ناوچەکە لەبەردەم ئەگەر و پێشهاتەکان دا

13/06/2019

حەسەن بارام

ئەگەرچی تا ئەم چرکە سات هیچکام لەوڵاتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا وکۆماری ئیسلامی ئێران ، نیازی شەڕ وگەیشتن بەپێکدادانیان نییە ، هاوزەمان ڕوودانی جەنگیش وەکو یەکێک لەبژاردەکان ئەگەرێکی زۆر دور نیە ، ڕاستە هەوڵی نێوندگیری وهێوکردنەوەی دۆخەکە هەیە ، بەڵام هەندێک پێشهاتی نوێ وا دەکەن ئەو هەوڵانەی بۆ ڕێککەوتن وئاشتەوایی دەدرێن ، هێندە ئەرزشیان نەمێنێت ، لەلایەک خامەنئی لەئێستادا هەموو جۆرە دیالۆک وگفتوگۆیەکی لەگەڵ ئەمریکا ڕەتکردەوە ، لەلایەکیتریشەوە ۱۳ ئەم مانگە لە ئاوەکانی عومان لەدوو کەشتی گۆاستنەوەی نەوت دراوە ، سەرەڕای توندبونەوەی هەڵوێستی بەشێک لەوڵاتانی ئەوروپا بەرانبەر بەئێران ، سەرباری زیادبونی پەلامار وهەڕەشەی حوسییەکان بۆ سەر شانشینی عەرەبستانی سعودی ، هەموو ئەم پێشهاتانە دۆخی ئاڵۆزی ناوچەکە ئەبنە قۆناغێکی تری مەترسیدارەوە، ئامادەکارییەکان بۆ جەنگ نەک هەر کەم نەبونەتەوە ، بەڵکو زیادکردنی کەرەستەی جەنگی وئەنجامدانی مانۆڕی سەربازی ، وگرێدانی کۆبونەوەی ئاشکرا ونهێنی لەودیوی پەردەکانەوە ، هەمیشە دەرگای مەترسییەکانی هەڵگیرسانی چەنگ بەکراوەیی دەهێڵێتەوە ، لەگەڵ ئەمانەشدا هێشتا هەوڵی تر بونی هەیە بۆ ڕێگەگرتن لەڕوودانی جەنگێکی کاولکەر لەناوچەکەدا ، لەلایەک عێراق ولەلایەکیترەوە ژاپۆن وئەڵمانیا چەندین هەوڵیان وەگڕ خستووە بۆ ئەوەی ئێران وئەمریکا بەوە ڕازی بکەن لەبری شەڕ ، بچنە گفتوگۆوە ولەڕێگای دانوستاندن ودیالۆکەوە مەترسییەکانی ڕوودانی جەنگ بڕەوێننەوە .

ئەم ڕەوشە ئاڵۆزە ، ناوچەکەی بۆ سەر سێ بەرە دابەشکردووە ، بەشی یەکەم : لەهەردوولا خۆیان یەکلاکردووەتەوە ، کە لەکاتی ڕوودانی شەڕ یان ئاشتیدا چی بەرەیەک هەڵدەبژێرن . بەشی دووەم : ئەو وڵاتانەن کە زیاتر چاوەڕوانی  دۆخەکە دەکەن ، زیاتر لەکاتی نزیکبونەوە لەدۆخە دوا بڕیاری خۆیان دەدەن ، کە لەچ سەنگەرێکدا دەبن ، بەشی سێهەم : بەشێک لەوڵاتانی ناوچەکە دور ونزیک ناچنە هیچ سەنگەرێکەوە وبەبێلایەنی دەمێننەوە .

بەڵام هەموو ئەم وڵاتانە بەرنامە وپلانی خۆیان هەیە ، بۆ چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ هەر پێشهات وڕووداوێکدا ، کە لەناوچەکەدا ڕوو بدەن ، ئەوەی کە ئێمەمانان دەیبینین ، ئەوە تەنها هەرێمی کوردستانە بێ پلان وبێ بەرنامەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو ڕووداوانەی کە ئەگەریان هەیە لەناوچەکەدا ڕوو بدەن !!

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی