ڕاستی ڕووداوەكان بە دیوێكی دیكە

08/06/2019

سەرتیپ وەیسى

بەشێكی زۆری ئەو زانیاری و هەواڵانەی لەماوەی چەند كاتژمێری ڕابردوو، لەبارەی پەیوەندییەكانی پارتی و یەكێتیی بڵاودەكرێنەوە بە تەواوی ڕاست نین، بەڵكو پێچەوانەكەی ڕاستە.

لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا، مەسعود بارزانی تەلەفۆنی بۆ كۆسرەت ڕەسوڵ نەكردووە، بەڵكو بە پێچەوانەوە كۆسرەت رەسوڵ لەبارەی پرسی كەركوك بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ بارزانی كردووەو بارزانیش ئاماژەی بەوەكردوە، جارێكی دیكە لەسەر ئەو پرسە گفتووگۆ ناكات، یەكێتیی دەتوانێت بۆ ئەو بابەتە لەگەڵ مەكتەبی سیاسی پارتی و نێچیرڤان بارزانی گفتووگۆبكات.

ئەم وەڵامەی بارزانی بۆ كۆسرەت ڕەسوڵ ناڕوونە، چونكە وەڵامەكەی بارزانی ئاماژەبووە بۆئەوەی، كە ناوبراو لە كۆسرەت ڕەسوڵ و مەكتەبی سیاسی تووڕەیە و پێیوایە ئەوان لە بەڵێنەكەیان لەبارەی دانانی "فەرەیدوون عبدالقادر" بۆ پارێزگاری كەركوك پاشگەزبوونەتەوە.

بەشێكی دیكە خوێندنەوەی تری بۆدەكەن و بەشێوەیەك پێیانوایە: بارزانی بۆ ئەوەی مەسرور بارزانی لە پۆستەكەی سەركەوتوو بێـت و كێشەی نەیەتە پێشەوە، كێشەی كەركوكی خستۆتە بەردەم نێچیرڤان بارزانی و مەكتەب سیاسی بۆ چارەسەركردن، تاوەكو خۆی لەم دۆخە دەرباز بكات، كە لە ماوەی ڕابردوودا پێداگری زۆری لەسەر كردوە بە تایبەت لەسەر پرسی پارێزگار.

شاندێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی لە دوای كۆبوونەوەیان لە دوو ڕۆژی ڕابردوو، بە پەلە لە رێگەی فڕۆكەوە هاتنە هەولێر، بەڵام ماوەی دوو ڕۆژە هیچ وەڵامێكیان لە لایەن پارتیەوە بۆ كۆبوونەوە پێنەگەیشتووەو تاوەكو ئەمڕۆ، شەممە، 7ی ئایار، چاوەڕێدەكەن و لە هەولێر دەمێننەوە.

تاوەكو ئێستا هیچ بڕیارێك لە پارتیەوە نییە، بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ یەكێتیی و ڕێككەوتن لەسەر پرسی كەركوك، پارتی قسەكردنی لەسەر ئەو بابەتە خسۆتە دوای مەڕاسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی هەرێم.

نێچیرڤان بارزانیش بەهۆی سەرقاڵی بە مەراسیمی سوێندخواردنەكەی و خۆ دوورگرتن لەوەی هیچ ڕێككەوتنێك بەر لە ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو لەگەڵ یەكێتیی بكات، لە ئێستادا هیچ ئامادەییەكی نیشان نەداوە بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ یەكێتیی.

بەرهەم ساڵحیش وەك سەرۆك كۆماری عێراق، داوای مەڕاسیمێكی شایستەی پێشوازی كردووەو پارتیش ڕازیبووە، تاوەكو ئێستاش بڕیار ئەوەیە ناوبراو بەشداربێت لە مەڕاسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی.

بەرهەم ساڵح و نزیكەكانی بۆ خۆدەربازكردن لە ئیحراجبوونیان لە كاتی بەشداریكردن مەرٍاسیمی سوێندخواردن، لە هەوڵی ئەوەدان دەرەچەیەك بدۆزنەوە، ئەویش بە ئەنجامدانی كۆبوونەوەیەكی شكلی لەنێوان پارتی و یەكێتیی بەر لە ڕۆژی دووشەممە، ئەم هەوڵەش بۆئەوەیە ئەگەر بەرهەم ساڵح بەشداربێت و هێرشی میدیایی نەكرێتە سەرو ئیحراج نەبێت.

بڕیاری مەكتەبی سیاسی یەكێتیی بۆ بەشداریكردن لە كۆبوونەوەی ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو چاوەڕێكردنی پارتیە لەسەر پرسی كەركوك، هەرچەندە بە فەرمی هەموویان بانگهێشتكراون.

مەكتەبی سیاسی یەكێتیی لەگەڵ ئەوەنییە هیچ كەسێكی یەكێتیی بەبێ پرس بەشداری ئەو مەڕاسیمە بكات، چونكە ئەوكات دەبێتە نوێنەری یەكێتیی، ئەگەر لەو حاڵەتەش كەسێك بیەوێ بەشداربێت، بڕیاری مەكتەبی سیاسی ئەوەیە، كە فراكسیۆنی یەكێتیش لە پەرلەمان بەشداریبكات.

فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمان هیچ بڕیارێكیان بۆ بەشداریكردن نەداوە، ئەگەر تاوەكو ڕۆژێك بەر لە مەڕاسیمەكە مەكتەبی سیاسی بڕیارنەدات، ئەوكات خۆیان بڕیاردەن.

كەواتە... تاوەكو ئێستا هیچ بڕیارێك لەبارەی كۆبوونەوەی دوو ڕۆژی داهاتووی پارتی و یەكێتیی و پرسی رێككەوتن لەسەر پارێزگاری كەركوك لە ئارادا نییە، ئەو ناوانەی باسیشدەكرێن تەنها لە چوارچێوەی گفتووگۆ نێوخۆییەكان و قسەو باسی شەخسی و هەواڵی میدیاین.

سەرتیپ وەیسی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی