بنەماڵەی تاڵەبانی و پۆستی سەرۆكی هەرێم

27/06/2019

ئیبراهیم عەلی

بارزانی باشی كردبێت یا خراپ! ئەوەی گرنگە بەپێی یاسا كارپێكراوەكانی هەرێم ئەو ماوەی خۆی تەواو كردووەو دەبێت هەموان دان بەوەدا بنێن، چونكە ئەمە یاسایەكە بەزۆرینەی پارتی و یەكێتی لەرابردوودا لەپەرلەمان تێپەرێندراوە... 

لەئێستاشدا تەنیا پارتی مانەوەی بارزانی بەمافی خۆی دەزانێت. هەر كەسێكمان رەخنەمان لەپارتی هەیە لەسەر ئەمە شتێكی رەوایە، بەڵام دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگرین و لەخۆمان بپرسین بۆچی پارتی ئەم پۆستە بەمافی خۆی دەزانێت؟ 

دەبێت لەمەدا بگەرێنەوە بۆ ئەو سەرەتانە سیاسییەی كەپێی دەوترێت رێككەوتنی ستراتیژی. بەپێی ئەم رێككەوتنە پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ یەكێتییەو پۆستی سەرۆكی هەرێمیش بۆ پارتی... ئەم رێككەوتنەی پارتی و یەكێتی زۆرتر لەرێككەوتنی دوو بنەماڵە دەچێت تا رێككەوتنی دوو هێزی سیاسی... 

ئیدی پارتی یا رونتر بڵێین بنەماڵەی بارزانی خۆیان بەماف خوراو دەزانن كە ئەگەر بارزانی نەبێتەوە سەرۆكی هەرێم، چونكە لەكاتی دەنگدان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار پارتی گوێی بەدەنگی زۆرینەی یەكێتی و هێزە ئۆپۆزیسیۆنەكان نەدا كاتێك دەیانویست بەرهەم ساڵح ئەو پۆستە وەربگرێت، بەڵكو پارتی كاندیدەكەی بنەماڵەی تاڵەبانی سەرخست... 

پاشان لەبەرامبەر كاندیدەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بۆ پۆستی جێگری سەرۆك حكومەت دیسان پارتی بۆچونی بنەماڵەی تاڵەبانیان سەرخست و كورە گەورەكەی مامی گەورەیان قبوڵكرد...

ئیدی لەدوای ئەمە نۆرەی بنەماڵەی تاڵەبانییە وەڵامی بارزانی بدەنەوە... دڵنیام ئەگەر سزای هەڵبژاردن نەبوایە بەرۆژی روناك یەكێتی پشتگیری بارزانی دەكرد و شتێك بەناوی یاساو دیموكراسیەت و دەستاو دەستكردنی دەسەڵات لەئارادا نەدەبوو...

بارزانی لەمانەوەیدا لەپۆستی سەرۆكی هەرێم و كوڕەكەشی لەبەرپرسیارێتی مەلەفی ئەمنی و برازەكەشی لەپۆستی سەرۆكی حكومەت، بریتی بێت لەهەنگاونان بەرەو سیستەمێكی دیكتاتۆری... نابێ تەنیا پارتی بەتاوانبار بزانرێت، بەڵكو تاوانباری سەرەكی بنەماڵەی تاڵەبانییە كەهاوكاری راستەقینەی پارتی بوون تا ئەو سیستەمە دروست ببێت... 

لەئیستاشدا دڵنیام مەترسی راستەقینە لەسەر كورسییەكەی بارزانی دروست ببێت، بنەماڵەی تاڵەبانی فریاد رەسی بارزانی دەبن... لەئێستاشدا گومانم هەیە رێككەوتنێكی دیكەی نهێنی هەبێت لەنێوان بنەماڵەی تاڵەبانی و بارزانی... بارزانی گلۆپی سەوزی بۆ یەكێتی هەڵكردووە تا بەم شێوەیە مامەڵە بكەن تا بەڵكو لەو رێیەوە بنەماڵەی تاڵەبانی دەنگە تۆراوەكانی بۆ بگەرێتەوە لەهەڵبژاردنی داهاتوو، لەبەرامبەریشدا دەرچەیەكی رووكەشكراوی یاسایی بۆ پارتی دەبێت تا لەرێیەوە بارزانی لەپۆستەكەی بمێنێتەوە... داهاتووش ئەمەمان زیاتر بۆ روون دەكاتەوە...

ئیبراهیم عەلی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی