موزایەدەكانی پارتی و كێشەكانی بەغدا

16/06/2019

ئادەم ئاودەل

لەدوای روخانی رژێمی بەعس و دروستبونی حكومەتیێكی نوێ لە عێراقدا ، ھەمیشە كورد كۆمەڵێ كێشەی لەگەل بەغدادا بە ھەڵپەسێردراوی ماونەتەوە و نەتواندراوە چارەسەر بكرێ ، ھەر لە كێشەی خاكەوە بیگرە تا بودجە و موچە و مەلەفی نەوت و غاز . 

ئەگەرچی لە پێشودا كورد بە یەكگرتووی و بە ھێزێكی زۆرەوە لە بەغدابوو بەتایبەت لە سەروبەندی نوسینەوەی دەستور و بنیاتنانەوەی عێراق ، بەڵام بەشێك لە كێشەكانی نێوان كورد و بەغدا یا بلێین حكومەتی ھەرێم و بەغدا بێ چارەسەر مانەوە و بەھۆی چارەسەرنەكردنیشیان بەرەبەرە تەشەنەیان سەند و زیاتر ئالۆز بون . 

یەكێكیش لەو كێشە ھەڵپەسێردراوانە بابەتی نەوت و غازە ، ئەگەرچی تا مام جەلال لە ساحەكەدابوو ، دۆخەكە بە وەستاوی مایەوە و نەیھێشت بگاتە تەقینەوە ، بەڵام دوای نەخۆش كەوتنی مام جەلال و دوركەوتنەوەی لە گۆرەپانەكە ، دۆخەكە بە برینی بودجەی ھەرێم لەلایەن سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی عێراقەوە تەقییەوە و تا ئێستاش دوای تێ پەربونی زیاتر لە پێنج ساڵ و گۆرینی دوو سەرۆك وەزیرانی تر ، نەتواندراوە بگەرێندرێتەوە سەردەمی مام جەلال . 

زۆرجار لە لایەن ھاولاتیانی ھەرێمەوە مەلەفی نەوت بە سەرئێشە و بەڵا بۆ ئەم وڵاتە ناوزەنگ ئەكرێت و ھەر لەم روانگەیەشەوە لە لایەن حكومەتی عێراقەوە لە رێگەی ئەو مەلەفەوە ، ھاوڵاتیان دوچاری نارەحەتی و نەھامەتی لە شێوەی برینی بودجە و موچە بونەتەوە .  كە بە شێكی زۆری كەلەكە بونی ئەو گرفتانە بە ھۆی نەبونی دامەزراوەیەكی موئەسەساتی نیشتمانییەوە ھەیە ، كە ئەو جۆرە پەیوەندیانە لە گەل بەغدا رێكبخات و چارەسەریان بكات . 

ھەمیشە لە ھەرێم دەنگێك ھەبووە كە بەغدای وەك دێوەزمەیەك وێناكردووە و بە سەرچاوەی نەھامەتیەكانی ئەم ھەرێمەی زانیوە  ، پاڵپشتی سەرەكی ئەو دەنگەش پارتی دیموكراتی كوردستان بووە ، كە ھەموو كات لە رێگەی ئەو جۆرە لە تسریحات و ھوتافانە ، ویستویەتی چاوی خەلك لەسەر نارێكیەكانی حكومەتەكەی ھەولێر لابدات و بە شەری بەغداوە سەرقاڵیان بكات و لە ھەمویشی مەترسیدارتر بە شەری نەتەوەیی بە ھاوڵاتیانی بفرۆشێتەوە . 

ئێستا لە بەغدا لەلایەن چەند پەرلەمانتارێكەوە ھەولێك ھەیە بۆ شەفاكردن و رونكردنەوەی داھاتی ھەرێم و ئاشكراكردنی دۆسیەی نەوتی ھەرێم  ، بەڵام لە لایەن بەشێك لە سەركردەكانی پارتی و لە رێگەی میدیاكانیانەوە ، ھێرشێكی گەورەی رێكخراو و بەرنامە بۆ دارێژراو دەكرێتە سەریان . وەك ئەوە وایە ئەوان بەرپرس بن لە بەھەدەردانی سامانی وڵات و دزینی موچەو بودجەی خەڵك ، ئەوان بن كە خاوەنی دەیان گرێبەستی نەوتی ناشەفاف و نادیارن ، ئەوان بن بە بۆری تایبەت و بە تانكەری درەنگی شەوانە نەوت ئاودیو بكەن و ھەر ئەوانیش بن خاوەن كێڵگەی نەوت بن . 

پارتی و بەرپرسانی ھەولێر لە جیاتی وردبونەوە لە ھۆكارەكانی بلاو بونەوەی كێشەكان و فەراھەمكردنی دۆخێكی ئارام و باشتر  بۆ گەنجان و ھاولاتیانی ئەم ھەرێمە ، زیاتر سورترن لەسەر شاردنەوە و داڵدەدانی قوتی خەڵك و سەفتەكردنیان لە ژێر زەمینەكان . ئەگەر ئەو پەرلەمانتارانە خائینن و راستگۆ نین ، ئەی كوا موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان ؟؟؟ لە كاتێكدا بەغدا پێنج موچەی بەتەواوی ناردووە و وا ھی شەشەمیش خەریكە بگات ؟؟؟ 

ئێستا جۆرێك لە سیاسەت كاری پێ دەكرێ كە قسە شتێكە و كردار شتێكی دی ، لە میدیاكانیانەوە بە غدا جارێك موفلیس و جارێك دوژمنە ، بە كرداریش شەر و ھەراو زەنایە بۆ وەرگرتنی پۆستێك لە بەغدا. لەھەموی ترسناك تر ئەوەیە، بەھۆی ئەو بودجە زەبەلاحەی میدیاكانیان لە بەردەستیانە ، ھەركەسێك لە دژی سیاسەتەكانی ئەوان دەنگ ھەڵبرێ ھەر زوو بە شەیتان و بە كرێگیراو دەشوبھێندرێ ، بێ ئاگا لەوەی كە ئەوەی لەم وڵاتە دەگوزەرێ لە نەھامەتی و بێ كاری و نەداریدا ، لە دونیای ئەمرۆدا بێ وێنەیە..

ئادەم ئاودەل

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی