كەركوك.. نەوت، دەسەڵات، عێراق

01/06/2019

سەردار عەزیز

كەركوك بەشێكە لە عێراق بە هۆی نەوتەوە. ئەمە سەرەتای كێشەكەیە، بۆ هەمیشە وەها دەمێنێتەوە. لە ساڵی ١٩١١ وینستۆن چرچڵ وەزیرێكی لاوی هۆم-ئۆفیس بو. بەشێك بو لەو گروپەی كە بە ئیكۆنۆمیست، یان ئابورییەكان دەناسران. ئەم گروپە بڕوایان وەهابو كە بەریتانیا دەبێت داهاتی لە خزمەتی ناوخۆدا خەرج بكات نەك لە هێزی سەربازیدا، چونكە هیچ مەترسی لە سەر نیە.

بەڵام لە هاوینی ساڵی ١٩١١ روداوێك ڕویدا و دیدی چرچڵی لاوی گۆڕی. روداوەكە لە مێژودا بە قەیرانی ئاگادێر ناسراوە. ئاگادێر بەندەرێكە لە مەغریب، لە ئەدەبیانی ئەڵمانیدا بە پانپەرشپرنگ ناسراوە. بە كورتی ڕوداوەكە یەكێكە لە ئەو ڕوداوە زۆرانەی ململانێی هێزە گەوەركانی ناو ئەوروپا، بەریتانیا، فەرەنسا لە گەڵ ئەڵمانیادا. 

ئەو سەردەمە قەیسەری ئەڵمان ولیام بوو كە كەسێكی بەرباد و خراپ بو، هەموو ئەدەبیاتی ماكس ڤیبەر بۆ دژایەتی ئەوە. قەیسەر ولیام كەشتی هەناردە بەندەری ئاگادێر بۆ ئەوەی دۆخەكە هەڵبسەنگێنێت ئایا دەتوانێت هیچ بە دەست بهێنێت لە ئەفریقا. مەبەستم كۆڵۆنی كردنە.

فەرەنسیەكان لە مەغریب بوون. ئەم ڕوداوە گەورە بوو لە ئەنجامدا بوو بە قەیرانێك. دەرئەنجامی ئەم ڕوداوە چرچڵ دیدی گۆڕی. دیارە ڕوداو بنەمای دیدی سیاسیە، هەركەسێك بە مێژوی سیاسی ئینگلیزی بە ئاگابێت، وتەكانی هاڕۆلد ماكمیلانی لە بیرە لەمبارەوە.

گۆڕینی دیدی چرچڵ ئەوەبو كە سوپائ بەریتانی بە تایبەتی هێزی دەریاوانی بەریتانی دەبێت بەهێز بكرێت. یەكێك لەو بنەمایانەی بەهێزبوون ئەوەبوو كە دەبێت سەرچاوەی وزە لە خەڵوزەوە بگۆڕدرێت بۆ نەوت. ئەم وەرچەرخانە كە پێشتر ئەڵمانەكان پێشەنگی بوون. 

بەڵام بەریتانیا كێشەی ئەوەی هەبوو كە ئەو سەردەمە نەوتی دەریای باكور دەرنەدەهێنرا و سەرچاوەی سەرەكی وزە ئەمریكا بوو. ئەمریكاش دژ بۆ ئیمپراتۆریەتی بەریتانی بوو. لە ڕوەوە دەكرێت لە هەوڵەكانی چرچل بنواڕن بۆ رازیكردنی ئەمریكا بۆ هاتنە ناو شەڕی جیهانیەوە.

بەڵام سودی گۆڕینی سەرچاوەی وزە لە خەڵوزەوە بۆ نەوت زۆربوو. بۆیە بڕیاڕی لە سەر درا. دەستوبرد پرسی دابینكردنی ئاسایشی وزە هاتە ئاراوە. عێراق وەك وڵاتێكی خاوەن وزە، بە تایبەت لە كەركوك بە سەرچاوەی وزە بینرا. ئەمە هۆكاری لكانی كوردستانی باشوربوو بە عێراقەوە، بە ریفراندۆمیكی تەزویر.

ئەم پاشخانە تەنها پاشخانی مێژویی نیە. بەڵكو میكانیزمیكە. بوونی عێراق بە دەوڵەت، پرۆسەیەكی خوێناوی ئاڵۆزی دڵڕەقی كوشندەیە، كە بەردەوام پیویستی بەوە بوو كە توندوتیژی بەكاربهێنێت بۆ ئەم ئامانجە. 

یەكێك لەو تێگەیشتنە هەڵانەی كە لە ئارادایە ئەوەیە كە كێشەی عێراق كێشەی ناسنامە یان كەلتور یان پەیوەندی نێوان پێكهاتەكانە. نەخێر ئەوە پرۆسەی دەوڵەتی عێراقیە كە كەلتور و خەڵكو شوناس دەكاتە سوتەمەنی لەم پێناوەدا خەڵك ئازوگوێ پێدەكات، خەڵك قڕ دەكرێن، جێگۆڕكێیان پێدەكرێت، دەكرێن بە خەڵكی تر و زۆر پرۆسەی تر.

بۆیە كێشەی عێراق كێشەی پەیوەندی نێوان خەڵكەكان نیە، كێشەی هێزە. هێز لە پێناوی دروست بونی عێراق، كە لای هەر پێكهاتەیەك بە جۆرێكە. لە هەمانكاتدا كێشە باش یان خراپی ئەم و ئەو نیە، بەڵكو ئایا هێز چۆن پەیوەندی بەرهەم دەهێنێت. خەڵكەكان سەربەخۆنین لە چوارچێوەی عێراقدا كە پەیوەندیەكانیان بەرهەم بهێنن. بۆیە هەر هەوڵێك بۆ دروستكردنی پەیوەندی باش یان خراپ سودی نیە. ١٨ ی ئەم مانگە لە زانكۆی كۆرك بە زمانی ئینگلیزی لە كۆنفرانفراسێكدا باس لەم دۆخە دەكەم. هەروەها لە ڕوی تیوریەوە بۆچی پانتایی رەها، تیورەی هێنری لێڤیبفێر، نەهاتە ئاراوە.

سەردار عەزیز

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی