پارتی بۆچی قسەی بارزانی دەشكێنێت؟

30/05/2019

ئارام هادی

دواجار پارتیەكان قسەی بارزانی سەركردەیان شكاند و پابەندی ئەو ڕێككەوتنە زارەكیەی سەرۆكەكەیان نەبون كە لەگەڵ جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی لەسەری ڕێككەوتبون، تیایدا هاتبو "پارتی هاوكاری یەكێتی دەبێت بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری دادی عیراق و هاوكات دانانی پارێزگارێكی كورد لەپشكی یەكێتی بۆ كەركوك"، ئەمەش لەكاتێكدا پێشتر جێبەجێنەكردنی بڕیارە فەرمی و زارەكیەكانی بارزانی بۆ پارتیەكان زۆر لەسەروی هێڵی سورەوەبو وە بەشێكیش لەسەركردەی حزبەكان لەبەر ڕێزی بارزانی بڕیارەكانیان جێبەجێكردوە گەر بەدڵیشیان نەبوبێت!.

پابەندنەبونی پارتیەكان بە ڕێككەوتنەكەی بارزانیەوە، كەچاوەڕواننەكراوبو، وایكرد فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی كوردستان بایكۆتی دانیشتنی دوێنی پەرلەمان بكات كە تایبەت بو بەدەنگدانی سەرۆكی هەرێم كەهاوكات جێگری پارتی دیموكراتی كوردستانیشە.

بایكۆتی فراكسیۆنی یەكێتی لەدانیشتنەكەی دوێنی پەرلەمان هەر زوو پشتیوانی سەرجەمی مەڵبەندەكانی یەكێتی لێكەوتەوە بە مەڵبەندەكانی (كەركوك و هەولێر)یشەوە، بەڵام دواجار پارتی و یەكێتی دەبێت لەسەر ئایندەی سیاسی حوكمڕانی لەهەرێم و بغداد هەر ڕێكبكەون، گەر ئەم ڕێككەوتنەیان بەلایەنی سێ یەمیش دەستەبەربێت جا ئەو لایەنە ناوخۆیی بێت یا دەرەكی.

ئەگەرێكیش هەیە كە چەند هۆكارێك وای لە پارتی كردبێت پابەند نەبێت بە ڕێككەوتنەكەی لەگەڵ یەكێتی لەوانە 
1. باڵی مەسروربارزانی بۆ كەمكردنەوەی هەژمونی نێچیرڤان پابەندی ڕێككەوتنەكەیان لەگەڵ یەكێتی نەبن، كە ئەمەش وادەكات فراكسیۆنی یەكێتی دەنگ بە نێچیرڤان بارزانی بۆ سەرۆكی هەرێم نەدەن، كە هەرواش بو، ڕێككەوتنی یەكێتی و پارتی لەئایندەیەكی كورتدا دەبێتە سەلمێنەری ئەم خاڵە. 
2. ئەگەرێك هەیە كە پێكهێنانی ئەم حكومەتە زۆر زیاتر لەوەی چاوەڕێ دەكرێت بخایەنێت، مەبەست لەمەش بێتاقەتكردنی بزوتنەوەی گۆڕانە و دواجار ئەو حزبە دەست بەرداری بەشداریكردنی حكومەت بێت و بەناچاری ڕێگەی ئۆپۆزسیۆن هەڵبژێرێت. 
3. دەستوەردانی دەرەكی بۆ دواخستنی زیاتری پێكهێنانی حكومەت كە ئەمەش سیاسەتی هەمیشەیی هەردوو وڵاتی (توركیا. ئیران)بوە لەڕابردوشدا. 
4. ئەگەرێكیتر بۆ تاكڕەویەكانی پارتی لەبڕیاری سیاسیدا دەگەڕێتەوە و دەمێكیشە پارتی ڕووبەڕووی هێزێكی وەك ئێستای یەكێتی نەبۆتەوە و بەربەستی لەبەردەم تاكڕەویەكانیدا دروست نەكردوە، كەئەمەش بۆ پارتی جێگەی سەرسوڕمانە و لێی تێناگەن.

لێكەوتەی گرژیەكانی پارتی و یەكێتی، گەرهات و چارەسەرنەكران و نەگەنە ڕێككەوتن، مەرجی ڕێككەوتنەكەش پابەندبونی پارتیەكانە بە ڕێككەوتنە زارەكیەكەی نێوان سەرۆكی حزبەكەیان و جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی، ئەوا سەرجەمی پرۆسەی سیاسی لە هەرێم و عیراق هەڵدەگێڕێتەوە و ئایندەی سیاسی حوكمڕانی دەبێت بەجۆرێكیتر دابڕێژرێتەوە و ئۆباڵەكەشی لەئەستۆی پارتیە.

ئارام هادی 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی