گرنگ نی یە بۆ رەنگاو رەنگی رەوشی هەڵبژاردن حیزب و کۆمەڵەی زۆرت هەبێ ، گرنگ ئەوەیە ( فکر ) و تێروانینی زۆرت هەبێ ، تۆ سەیر کە لە هەرێمی باشوری کوردستان چەندین حیزب هەیە یەک لەشکر دەزگای مێدیا هەیە ، رەنگاو رەنگیەکی ئاڕمی حیزبەکان هەیە ، وەلی فکری جیاواز نی یە ، تەنها فکر و ئایدۆلۆجی پارتی هەیە ، ئیدی فکری پارتی ئەو کێڵگەیەیە کە هەموو حیزبەکانی تر یان لەو جیابوونەتەوە یان لە فکردا خۆیان بە سیلالەی ئەو ئایدۆلۆجی یە سوڵتانی یە دەزانن ، ئێستە پارتی گەورەترین و فراوانترین کێڵگەی چاندنی هەموو فکرەی حیزبەکانە ، حیزب بە مانا سیاسی و رێکخراوەی و فەرهەنگی و کلتوری و چی و چی نی یە ، بەڵکو حیزب لە باشوری کوردستان لە زۆنی زەرد خانەقایەکە ، لە زۆنی سەوز تەکێ یەکە ، بێ گومان فکری ئەسڵی هەردوو تەکێ بو خانەقا دینداری و سەمای دەروێشانە بۆ بنەماڵەی شێخ ، ئەندامانی حیزبەکانیش بە فکر پێشناکەون بەڵکو بە تەقوای حیزبی ، تا چەند دەرەقسن و سەما دەکەن ، تا چەند خەفە دەبن و خەو بە گەورەیی عەرشی سوڵتانەوە دەبینن ، دەزگا مێدیاکانیش کە سەر بە حیزبن باشترین کاریان قەسەم خواردنە بە ریشی مامە شێخ و کاکە شێخ ،
سروشتی کاری حیزب لە شوێنان ، هەر حیزبێک لە ئەنجامی بارودۆخێکی تایبەت دروست بوە ، بۆیە هەر حیزبەش خۆی بە نوێنەری چینێک یان چەند توێژێک لە کۆمەڵگە دەزانێت ، زیاتر لە ناو ئەو چین و توێژانەی ئەم بە ساحەی بیرو فکری خۆی دەزانێت گەشە بە کاری رێکخراوەی خۆی دەدات ، بۆ نمونە پارتی ژینگە زۆر ئالودە نی یە بچێتە ناو دنیای کۆمۆنستەکان ، هەروەها پارتی کۆمۆنست ئارەزو ناکات بجێتە ناو دیندارەکان ، پارتی کرست دیمۆکراتەکان زۆر حەز لە چارەی چینی کرێکار ناکات ، سۆسیال دیمۆکراتەکان ، زۆر چارەی پارتە لیبراڵ و ئەوانەی ئازادی و سەربەستیان کردوە بە دروشمی خۆیان ناوێ ، بە گشتی ئەم پارتانە بەینیان لەگەڵ راسترەو و راسستەکان زۆر خراپە ، بەڵام ئەم هەموو فکرە جیاوازە تەنها رەنگاو رەنگی نی یە لە بەیداخی حیزبەکان بەڵکو رەنگاو رەنگی یە لە ئەفکاری حیزبەکان ، چونکە وڵات ، خاوەنی دامەزراوەی دادوەری و حکومەتی نیشتمانی و پەرلەمانی دەوڵەتە .
لە باشوری کوردستان ٢٨ ساڵە هەتا ئێستە گەیشتوینەتە دوا قۆناغی خراپی رەوشی حکومداری ، لە نەتیجەدا وڵات خاوەنی تەنها یەک حیزبە ، هەموو حیزبەکانی تر وەک ( داهۆڵ) وان لە خەرمانی ئەم حیزبەدا تا لە لەیەک هەر فکرێکی نوێ دروست بێ ئەمان تەرەی کەن و راوی نێن لە لایەکی تر خۆیان بەردەوام فکری خۆیان بە دایکی هەموو فکرەکان گرێ بدەن ، ئێستە پێشبرکێ لەسەر ئەمەیە گەلۆ کامیان زۆر لە فکرەی پارتی نزیکن ، لە کوێ بای فکری پارتی بێ ئەوان شەن دەکەن جا خەلەو خەرمانی کامیان زۆر تر لە خەلەو خەرمانی دایکی حیزبەکان بجێ بێ گومان بەرو بوومی زیاتر دەچنێتەوە ،
وەلی خۆش بەختانە ئەم رەوشە لە باکورو و رۆژئاوای کوردستان تەواو پێجەوانەیە ، ئەوان تەنها یەک هێزی چەداریان هەیە بۆیە دوژمنان هەزار حسابی جدی بۆ دەکەن ، فکرە رەنگاو رەنگەکان باشتر خۆیان رێک دەخەن کە چۆن لە خزمەتی بەرەنگاری ئەو هەموو دوژمنە ناوخۆیی و دەرەکی یە بن خۆیان بهێڵنەوە لە لایەک ، قەوارەی بونیەتی خۆیان بپارێزن و لە لایەکی تر بنچینە و ئەساسێکی وا دابرێژن کە رۆژێک دەوریان لێ گۆراو ئەو تۆفانی شەرو زەحمەت و بارە نالەبارە جەنگی و ئابوریە خۆشی کردەوە ، بزانن کە لە خەرمانی کوردستاندا هەموو هەرەوەزو هاوکارو لێزابن وەلی بە فکرەی جیاواز لە خزمەتی خاک و مێژوی خاک و سەروەری خاک .
دانا رەشید
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی