بۆردومانەكانی توركیاو نەبونی هەڵوێستێكی بە پەیڕەو

29/06/2019

كەمال محەمەد

كاتێك لاپەرەكانی مێژوو هەڵ بدەینەوە ،لە كوردە یەكەمینەكانەوە تا ئەگاتە كوردانی هاوچەرخ هەمیشە راستینەیی نیشتمانی دایك بۆ كوردان لە ئارادا بوە ،كە بە چەندین دەستەواژە ئەتوانین ئاماژەیان پێ بدەین لە سەردەمی سۆمەرییەكان و لوییەكان و هێلینییەكان ،هەریەك لەمانەش بە پێی بەسەرچونی كات گۆڕانكاریان بەسەردا هاتوە ،لەسەردەمی دەسەڵاتی  سەلجوقییەكانیش لە دوای سەدەی یانزەی زایینیەوە بەشێوەیەكی فەرمی ناوی كوردستان بونی هەبوە لێرەدا ئەوەی  مەبەستمە  ناوهێنان و داننان بە كورد و كوردستانە لەلایەن توركەكانەوە كە سەرەتاكەی بۆ سەردەمی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی ئەگەرێتەوە كە لە سەدان فەرمانەكانی سەردەمی سوڵتانیدا دەستەواژەی كوردستان و خاكەكەی بەكارهاتوە تەنانەت لە سەردەمی  كۆماری توركیادا چەندین جار خودی كەمال ئەتاتورك ئەم دەستەواهەیەی بەكارهێناوەو كوردەكان توانیویانە نوێنەری خۆیان هەبێت لە پەرلەماندا ، بەڵام لەدوای  سەردەمی پلانگێڕییەكانی توركیاوە لەدوای ساڵانی ١٩٢٥ ەوە كورد بون و كوردستان ،ئەمەش سەرەتای  هەوڵەكان بو دژ بە كورد و جوگرافیای كوردستان كە بەردەوام خواستویانە راستینەیی كورد لە مێژودا بسڕنەوەو نیشتمانی كوردستان و جوگرافیاكەشی بە نەبون دابنێن ،

نیشتمان  و خاك  وەك دەستەواژەیەكی سۆسیۆلۆژی جوگرافیایەك پێناسە ئەكات كە بەدرێژای سەدان ساڵ كەلتوری نەتەوەیەكی لەسەر بنیاد نراوە و لە بواری دیمۆگرافیشدا وەك شوێنی نیشتەجێبونی نەتەوەیەك دانراوە  ،بەڵام ئێستا نیشتمانی كوردستان بە گشتی و بەشی باشوری لەم چەند رۆژەیدا روبەروی دۆخێك بوەتەوە كە بەدرێژایی چەندین ساڵە لەژێر هەرەشەو بوردومانەكانی توركیای هاوسنوردایە ،ئەمە لە كاتێكدایە  هێرشكردنە سەر هەر وڵاتێك و بەزاندنی سنورەكەی بە تاوانێكی گەورە دادەنرێت لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا ،بەڵام بەرژەوەندییە سنورنەناسەكانی دەسەڵاتدارانی ئەم هەرێمە بەتایبەت  و بێ دەنگ بونی حكومەت و پەرلەمان و حیزبە سیاسییەكان وای كردوە ئەو سنورانەو گیانی هاونیشتمانیان ببنە ماڵخۆی ئەم جۆرە پەلامار و بۆردومانانەی توركیا كە چەندین جار هاوڵاتیانی سیڤیلی تێدا بۆتە قوربانی سزای مادیشی گەیاندوە بە هاوڵاتیانی سنورەكە ،بۆیە ئەو بێ دەنگی بێ هەڵوێستییەی حكومەت زیاتر نیگەرانی و  مەترسی بێ نیشتمانكردنی كوردان و هەرێمی كوردستان ئەخاتە روو ،

ئەوانەی تا دوێنێ ئەیان وت  گوایە ئامادەن لە پێناو بستێك خاكدا ئامادەن بجەنگن ئێستا لە كوێن ئێستا نەك بستێك بەڵكو دەیان كیلۆمەتر سنورەكان بەزێنراون و چەندین هاوڵاتی بونەتە قوربانی بۆردومانە سنورنەناسەكانی توركیا و وڵاتانی دراوسێوە و راستینەیی كورد و نیشتمانی دایك بریندار كراوەو لە جانەڵادایە كەچی نەك هەر نەیان توانی سنورەكان نەبەزێنرێن بەڵكو هەڵوێستێكیشیان نەنواندوە لەهەمبەر ئەو پەلامار و دەستدرێژیانەی توركیاوە كە ئەمە چەندین جارە ئەكرێتە سەر هەرێمەكە ،هەرئەمەش وایكردوە كە باشور روبەروی شەرێكی ئاشكرا بكرێتەوە ،بۆیە دەسەڵاتدارانی  توركیا هێزی خۆیان لەو دیدەی سیاسەتی حكومڕانی هەرێم وەرگرتوە كە هیچ پێداگرییەكیان لەسەر پاراستنی ناسنامە و خوێنی هاوڵاتیانی خۆیان نییە و نەیتوانیوە لەروی سیاسی و دیبلۆماسییەوە هەبون و گرنگی هەرێمەكەو كوردەكان بۆ كۆمەڵگای نێو دەوڵەتی بسەلمێنێت و لە هەمو كات زیاتر پشتگیری نێو دەوڵەتی بەلای خۆیدا رابكێشێت ،

ئەوەی جێگای داخە نابینایی هێزە سیاسییەكان و بەتایبەت نەبونی ئۆپۆزسیۆنێكی كارامەو هەڵوێستی شەقامە دژ بەو پێشێلكارییانەی كە بۆ سەر هەرێمەكەمان ئەكرێت كە هیچ هەنگاوێكی پێویستیان بۆ پاراستنی گیانی هاوڵاتیان و خاكەكەی دەست پێنەكردوە و لە رێگەی نوێنەرەكانیانەوە لە بەغدا  هیچ فشار و  رێگایەكیان نەگرتۆتە بەر لەسەر بنەمای پاراستن و ژیانداریكردنی  خاكی هەرێم بە تایبەتی و عێراق  بە  گشتی ،بۆیە لەم سۆنگەیەوە  پێویستە هەموان بێنە دەنگ و  تەواوی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی  لەهەمبەر ئەم پێشێلكارییانە بەئاگا بهێننەوەو ،چون بەرگریكردن لە خاك و هەوڵدان بۆ ئازاد مانەوەی مەرجێكی دەستبەرلێنەدراوی ژیانێكی  مرۆییانەو شەرەفمەندانەی هەر كۆمەڵگایەكە .

كەمال محەمەد

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی