لەپەنای هەبوونی فارس و تورك و عەرەب كوردیش هەیە!

11/06/2019

د.حیلمی ڕەسول

لەپەیامەكەی بەرهەم صالحدا لەهەولێر دوو گوزارشتی زۆر كورت هاتوە، كە بەداخەوە ئەوانەی چاودێری پەیامەكەیان دەكرد، زیاتر لەخەمی ئەو وشانەدا بوون كە دەربارەی حزبەكوردییەكان دەكرێت نەك رۆچون بۆ ناوقوڵایی پەیامەكە. لەپەیامەكەیدا ئەوە هاتبوو، یان ئەوەتا كوردیش وەك گەلانی تری ناوچەكە مافی رەوای خۆی هەیە و پێویستە ولاتانی هەرێمایەتی و نێودەولەتی دانی پێدا بنێن، یاخود ئەو رۆژهەڵاتە ناوەڕاستە نوێ و ئارامەی ئەوان باسی دەكەن سەقامگیری بەخۆیەوە نابینێ و ئەم هەڵكشان و داكشانە كۆتایی نایەت.


سەرچاوە مێژووییە دێرینەكان، تۆماری وڵاتە دێرینەكانی ناوچەی رۆژهەڵاتی نزیكی كۆن (عێراق، ئێران، توركیا، سوریا، لوبنان، میسریش لە رووی شارستانیەوە)، ئەوەی تۆمار كردوە گەلانی ناوچەكە لە مێژووی دێریندا و پاشان سەرچاوەی سەدەكانی ناوەڕاست و نوێ و هاوچەرخیش لە ململانێی بەردەوامدا بوون، بۆ سەپاندنی هەژموونی گەلێك بەسەر ئەوی تریانەوە و جۆرەها پاساویش بۆ ئەو هێرش و ململانێ خۆیناویانە هێنراونەتەوە، هەربۆیە هەمیشە میلەتی سەردەست ئەوەنەی بەهانە بۆ خوێنرشتن هێنراوەتەوە، نیوئەوەندە باسی پێكەوە ژیان و ئاشتی نەكردوە. 


سۆمەری و ئەكەدی و بابلی و ئاشوری و سەرجەم بنەماڵە فەرمانڕەواكانی باشوری میسوپۆتامیا هێرشیان هێناوە بۆ سۆبارتۆ و زاموا و توروك و (كوردستان)... تد. گەلانی حیسیی (ئاسیای بچوك) هێرشیان هێناوە بۆ سەر هەمان ناوچە، لە سوریا و لوبنان و میسرەوە شاڵاو كراوەتە سەر گەلانی (گۆتی ، لولوبی ، = باوباپیرانی كورد..تد. بە هەمان شێوە سەدەی وا هەبوە ئیمپراتۆریەتی ئاشوری (دوورگەییەكان) باجیان بە گەلانی كۆنی كورد (میتان) یەكان داوەو ژێر دەستەیان بوون. بێینە سەر مێژووی سەدەكانی ناوەڕاست و لە نێویاندا هەڵمەتی سوپای موسڵمانان و پاشان گەلانی تری ناوچەكە تاكو مێژووی نوێ و هاوچەرخیش بەناوی ئایین و پاشان نەتەوەیی سەردەستەوە ئەم شاڵاوە خوێناویە بەردەوام بوەو كۆتایشی نەهاتوە.


لە مێژووی هاوچەرخی رۆژهەلاتی ناوەراستداو پاش دروست بوونی كیانی ئیسرائیل؛ لەلایەن زلهێزەكانەوە وەك كێشەیەكی زیندوو بەردەوام و بەستنەوەی بە ئارامی و سەقامگیریەوە تەماشای پرسی فەلەستین دەكرێت و زۆربەی ئیدارەی ئەو ولاتانەی حوكمرانی دەكەن جۆرەها دیدگایان هەیە بۆ چارەسەر كردنی ئەو پرسەو بەردەوام وەك نمرە یەك لێی دەڕوانن.


هیچ كام لە وڵاتە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیەكان تاكو ئێستا وەك كێشەیەكی رەوا لە پرسی نەتەوەیەكی خاوەن مێژووی پێنج هەزار ساڵەیان نەڕوانیوەو لە هەندێ دۆخی تایبەتدا بۆ بەرژەوەندییە كاتیەكانی خۆیان بەكاریان هێناوەو پلانی جۆربەجۆری گڵاویان لەدژ گێڕاون. هەریەك لەو ولاتە زلهێزانەش بەرژەوەندی تایبەتییان لەگەل ئەو وڵاتە هەرێمایەتیانەدا هەیە كە كوردیان بەپێی چەند رێككەوتن و پەیماننامەیەكی نێودەوڵەتی بەسەردا دابەشكراوە. لە هیچ بۆنەو یادێكی گشتی جیهانیدا هیچكام لەوان ئامادەی دان پێدانانی مافە رەواكانی نین و بە كێشەیەكی لاوەكی تەماشای دەكەن.


سەرۆك كۆماری عێراق، پالپشت بەو زانیاریە مێژووییانەی لەسەرەوە باسكران لە هەولێرو لەبەردەم نوێنەری وڵاتانی ناوچەكەو جیهان،  هەندێك بە راستەوخۆو هەندێكیش بە ناڕاستەوخۆ وتی : لە پەنای هەبوونی فارس و تورك و عەرەب لە رۆژهەلاتی ناوەڕاست گەلێكی تریش هەیە؛ ئەویش گەلی كوردە، مێژوویی هاوبەش لە نێوان ئەم گەلانەدا هەیە، ئەوان ئێستا خاوەن وڵات و سەردەستەن و كوردیش لە نێویاندا بەتەنها ماوەتەوە، ئاماژە بوو بۆ ئەوەی تەنها كێشەی رۆژهەلاتی ناوەڕاست فەلەستین نیە، بەلكو كێشەیەكی تری زیندوش هەیە ئەویش كێشەی كوردە، لە پەیامە روونەكەی بەرهەم صالحدا دوو گوزارشتی زۆر كورت هاتوە، یان ئەوەتا كوردیش وەك گەلانی تری ناوچەكە مافی رەوای خۆی هەیە و پێویستە ولاتانی هەرێمایەتی و نێودەولەتی دانی پێدا بنێن، یاخود رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێ‌ چارەسەری كێشەی كورد ئارامی نابینێت .
دیارە زۆر رۆشبیر و سیاسی كوردی تریش لە بۆنە تایبەتی و گشتیەكاندا ئەم قسانەیان داوەتە بەرگوێی ولاتان، لێ لەو پلەو پۆست و سەرۆكایەتیكردنەی وڵاتێكی زۆرینە عەرەب و كەمینە كورد و بۆ ئەم سەردەمەی مێژووی هاوچەرخی كورد، پەیامێكی روون و راستەقینەو جەریئانە بوو.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە