ئایا گۆڕان پێشەنگی ئۆپۆزسیۆنبوونی دۆڕاندووە؟

30/06/2019

عیماد عه‌لی

هیچ كەسیك ناتوانێت نكوڵی لەوەبكات كە بە دامەزراندنی گۆڕان ئۆپۆزسیۆنی راستەقینە لە كوردستان سەریهەڵدا و نارەزایەتی و دەنگی زوڵاڵی خەڵكی ستەملیكراو بەرزبووەوە و هەڵسەنگاندنی حوكمڕانی كوردستان بە دەنگی بەرز خۆی سەپاند و كەلێنەكانی دەسەڵاتدارێتی خرانەروو و خەڵك زنجیری ترس وتۆقاندنی دەسەڵاتی بچڕاند. لێرەدا قسەمان لەسەر ئەوە نپە كە ئایا گۆڕان لەبنەڕەتدا بۆ ئەو مەبەستە دامەزرا كە رۆڵی ئۆپۆزسیۆنی گشتی لە كوردستان بگێڕێت و لاسەنگی حوكمڕانی لە كورستان هاوسەنگ بكاتەوە یان وەكو نارەازەیاتیەكی نێو حزبێك چەكەرەی كرد و جیابووە و وەزعی كوردستان وای سەپاند كە ببێتە پێشەنگ و دواتر فراوانبونی خۆی بۆ سەرجەم كوردستان سەپاند، گرنگ لەدەرئەنجامدا لە ئەمری واقیع و بارودۆخە خودی و بابەتیەكە خۆڕسكانە سیستمی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنی بە شێوەیكی سروشتی هێنایەئاراوە. 

بەڵام لەو رۆژەوە بزوتنەوەی گۆڕان دامەزراوە تاوەكو ئەمرۆ بە چەند قۆناغێكی جیاوازدا تێپەڕی و هەرجارە و ئەرێنی و نەرێنی زۆرێك لە هەڵوێستەكانی كاریگەری بنەڕەتی لەسەر پێكهاتەو سیاسەت و رێباز و ستراتیجی بزوتنەوەكە جێهێشتووە و، تادواجار گەیشت بەوەی لە بزوتنەوەیەكی جەماوەری فراونەوە وردە وردە بە خۆی بگۆڕێت بۆ حزبێكی كلاسیكی كە ئەویش وەكو ئەوانیتر لە هەوراز و نشێودا بدات و بە قەیراندا تێپەرێت و كێڕڤی قەبارە و متمانەی خەڵك و جامەوەریەكەی هەڵبەز و دابەز بكات و، تا دواجار و بە بەشداری بێ قەیدو شەرتی لە دەسەلات و بێ هەڵسەنگاندی وەزعی خۆی بە هیچ شێوەیەك جیاوازیەكانی لەگەڵ یەكێتی پارتی نەخوێنێتەوە ( لە رووی جەماوەری و نەبوونی هێزی عەسكەری و نەبوونیی سەرچاوەی دارایی بە هێز)  و  تەنها لەبەرچاوگرتنی كۆنە ركابەری و رەفتاری هاوشێوەی ئەوكاتەی كە لە نێو رێكخستنەكانیدا بوو سیاسەتی بەكاربردنی سەرچاوە مادیەكان بگرێتەبەر و بەهیچ شێوەیەك حساب بۆ جەماوەر نەكات و تەنانەت پارتی و یەكێتیی ئەمرۆ  و پێگەی ئەوان بە بەراورد بە خۆی بەهیچ شێوەیەك نەخوێنێتەو و وەكو ئەوان رەفتار بكات.

بزوتنەوەی گۆڕان بێ ئەوەی هیچ ئامانجێكی بهێنێتەدی سەنگەری ئۆپۆزسیۆنبونی خۆی چۆڵكرد و بە بێ هیچ رەصیدێكی پێویست خۆی خزاندە نێو دەسەڵاتەوە و لەو ناوەشدا پارتی بە زۆرزانی خۆیەوە رێگەیكەی گۆڕانی گریسرێژ كردو ئەگەری خلیسكانی تا دێت زیاتر دەبێتەوە و، ئەوەی دەمێنێتەوە ئەوەیە تەنها  پۆست و پێگەی حزبی تەسك و بەرژەوەندی شەخسی كۆمەڵێك لە بازنەیەكی دیاركیراو دابین و دەستەبەر دەكات.

ئەوەی دیارە حكومەتی هەرێم لە قەیرانێكی قووڵدایە و دەرفەتێكی فراوانی لەبەردەمدا نیە كە بەم نزیكانە دەرباز بێت و وەزعەكەی ئاساییبێتەوە، بۆ ماویەكیشە دەسەلات لە هەلی زیاتر دەگەرێت وەكو پێشتر بۆ یاریكردنی بەكارهێنانی هەردوو حزبی گۆڕان و یەكێتی كە وابكات ئۆپۆزسیۆن تەنها بەناو بمێنێتەوە و هەردوولایەن بۆ ماوەیكی درێژ بخاتە دوای خۆیەوە، بەڵام هەمیشە لەدوورەوە ئێسقانەكە بە كەمێك گۆشتەوە پیشانیانبدات. ئێمە لێرەدا باسی هۆكارە بابەتیەكان ناكەین كە دەستی دەرەكی و ناوەكی لەم وەزعە قەیراناویەدا هەیە یان نە، تەنها مەبەستمان ئەوەیە بیسەلمێنێن ئایا ئۆپۆزسیۆن لە ئاوی لێخنی بەرژەوەندی حزبدا خنكاوە یان لەزەلكاوی نەزانی و هەڵپەی دەسەڵاتداری و كورتبینی سەركردایەتی و بیری تەسكی كاڵفامانە و هەرزەكاری سیاسی نوقم بووە و زیندبونەوەی نیە.

بایكۆتی زۆرینەی خەڵكی كوردستان بۆ هەلبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان نیشانەی بێباوەڕی و بێمتمانەیی خەڵكە بە سەرجەم حزبەكان و ئەم جارەش گۆڕان بە بەشداری لە دەسەڵات تەنها قازنجی حزبی خۆی دەكات و دوابزماری ئۆپۆزسیونبونی لە نەعشی حزبەكەیدا و بە یەكجاری و تاهەتایە ئەو متمانەیە هبەدەستناهێنێتەوە كە لەسەرەتای دامەزراندنیەوە بەبدەستیهێنابوو. ئەگینا بە مانەوەی و توندكردن و تۆكمەكردنی پۆپۆزسیۆنبونی خۆی هەل و بواری ئەوەی لەبەردەمدا بوو كە راوبۆچون و سۆزی ئەو خەڵكە نارازیە تا رادەەیك رابكێشێت بۆ لای خۆی. لەلایەكی ترەوە گۆڕان مەگەر شانازی بە مێژووەوە بكات كە هابەشە لەگەڵ یەكێتیدا و باس لەو قوربانیانە بكات و لەمەش هیچ جیاوازیەكی لەگەڵ یەكێتیدا نامێنێتەوە و وا باشترە زیاتر لە یەكێتی نزیك بێتەوە نەك ململانێی بكات و خۆی بخاتە  باوەشی پارتیەوە و هەلی یاریكردن بۆ پارتی زیاتر و فروانتر بكات. بەمەش دەتوانێت زۆرێك لەو مشەخۆرانەی خۆی و هەوادارە بەژەوەنخوازەكانی رازیبكات و هاوسەنگی هێزی گشتی لەكوردستان تا رادەیك هاوسەنگ بكات. دیارە زۆربونی دەنگی نارەزایی لە نێوگۆڕان شایەتی ئەوەیە كە هەنگاوەكان بە هەڵەنراون و خەڵكی دڵسۆزی ناو گۆڕان تارادەیك باش هەستیان بەوە كردووە. 

بۆیە دەكرێت ئەو خەڵكەنارازی و خاوەن مێژووەی ناو گۆڕان و دەرەوەی و ئەوانەی بایكۆتی دەنگدانیان كرد  لە نەوەی تازە و كۆنیش بەمیكانیزمێكی نوێ و تۆكمە و بە هەنگاوی یەكەمی دامەرزاندنی ئۆپۆزسیۆنی راستەقینە كە تاوەكو ئەم حزبە دەسەڵاتدارانە نەخاتەلاوە بەشداری دەسەڵات نەكات و لە هەوڵی بەردەوامی هەمەچەشندا بێت بۆ دروستبونی ئۆپۆسیۆنی راستەقینەی دڵسۆز كە تاكە ئامانجی سەرەكی لە سەرەتادا لابردنی ئەم دسەڵاتە گەندەڵە بێت، ئەگەر چەندین خولی هەڵبژاردنی تریش چاوەرێ بكات، ئەگینا گۆڕان سەنگەری ئۆپۆزسیۆنی خۆی دۆراندووە و تاهەتایە وەزعی تایەبتی خۆی جێگیر نابێت و تا دێت كرژ دەبێتەوە و تەنها بازنەیكی دیاریكراوی دەسترۆیشتووی هەمان شێوەی حزبەكانی تر دەمێنێتەوە. یان بەێشویەكی كاتی ئەگەر بەخۆداچونەوە بكات و لەگەڵ خەڵكە رەسەنە دڵسۆزە نیشتمانپەرەوەرە خاكیەكەی یەكێتی هەماهەنگی بكات و لەم قۆناغەدا ئۆپۆزسیۆنێكی بەرەیی دروستبكەن و لەوكاتەدا ناوكی پاك و بەهێز و دڵسۆزی ئۆپۆزسیۆنی راستەقینە لەگەڵ خەڵكە بێلایەنە نارازیەكە خۆی فەرزدەكات.  

عیماد عەلی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی