهێزی گشتگریی هاوبەش کە بیری نەتەوەیی و سەر بە نەتەوەش لەوەوە سەرچاوە بگرێت و بیرکرنەوەی کوردەکە بە ڕایەڵەیەکی  ئابووری هاوبەشی بەهێز بەرە و دامەزراندی قەوارەیەکی سیاسی ئاڕاستە بکات.
بیرمەندی ڕابەرمان ( مامۆستا مەسعود ) لەمبارەیەوە ئاگادارمان دەکاتەوە و دەڵێت:
" ... تەقەللا و پاڵەوان بازی تاکە ئەمیرێک بۆ دامەزراندنی دەسەڵاتێکی تایبەتی بۆ خۆی و خزم و دەست و پاوەندی نزیکی خۆی، زۆر جاران دامەزراندنی دەسەڵاتی وا تەسک و تروسکی شەخسی، یاخود خانەوادەیی، لە مەفهومی حکومەت دەردەچێ و دەبێتە چەتەگەری بەسەر خەڵکەوە، تەنانەت زوڵم دەگاتە ڕادەیەک کەس پەرۆشی دەسگاێیک  لەسەر بنجی بەرژەوەندێکی فروان هەڵنەستێ کەڵکی ئەوەی نابێ لە سود و چاکەی خەڵک زیاد بکات".
ئەم ڕۆڵە  ( ئاراستەکردنی بیری خەڵک و پەروەردەکرنێکی نەتەوەیی) زیاتر ئەدیبان و نووسەران و ڕۆژنامە نووسانی خاوەن پەیام و شاعیرانی کورد بینیان ( کە ڕێژە هەرە گەورەکەی مرۆڤی ئاینی و زانای ئاینی بوون یا سەر بە بنەماڵەی ئاینی بوون) و ڕایەڵەی زمانێکی هاوبەشیان بەهێز کرد و زمانەکە ( هونەرەکەیان، هەموو کارێکی کلتوری هونەرە)، بووە هۆی هێشتنەوە و بەیەکتر ناساندنی کوردەکانی ناوچە جوداکانی کوردستان و دابڕانەکەیان کەمکردەوە و ڕۆحە نەتەوەییەکەیان پاراست، بەنمونە تەنیا حەسەن زیرەک توانی بە ئاوازەکانی سەرنجی چاو و دڵەکان بۆلای زمان و هونەری ئاوازی کوردی ڕاکێشێ و ئاوێنەیەکی بریقەداری  داب و نەرێت و پەند و سەربووردەکانی نەتەوەکەی بێت. ئاواز و گۆرانییەکانی قاموسێکی زمانی کوردین.
خاڵی وەرچەرخانە فکرییە گەورەکەش کە تەنانەت لە سنوری فکریی کوردییەوە پەڕییەوە بۆ ناو هاوکێشە ئینسانییە فرە ئاڵۆزکراوەکان، هەر دوو زانای کوردی سەر بە بنەماڵەی ئاینی پێی گەیشتن و پێوەی ماندوو بوون و ساڵانێکی تری دەوێت تا بناسرێن و کورد شانازیان پێوە بکات و لەبارەیانەوە لێکوڵینەوەی ئەکادیمی و فکریی قووڵ بکات لە ڕیزی هەرە هەرە باڵاکانی فکر و زانستگە ناودارەکانی جیهاندا.
ئەو دوو خاڵی وەرچەرخانەش لە ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان ڕوویاندا 
• لە ڕۆژهەڵات بیرەمەندی گەورەی ئاینی و کۆمەڵایەتیی و موجتەهیدی کەم وێنە وفەیلەسوفی ئەم سەردەمەمان (کاک ئەحمەدی موفتی زادە)، کە بووە سەرچاوەیەکی بە حەقی خوێندنەوەی نوێی بۆ دەقە ئاینییەکان و خۆی پێشەنگی ئەم کاروانە موبارەک و فەڕدار و شکۆدارەی کرد، بە فکر و گوفتار و ڕەفتار. ئەو خۆی نمونەی باڵای ئەو خوێندنەوە نوییە بوو بۆ کەلامی بەرزی خودا و دروست و وەک خوداوەند لە مرۆڤی دەوێت، لێی تیگەیشت و لە سەر خۆشی بە ئەرک زانی کە رێنوێنی خەڵک بکات، چونکە باوەڕی وایە کە مرۆڤ (خەڵق) ئەمانەتی خودان لای ڕێبەرانی ئاینی و ئاینیش ئەمانەتی خودایە لای پێشەوایانی  دین. ئەو هەردوو ئەمانەتەکەی بەجێی خۆی گەیاند و بە هەڵە لێتیگەیشتنەکانی هەزار ساڵەیی لە پەیامی خودادا، راست کردنەوە و بە خەڵقی خوداشی ڕاگەیاند.
کاک ئەحمەد کە لێکۆڵینەوە لە تێکستە هەزار ساڵەییەکانی ئاینی ئیسلام، بەو ئاکامەی نەگەیاند کە دڵی تینوی بۆ خزمەت بە نەتەوەکەیی و بەشەرییەت زۆری بۆ هێنا بوو، زۆر لێکدانەوەی هەڵە و پێچەوانەی وتاری خوا  بەو جۆرەی هەزار ساڵە دەوترێنەوە، دڵتەنگ و نیگەرانیان دەکرد و تا دەهات تینوێتی زیاتر و زیاتر دەکرد.ئەو تێکستێکی تری نووسییەوە کە تەنها سەرچاوەی کەلامی خودا بوو. ئەو شۆڕشێکی فکریی گەورەی بەرپا کرد و ژیانی موبارەکی خۆشی لە پیناویدا کردە قوربانی و بارستاییەک لە تێگەیشتن و دەقی ڕاستگۆی بۆ بەشەرییەت، وەک ئەرکی خۆی کە پێشەوایەکی ئاینی و کۆمەڵایەتی بوو،بە جێهێشت.
لێکدانەوە فرە بەرزەکانی کاک ئەحمەد، هەموو کەلێنەکانی فکریی ئینسانی کە تاریک و ئاڵۆز کرا بوون، ڕۆشن و سادە و زوڵاڵ کردنەوە. ئەوەی گەیاند کە خودا مەبەستێتی بە مرۆڤ بگات، چونکە تەنانەت سیرەتی  پێشەوای یەکەمی ئاینەکەش شوێندرا و بە لاڕێدا براوە.
هۆی ئەم هەموو هەڵە و خواریانە، تێکەڵ بوونی زۆرینەی پێشەوایانی ئاینی بوو بە دەرباری پاتشاکان و دەسەڵاتەکان و فتوادان بوو، بە قازانجی دەسەڵات، هەروەها لەم کۆتایانەدا تێکەڵ بوونی شۆڤێنزمی قەومی بە ئاین و دەقە ئاینییەکان، کە زۆرینەی ڕابەرانی ئەم دواییەی ئاینەکە 
لە و قەومانەن کە دەسەڵاتدارن و دەسەڵات لەوانە، بۆیە لێکدانەوەکانیش بوونە  فتوای دەرباریی و زۆر لە پەیامی خودا دوورکەوتنەوە. 
بۆ نمونە مەسەلەی فەلەستین کە مەسەلەی خاکە، خرایە ناو چوارچێوەی ئاینییەوە و هەموو دەسەڵاتەکانی وڵاتانی عەربی، تەنانەت ئەو دەسەڵاتە قەومییە شۆڤێنیانەی کە لە وڵاتی خۆیاندا میللەتانی موسوڵمانی وەک ( کوردیان ) قڕ دەکرد، کە دەهاتە سەر مەسەلەی فەلەستین وەک مەسەلەیەکی ئاینی باسیان لێوە دەکرد و ئەو بەرگە ئایننییەیان لەبەر دەکرد بۆ پاساودانەوەی کارە چەپەڵ و نا ئینسانی و دژ بە ئاینیەکەی خودا، کە خۆیان دژ بەو میللەتە ژێردەستانە ئەنجامیان دەدا. 
لەوێ فریشتەی ڕزگارکەری خەڵقی خودا بوون و/ هەن  لێرە وێرانکەری ژیان و مان و نەمانی خەڵقی خودا، کاک ئەحمەد ئەم لێکدانەوە ناشرینانەی کە هەمووی دژی پەیامی خودان، بەرمەڵا کرد و بوێرانە و پشتبەستوو بە سەرچاوەی یەکەم کە پەیام و کەلامی خودایە، چووە جەنگی ئەم فکر و فتوا و خورافە ئاینیانەوە و جودای کردنەوە لە پەیامی بەرزی خودا کە باسی ( ئینسان) دەکات لەهەر بەرگ و فکر و بۆچوون و دنیابینییەکدا بێت، ئازاد بوونی و ڕێزگرتنی واجیبە و خزمەتکردنی واجیبتر. 
پەیامی کاک ئەحمەد بانگێکی ئینسانی سەرتاسەرییە بۆ بەشەریەت و گێرانەوەی دروستی فەرمانەکانی خودایە بۆ ئینسان و ئاشناکردنەوەی بەشەریەتە بە ڕەفتار و گوفتاری پێشەوای یەکەمی ئاینەکە، کە هەر شوڤێنییەتی قەومی و لێکدانەوەی بەرژەوەندی ئامێزیی پێشەوایانی ئاینی، بوونە هۆی ڕشتنی ئەو هەموو خوێنەی خەڵقی خودا.
نەبوونی پاشخانی فکرێکی راقی ئینسانیی بەرز لە ئێراندا، بووە هۆی ئەوەی کە ئەو پەیامە بەرزەی کاک ئەحمەد، نەگاتە گوێی میللەتانی ئێران و شۆڤێزمی قەومی ڕێگر بوو لە ڕێگای بڵاو بوونەوەی ئەو پەیامە سەرتاسەر یەزدانییەدا. ئەمە نەک هەر لە دەسگای ئایننیەوە کە لە قوتابخانە ئاینی و ڕێڕەوە ئاینیەکەی ناو ئێراندا خۆی دەبینییەوە، بەڵکو بەناو پێشکەوتوترین عەقڵەکانیش لە ئیراندا کە بریتی بوون لە چەپ و تودەیی و رێبازە مارکسییەکانی تر کورد و غەیرە کوردیش، نەیان توانی، یا ڕاستتر نەیان ویست ئەو پەیامە ئینسانییە بەرزە بڵاوبێتەوە، ڕەنگە توانای عەقڵیشیان لە تێنەگەیشتن لەو پەیامە ڕێگر بووبێت، چونکە زۆرینەی خەڵک هەزار ساڵ بوو، لەسەر کۆمەڵێک فۆرمۆلی نووسراو و داڕیژراوی مەبەستدار، ڕاهێنرا بوون، جا فۆرمۆلی ئاینی تەقلیدی بێت یا خود فۆرمۆلی خواستراوی دوور لە واقعی مارکسیانە بێت. 
کاک ئەحمەد قاڵبەکانی شکاندن و تێکستە ڕاڤەکراوەکانی شیکردنەوە و هەڵە و دژایەتییەکانی ناو تێکستە هەزارساڵەییەکانی  بۆ پەیامی ڕاستەقینەی خودا، دەستنیشان کردن و تێکست و ڕاڤەیەکی مەنتقی و زانستی هەرە بەرزی ئینسانی بۆ پەیامی خوا پێشکەش کرد، بۆیە وەک ( خاڵە ڕێبوارێکی ) نامۆ لەو دنیا جەنجاڵکراوەی فکریی ئێران و ناوچەکەدا دەرکەوت و وەک مانگێکی چواردە درەوشایە و ئازاد لە هەموو وابەستەییە دنیاییەکان، بێپەروا و ویژدان زیندوو، دڵ گەرم و ڕۆح سوک و شیرن کەلام و بەرز ڕەفتار و نوقمی تێگەیشتنی دروستی وشە بە وشەی پەیامی خوا، بووە ئەو نەسیمە عەنبەرینەی کە دڵی مردووی ئینسانەکان لەو ناوچەیەدا و لە جیهاندا زیندوو دەکاتەوە و ئاشنایان دەکاتەوە بە پەیامی خودا و داوادەکات کە ( ئینسان) بین و بەس. 
ئەم بانگە زوڵاڵە میهرەبانە، ئەم دیارییە رەنگینە، ئەم پەلکەزێڕینەیەی خۆشەویستی ئینسان و ئەم زەریای ڕەفتارە  و سەبر و لێبووردووییە تەنانەت لە دوژمنانیشی، لە کۆڵانێکی هەژارنشینی ، شارێکی داگیرکراوی کوردستانی دابەشکراوەوە، بە ناوێکی سادەوە، وەک ناوی هەموو پیاوە سادەکانی ئەم نیشتمانە  دابەشکراوە گۆمی فکرێکی بەنج بەستووی هەزار ساڵەی شڵەقاند، بێ فێز و نازناوی قەبە، لە کوێ جێ هەبوایە لەوێ دادەنیشت، ئەوەی دەخوارد کە هەژارەکانی سنەی ئازیز دەیانخوارد، ماڵ بەماڵ دەگەڕا و ناوی کوردی لە منداڵە تازەلەدایک بووەکانیان دەنا. ئەو تاقانە ڕابەری ڕۆحیی ئەم سەردەمەی ئێمەیە، کە دڵەکانی ڕاچڵەکاندن و لەسەر بنچینەی تێگەیشتن لەو پەیامەیەوە، خۆشەویستی خۆی ئاوا بۆ نیشتمانە داگیرکراوەکەی دەردەبڕێت:
• دڵم ئەیژێ قەزای بەردێکی سەخناخ
• لەسەر تا خواری تاران و شەمێران
• ئەمن فاشیست و بەدخوای خەڵکی تر نیم
• موبارەک بێ لە هەر کەسێ نیشتمانی
• بەلام بۆ من هەموو ئێران بە موڵکی
• فیدای وێلەی سنە و مەسناوی جوانی *
خەمی هەموو ئینسانەکانی لە کۆڵ نا بوو داوای خێری بۆ هەموو بەشەریەت دەکرد، هیچ پەیامێک هێندەی پەیامەکەی ( کاک ئەحمەدی موفتی زادە) جیهانگیر و ئینسانی نین، ئەگەر پەیامەکەی کاک ئەحمەد لەهەر خاڵێکی تری ئەم جیهانەدا بوایە  کە ڕیز لە فکر و داهێنان و ئینسان دەگیرێت، بێ شک دەبووە سەرچاوەیەکی گەشی ڕێز لێگیراو و بەرنامەی بەرزترین پلەکانی خوێندنە ئینسانییەکان، ئێران ئەگەر لەباری فکریدا هەبوایە و پێشینەیەکی شارستانیی و فکریی قووڵی هەبایە، ئێستا بەهۆی ئەو هزرە بەرزەی کاک ئەحمەدەوە دەبووە ناوەندێکی گەشاوەی دیار لە جیهاندا و میللەتەکانی ڕوویەکی تری شارستانەتیان پێشکەش بە مرۆڤایەتی دەکرد.
بۆیە بۆ لێکدانەوە و سەرنجی ورد و دروست لە ئاین ، کەسانی نەتەوەیی دەبێت بگەڕێنەوە بۆ نووسین و بیروڕاکانی کاک ئەحمەد چونکە:
کاک ئەحمەد لە خوین و ئێسک و پروسکی خۆمانە، وەک نزیکەی هەموو تاکێکی ئەم نەتەوەیە ستەمدیدە و زوڵم لێ چوو، غەدر لێکراو و ئازاردراوی دەستی، ئەو غەدرە زۆرانەی دەسەڵاتەکانی نەتەوەی سەردەستە لە کوردستاندا. تۆ ئەگەر بەراوردێک بکەیت لە نێوان ئەم خاسەی خودا لەگەڵ ڕێبەرانی ئاینی نەتەوە سەردەسەکاندا، بۆت ڕووندەبێتەوە کە ئەوان، زۆر کەمیان نەبێت، غروری قەومی و قازانجی دنییای تێکەڵ بە فەتوا و بیروڕاکانیان بووە و بەو شێوەیە ئایەتەکان لێک دەدەنەوە کە لە بەرژەوەندی نەتەوەی سەردەستدایە و ئەو حوکومەتەی کە نوێنەرایەتی نەتەوەی سەردەست دەکات. 
بەکار‌هێنانی وشەی (ئەنفال) بۆ قڕکردنی کوردی باشوور و( فەتح ) لە لایەن ئۆردوگانەوە بۆ قڕکردنی کوردانی خۆراوای کوردستان، ئاکامی ئەو ڕوانییە شۆڤێنستیانەیە بۆ پەیامی یەزدان، کە مێژوویەکی دێرینی هەیە و کاک ئەحمەد ئەو دووڕووی و خواستە شۆڤێنستیانەی ئاشکرا کرد و ئێمەی لێ ئاگادار کردۆتەوە. 
گومانی تێدا نییە کە ئینسانی ستەمدیدە و زوڵم لێکراو، باشتر و قوڵتر لەو پەیامە دەگات و لە ئینسانەکاندا بەدوای لایەنی خێر و بەرگری لە ستەمدیدەکاندا دەگەڕێ. بۆیە کاک ئەحمەد تەنانەت کاتێ لە بیروڕاکانی (مارکس) ورد دەبێتەوە، دەگاتە ئەو ئەنجامە بەرزەی کە مارکس بەدڵ باوەڕدار بووە، بەڵام هۆشی ڕێگر بووە لەوەی دان بەوەدا بنێت. کاک ئەحمەد ئەو ئەولایەنە گەشە لە بیڕوڕاکانی مارکسدا دەبینێ کە دەیەوێ ستەم لەسەر هەژاران هەڵگرێ و کۆتایی بە زوڵم بێنێ، لەکام سەرچاوەی هەزار ساڵەیی و ئێستایی پێشەوایەکی ئاینی ئەو نەتەوە سەردەستانەدا بینیوتە کە ئاوا هزرێکی ئینسانیی بەرز دەربڕرابێت و ئاوا گوزارشت لە حەقیقەتی ئینسان کرابێت؟!!. 
دیارەدەیەکی تا ڕادەیەکی زۆریش مەترسیدار هەیە، کە حیزبە تەقلیدی و چەپەکان و نەیارانی کورد کە لە ڕابوونێکی نەتەوەیی دەترسن، لە سۆنگەی تێکشکاندنە زۆرەکانی خۆیاندا، دەیانەوێ، دواکەوتووی و نەبوونی وڵاتێک بۆ کورد بگەڕێنەوە بۆ ئاین و بیرو باوەڕیی ئاینی، وەک پاکانەیەک بۆ ئەو هەموو نەهامەتییەی بەسەر نەتەوەی کوردیاندا هیناوە. مەترسییەکە لەوەدایە کە دەیانەوێ کورد بە فکرێکەوە خەریک بکەن کە تووشی گومڕا بوون و لێکترازانی دەکات و بۆ ناو گێژاوێکی نەبڕاوەی ڕاپێج دەکات. مەسەلەی کورد تەنها و تەنها مەسەلەی نەتەوەییە بەهەموو چین و توێژەکانییەوە، ئەمە خاڵیکی گرنگە کە دەبێت ئاگاداری بین، زەینمان بۆ لای کێشەی تر نەبرێت کە کێشەی ئێمە نییە و کورد لەگەلێدا ناکۆک و دژ نییە.
وتارەکە درێژەی هەیە.


سەرنج:
تاران – پایتەختی ئێران
شەمێران- ناوچەیەکی دڵڕفێنی ژووروی تارانە، کە مەڵبەندی ژیانی سەرانی حکومەت و دەوڵەمەندەکانی تارانە. 
سەخناخ – لوتکەی شاخێکی ٢٦٠٠ مەترییە لە نێوان سنەی ئازیز و شاری دیواندەرەدا لە ڕۆژهەڵاتی نیشتمانەکەمان.
وێڵە – ناوچەیەکی دەوری شاری سنەیە.
مەسناو – گەڕەکێکی شاری سنەیە، سی چل ساڵیک لەمەوپێش جێگای کشتوکاڵ و سەیرانگا بووە.

*شیعری بۆ کوردستان، هۆنراوەی کاک ئەحمەد.
 کاک ئەحمەد، شاعیرێکی بە توانا و زمانناسیش بوو، زۆر لە بیر و ڕاکانی بە شیعر بۆ ئێمە ڕاگەیاندووە، کاک ئەحمەد توانایەکی خودادای سەرسوڕهێنەری هەبوو، کە هەر لە تەمەنی لاوییەوە، ئەم بەهرە خوداییانەی تێدا دەردەکەوێت. ڕۆحی شاد و ڕێگای پڕ لە ڕێبوارانی تینووی حەقیقەت بێت.  
  

   



ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە