بێدەنگیەكی ترسناك و پڕ شەرمەزاری

30/05/2019

كامەران مەنتك

چەند رۆژێكە توركیا لە باشوری كوردستانەوە هێرشێكی چڕی كردۆتە سەر پارتی كرێكارانی كوردستان. بە ئا‌گرو ئاسن هەرێمی كوردستان سوتماك دەكات و ئەوەی هەناسەی بێت و بچێت، لەمرۆڤ و گیانلەبەرو زیندەوەرو داردرەخت دەیكوژێت. تەنانەت ئاو و هەوای كوردستانیش پیس و ژاراوی دەكات. توركیا لە پەنای شەڕی پارتی كرێكارانی كوردستانەوە شەڕی و ژیان و مرۆڤ و هەموو شتێكی زیندوو دەكات لە كوردستان. بەلام ئەوەی جێگەی سەرنجە لە باشووری كوردستان هیچ دەنگێكی نارەزایی نابیسترێت، تەنانەت رۆژنامەو میدیاكان، ئەوانەی سەر بەدەسەلاتن و ئەوانەش خۆیان پێ ئازادە متەقیان لێكردوەو دەمیان وەك تەڵەی تەقیوی لێهاتووەو ئامادەنین تەنانەت هەواڵێكی ئەو سوتماككردن و كوشتن و بڕینە بڵاو بكەنەوە. 

لە باشوری كوردستان دەسەڵات و بەناو ئۆپۆزسیۆن، رۆشنبیرو نا رۆشنبیر، میدیای سێبەرو بەرهەتاو. قڕقەپ بیدەنگن و نوزكەیان لیوە نایەت!. ئەمە بەراستی كارەساتیكی زۆر گەورە و پڕ شەرمەزاریە بۆ میللە‌تێك بەو شێوەیە بەرامبەر لەناوبردنی ولاتەكەی بێدەنگ بێت!. زۆر سەیرە بەشێك لە رۆڵەكانی نەتەوەكەت و تەنانەت خاكی خۆشت دەستدرێژی بكرێتە سەر، تۆ باسی نەكەیت و هەرخەریكی ئەوە بیت، قەوانی بەناو پەرلەمانی باشوور دانیشت یاخود دانەنیشت! 

حكومەت پێكهات یاخود پێكنەهات لێدەیتەوە. بەناو نوسەرو رۆشنبیرانی كوردیش هەر خەریكی رەخنەگرتن بن لە یەكێتی و پارتی، وەك ئەو دوو بنەماڵە سیاسیە تۆزقاڵێك بواری رەخنە لیگرتنیان مابێتەوە. ئەو جۆرە بێباكی و بێهەڵوێستیە‌ پاساودانە بە توركیای داگیركەر، بۆ ئەوەی‌ دڕندانەتر بكەوێتە وێزەی كورد. ئەمە بە شێوەیەك لە شێوەكان داننانە بەوەی ، كه مافی توركیایە بە بیانگەی پارتی كرێكارانی كوردستانەوە پەلاماری باشوری كوردستان بدات. لەكاتێكدا توركیا سنووری دەوڵەتێكی خاوەن سەروەری بڕیوەو لەو دیو سنوورەكانی خۆیەوه هاتووەو‌ زوڵم لەكورد دەكات!

 لە لایەكی ترەوە رەوادانە بە قەتل و عامكردنی پارتی كرێكارانی كوردستان. كە پارتێكە هەزاران رۆشنبیرو رۆلەی كوردی دڵسۆزو لەخۆبوردو و قارەمانی لە خۆوە گرتووە. ئەمە چ شەرمەزاری و كارەساتێكە لە كوردستان دەگوزەرێت!. ئەگەر پێشتر باسمان لەگەلە كۆمەی هەرێمی كردبێت لەسەر كورد، ئێستا دەبێت باس لە گەلەكۆمەی ناوەخۆ بكەین دژی كورد خۆی، كە ئەمە خۆی لەو بنەماڵە سیاسیانە دەدۆزێتەوە بە پێش توركیا و ئێران دەكەون و كوردستان دەسوتین!. بێدەنگ بوونی رۆژنامەنووسان و رۆشنبیران هیچی لە هەڵوێستی ئەو بنەماڵە بەكرێگیراوانە كەمتر نیه،‌ كە هۆزو عەشیرەتەكانی خۆیان خستۆتە خزمەت سوپای توركیا و لە ژیر باڵی پارتی و یەكیتی و بە تایبەتیش پارتی، چاوساغی بۆ جەندرمە توركە مرۆڤكوژەكان دەكەن و مەتەرێزو سەنگەرەكانی گەریلاكانیان پێ نیشاندەدەن!. چ جیاوازیەك هەیە لە نێوان بێدەنگ بوون بەرامبەر راستی و رەوایی و قبووڵكردنی ناحەقی، لەگەڵ سیخوڕی و جاشایەتیكردن و پێش سوپای داگیركەران كەوتن!؟؟ كاتی ئەوە هاتووە واز لە پارتی و یەكیتی بێنن، ئەوان هیچیان بە بەرنەماوە جگە لەوەی فڕێ بدرێنە زبڵدانی مێژووەوە. شەرمە چیتر باسی پێكهینانی حكومەت و پەرلەمانێك بكەن، كە لەسەر زبڵ و ساختەكاری و فڕوفێڵ و گزی و فزی بیاتنراوە. شەرمە گفت و گۆ لەسەر هەڵوێستی یەكێتی و پارتی بكەن و وتاریان لەسەر بنووسن و بازاری خۆتانی پێگەرم بكەن. وەك رۆژی رووناك دیارەو منداڵێكی ساوای كورد دەزانیت ئەوان هیچ شەرعیەتێكیان نەماوەو لە ریزی نیشتمانیدا دابڕاون تا هەتایەش لە دەرەوەی ئەو مێژووە دەمێننەوە، وەك رۆژی رووناك ئاشكرا بووە، كە ئەوەی ئەوانەی هێشتۆتەوە دەنگ و هەڵبژاردن و دڵسۆزی و نیشتمان پەروەری نیە، بەڵكو ئەوە سەرەنیزەو تۆپ و مەتەرالیۆزی داگیركەرانە سواری ملی خەلكی كردوون! 

ئەوان هیچ جیاوازیەكیان نەماوە لەگەڵ فەوجی جاشەكان و مەفرەزە تایبەتیەكانی سەردەمی سەدام، وەكو ئەوان و زیاتریش بە پێشی دوژمنان دەكەون سەری براكانیانیانی بۆ دەبەن، ئەوەی لە ماوەی ئەو بیست و هەشت سالە ئەوانە بەسەر كوردیان هیناوە هیچ جاش و خائنێكی تر لەمێژووی كورد وای بەرامبەر میللەتەكەی خۆی نەكردووە، نەك هەزار جار، بگرە ملیۆنان جار رەحمەت لەو كفندزانەی راستەوخۆ بەناوی جاشایەتیەوە كاریان بۆ دوژمن كردووە خەلك وەك جاش تەماشای كردوون. ئەوان جاش بوون و دانیان بەجاشایەتی خۆیان دەنا، بەڵام بیست و هەشت سالە بە ناوی كوردایەتیەوە قێزەونترین جاشایەتی دەكرێت، كە لەمێژووی كورددا نمونەی نەبووە. بۆیە قۆناغی نوسین و رەخنەگرتن و تەنانەت ناوهێنانی ئەوانەش بەسەر چووە، ئەوانە تەنیا هێندەیان ماوە گۆڕانكارییەكی كەم لە ناوچەكە رووبدات تاوەكو بەر توورەیی خەڵك بكەون، ئەوانە هێندە تاوانیان بەرامبەر ئەو میللەتە كردووە جێگەی شرۆڤە كردن و لێكدانەوە بۆ رەفتارەكانیان نەماوەتەوە. شوورەییە سوپای وڵاتیكی تر پەلاماری وڵاتەكەت بدات، كەسێك نەبێت دەنگی لێوە بێت، شەرمەزاریە رەوایی بدەیتە داگیركەرێك، كە بێت رۆڵەكانی گەلەكەت بكوژێت و لە ناوبەرێت، با مردن بۆ ئەو دەنگ و مییدا درۆزنانە بێت، كە بەناوی میدیای ئازادو كەسانی رۆشنبیرو سەربەخۆ گوێچكەی خەڵكیان كاس كردووە. میدیایەك، یاخود بەناو رۆشنبیرێك، لە رۆژێكی وەكو ئەمڕۆدا راستیەكان نەڵێت، تەنیا بۆ شەرمەزاربوون و ریسوایی‌ نەبێت بۆ هیچی تر باش نیە!. دەبێت ئەوانیش وەكو خائینەكانی تری نیشتمان بخرێنە بەردەم دادگاكان و وەك تاوانبار مامەلەیان لەگەل بكرێت.

كامەران مەنتك

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی