دەگەرێمەوە بۆ وڵاتەکەم !

02/07/2019

حەسەن رەحمان پەناهــ




ئەو سەردێڕەی سەرەوە، سەردێڕی یەکێک لە گۆرانیە بە ناوبانگەکانی " مەزهەری خالقی" هونەرمەندی ناسراوی کوردستانە . ناوبراو چل ساڵە و پاش داگیرکردنی کوردستان و کوشتاری و قتڵ و عامی خەڵکی ئەم ناوچەیە لە لاین تاوانبارانی فاشیستی ئیسلامی زاڵ به سەر ئێراندا، لە دەرەوەی زێدی خۆی ژیاوە . خالقی وەک هەر کەسێکی دیکە کە لە شوێنی ژیان و کاری دابراوە ، حەز لە گەرانەوە بۆ ئەو شوێنە دەکات و مافی خۆیەتی. لەم نێوەدا لەوانەیە مەزهەری خالقی لە خەڵکی دیکە زیاتر حەزەی لە گەرانەوە بێت ، هەر بۆییە گۆرانی بۆ دەڵێت. بەڵام لە گۆرانییە بە ناو بانگەکەی مەزهەری خالقی دا ،دەسەڵاتدار وەک داگیرکەر و دوژمن باسدەکرێت، و دەڵێت "دۆژمن پێی خۆش بێت ، یان پێی ناخؤش بێت ، دەگەرێمەوە بۆ وڵاتەکەم" . بەڵام ئەم چوونەوە، گەرانەوەیەکی ئاسایی و سەر بەستانە بۆ "وڵاتەکە"ی نییە، بەڵکوو ئەوەی دەبینرێت ، پێخؤشبوونی دۆژمن و شکاندنی کەرامەتی شەخسی ئەو و کردنەوەی رێگا و ڕێچکەیەکە کە ساڵهایە لە هەرێمی کوردستانی عێراق و لە ناو دەسەڵاتدارانی ئەم هەرێمە هەوڵی بۆ دەدرێت . ساڵهایە بەشێک لە بەرپرسانی هەرێم کوردستانی عێراق بە پێدا هەڵوتن بە دەسەڵاتدارانی ئێران و تورکیە ،هەوڵ بۆ گەرانەوەی نەیارانی سیاسی ، هونەرمەندان ، شاعێران و نووسەررانی دژ بە حکومەتی پەت و سێدارەی نیشتەجێ لەو بەشەی کوردستان یا دەرەوەی وڵات وەک دیاردەی دەستی خۆیان بۆ لای جەلادانی زاڵ بە سەر ئێران و تورکیەدادەدەن. چەند ساڵ پێشتر هەر ئەم کارەی کە ئەمرۆ لە گەڵ مەزهەری خالقی کرا، لەگەڵ "شوان پەروەر" گۆرانی بێژە ناوداری خەڵکی کوردستانی تورکییە نەنجامدرا و ناوبراو بە دەنگ و فەنگ، گرێنرایەوە ئەو وڵاتە و تەنانەت "ئوردوغان" ی فاشیست رەسمی(عکس) هاوبەشی لەگەڵ گرت و وەک ریکلامی حزبی بۆ پروپاگەندەی هەڵبژاردن لە ناو خەڵکی کوردستانی تورکییە کەڵکیان لێ وەرگرت. 
مەزهەری خالقی بۆ "کونگرەی ناودارانی کورد" کە لە شاری سنە ، ناوەندی پارێزگای کوردستان لە لاین دەسەڵاتدارنی کۆماری ئیسلامی و دەست و پێوەندەکاناین رێکخراو ، گەرایەوە. ناوبراو لە سنوری مریوان لە لاین چەند پیاوی قێزەون و ریشداری کۆماری ئیسلامی کە بەرپرسی ئەو شارە داگیرکراوەیە و دەسەڵاتدارانن، بەخێر هاتنی لێکرا. کاک مەزهەر هەر لە یەکەمین هەنگاویدا پای ناییە خاکێک لە بۆنی خوێنی لێدێت. هەر لەو سنوورەی ئەو پێدا تێپەر بوو، دەیان کۆڵبەری ستملێکراو کە هەڵوەدای پاروە نانێک بۆ بنەماڵەیانن ، گیانیان لە دەستداوە یان بریندار بوون و رۆژانە دەبنە قوربانی. بست بە بستی ئەو رێگایی کە خالقی تا سنە گوزەرەپێداکرت ، مەیدانی دەیان و سەدان بەرخۆدان و قارەمانەتی دژ بە داگیرکەران بووە و سەدان و هەزاران قوربانی لێکەوتووەتەوە. خالقی جووە نێو شارێک کە کۆچی مێژووی دژ بە بوونی پاسداران لە هاوینی ساڵی ١٣٥٨دا لە لایەن کۆمۆنیستی بە ناوبانگی کوردستان ، ئێران و ناوچەکە کاک فۆادی مستەفاسۆڵتانی و هاورێکانی تێدا رێکخرا ، بەڵام ئەمرؤ قاتڵەکانی ئەوان و رۆڵەکانی شاری سەربەرزی مەرێوان تێیدا دەسەڵاتدارن. کاک مەزهەر چووە شارێک وەک هەموو ئێران، نیوەی دانیشتوانی، واتە ژنان لە حجاب و چادری رەشی کویلەتی ئیسلامییەوە به پێچەوانەی بیروباوری خۆیان پێجراونەتەوە ، داپؤشراون و دەژین. مەزهەری خالقی بەرەو شاری سەربەرزی سنە، پل کێشکرا کە رۆژانە ناوەندی ململانێی جەماورەی خۆراگر ، لاوانی شۆرشگێر، کرێکارانی لە ستەم یاغی ، ژنانی دژ به داب و نەریتی پیاوسالار و ئاینی و لە یەک وەشەدا، شاری سووری سەربەرزییە. 
بریارە رۆژانی سێ شەممە و چوارشەممە ١١ و ١٢پوشپەری ئەم مانگە، لە شاری سنەی قەڵای بەرخۆدان و رچە شکێنی فەرهەنگ و کلتوری شؤرشگێری و ئینساندۆستی دژ به کۆنەپەرەستی ، یەکێک لە کۆنە پەرەستانەترین کۆنگرەکانی کۆماری ئیسلامی لە ژێر ناوی "کونگرەی ناودارانی کورد" لە عەمارەتی خەسرەوئاوا، شوێنی ژیانی پێشووی "مەستورەی ئەردەڵان"، لە مەنتەقەی "موارەک ئاوا" بەرێوە بەچێت . ئەم بە ناو کونگرە ، بە چەند ئایەت لە قوران و دف و موناجات لە ژێر رەسمی(عکس) جنایتکارانی هاوچەرخی ٤٠ ساڵی رابردوو ، واتە خۆمەینی و خامەنەیی و لە ژێر بریقەی چەکی خۆێن ڕژانی خەڵکی کوردستان ،واتە سپای پاسدارن بەرێوە بەچێت. لەم بە ناو کۆنگرە، ئەگەر یادیش لە کەسانێک بکرێت کە ناودارن و خزمەتێکیان لە سەردەمی خۆیان به خەڵکی کوردستان و باقی خەڵکانی دیکەی ئێران و ناوچەکە بۆ رزگاری کردبێت، کۆماری ئیسلامی هەموو بەشە پوزتیوەکانی ژیانیان دەسرێتەوە و هەوڵ دەدات بە فەرهنگ و کلتوری ئیسلامی و پیاومەزنی دەسەڵاتی ئەمرۆی خۆی پێناسەیان بکات ، بۆ ئەوەی خۆی بە دڵسۆزی خەڵکی کوردستان نیشان بدات! ئەو کؤنگرە کۆنەپرستانە و سیخناخ بە دواکەوتوویی، لە شارێک و لە ناوچەیەک دەگیرێت کە چل ساڵە لە لاین کۆماری ئیسلامی به دڕندانەترین شێوە خەڵکەکەی سەرکؤت و فەرهنگ ، رابردوو و ئێستای لە ژێر سیبەری توانەوەدان. ئەم بە ناو کۆنگرە لە شارێک و ناوچەیک دەگیرێت ، کە گۆرستانی تایلە ، بەهەشتی مەحەممەدی و دەیان قبرستانی دەورووبەری ، بە سەدان شاعر، هونەرمەند، مرۆڤی تێکۆشەری و ئینساندۆست ، به دەستی کۆماری ئیسلامی و دەسەڵاتدارانی هاوشێوەی پێشووی ئەو ،ئێعدام و گۆڕ ون کراون، لە ژێر خاکدا نووستەوەن و باسکردنی ناویان قەدەغەیە.
کۆماری ئیسلامی ئەم بەناو کۆنگرە بۆ رێزگرتن لە "ناودارانی کورد" ناگرێت، چونکا دەسەڵاتێک کە ناودارترین تێکۆشەرانی شاری سنە و باقی کوردستان و ئێرانی، ئێعدام ، یان ترور ، یان لە بەرگەری پیشمەرگانە لە بین برد، یان هەڵوەدای هەندەرانی کردن ، ناتوانێت رێز لە مردووەکان و ناودارانی ئەو وڵاتە بگرێت و دڵسۆزی ئەوان بێت. 
کۆماری ئیسلامی ئەمرۆ لە شپرزەترین هەلومەجی ژیانی خۆیدا دەژی. گڵوڵەی لە لێژی کەوتووە. مۆتەکەی مەرگ بە سەر سەرێوە دەخولێتەوە. بە هەموو چەشنێک پەلە قاژێ دەکات خؤی لە خنکاندن نەجات دات. لە هەموو کات زیاتر وەبەر رق و بێزاری خەڵکی ئێران و ناوچەکە کەوتووە. بە پەڵە سەرقاڵی رووکردنی کارتەکانی، بە تایبەت دژ به شؤرشی خەڵکی کوردستانە. 
باس و دەنگۆی دانیشتن لە وڵاتی نۆروێژ لە لایەن چوار لایەنی هاوکار لە "ناوەندی هێزە سیاسیەکانی کوردستان" و دەرکاندی ئەم بە ناو دانێشتنە کە لە لاین بەرپرسانی وەزارەتی ئیتلاعات و سپای پاسداران بەرنامەی بۆ دارێژراوە و هیچ پەیوەندییکی بە ویست و داوخوازەکانی خەڵکی کوردستانەوە نییە و تەنیا بۆ راگەیاندنی هەرەشەو گورەشەکانی سپای پاسدارن به برپرسانی ئەو ناوەندیە و بۆ پەرە پێدان بە ئاژەوەگێری لە نێوان ئەوان و لایەنەکانی دیکەی چالاک لە گۆرەپانی سیاسی کوردستان و بە مەبەستی لە چاوەروانی راگرتنی خەڵکی کوردستان لەم هەلومەرجە هەستیارەدا هەواڵەکەی بڵاو دەکرێتەوە ، هەر وەها رێکخستنی "کۆنگرەی ناودارانی کورد" لە ناوخۆێ کوردستانیش هاوکات لەگەڵ هەرەشەکانی سپای پاسداران لە سەر سنورەکان، و لە سەرووبەندی ساڵ وەگەری ئێعدامی ٣ بەندکراوی سیاسی "رامین حۆسین پەناهی، لوقمان و زانیار مورادی" و هەر وەها موشک بارانی بارەگاکانی دوو باڵی حیزبی دیمۆکرات لە نەزیک شاری "کویە" و گیانبختکردن و بریندار بوونی زیاتر لە ٥٠ کەس لە ئەندامانی رێبەری و کادرو پێشمەرگەی ئەو دو حیزبە و مانگرتنی یەکگرتووانە و سەرکەوتووانەی خەڵکی کوردستان لە سەر بانگەوازی لایەنە سیاسیەکانی کوردستان دژ بەو دوو جەنایەتە، حەڵقەگەلێک لە زنجیرێکن کە لە لایکەوە بزوتنەوەی شۆڕشگێرانەی خەڵکی کوردستان و بە تایبەت لایەنی کرێکاری ، چپ ، سوسیالیست و ئازادیخوازی ئەو بزوتنەوەیان کردوەتە نیشانە و لە لایەکی دیکەوە ترس و خۆفی کۆماری ئیسلامی لە خەباتی عادڵانە و هەقخوازانەی خەڵکی ئازادیخوازی ئێران و کوردستان نیشان دەدات. لە وەها هەلومەرجێکدایە مەزهەری خالقی بەرەو کوردستان و شاری سنە دەچێت و ئەم شەو لە کاناڵی تلویزیونی ئەم شارە ، گۆرانی " دەگەرێمەوە بؤ وڵاتەکەم"ی بۆ بڵاو دەکەنەوە !؟ 
لە کاتێکدا ئەگەر خالقی پاش بریاری جیهادی خۆمەینی لە ٢٨ی گەڵاوێژی ٥٨ و پەلاماری هەمە لایەنەی سپای پاسداران و ئەرتش بۆ سەر کوردستان ، لە ئێران وەدەر نەکەوتایت و هاوکاری رەژیمی نکردبا ، ئێستا ئێسک و پروسکیشی بە دەست ئەو کەسانی کە ئەمرۆ دەست لە ناودەستیان دەنێت، نەدەما، و هەروەها لە کاتێکدا ، شاعێران ، هونەرمەندان و دڵسۆزانی خەڵکی کوردستان، ئەو بە ناو کونگرە کۆنەپەرستانە بایکۆت دەکەن و لە ریزی خەڵکەکەیان خۆیان جیاناکەنەوە ، چوونەوەی مەزهەری خالقی بۆ بە ناو "کۆنگرەی ناودارانی کورد" لە راستیدا لە خزمەت بە بازار گەرمی و چەواشەکاری کۆماری ئیسلامی لە دڵسۆزی درۆزنانە بۆ رابردووی خەڵکی کوردستان و لەتمە لێدان لە رابردووی خالقی تەواو دەبێت و چارەنووسێکی باشتر لە چارەنووسی "شوان پەروەر" لە ئێستا و داهاتوودا چاوەروانی ناکات.
لە وڵاتێدا مافیای سپای پاسدارن و "بەیتی رەهبەری" تێیدا زاڵن و زیندان ، شکنجە و ئێعدام، ڕۆژانە ئینسانەکان دەکات بە قوربانی ، نە پیلانی سپای پاسدارن و وەزارەتی ئیتلاعات به ناوی "وتووێژ"، بۆ لایەنەکانی بەشدار لەو گاڵتەجاری خۆفریوی و پیلانەدا، بێجگە لە مایە پووچی به جێیک دەگات و نە "گەرانەوە بۆ وڵاتەکە"ی خالقی لەم ساڵانەی ئاخری تەمەنی، بێجگە لە بێ ڕێزی بە خۆی و هونەرەکەی لە نێو هۆگەرانی دەنگی، هیچی دیکەی بۆ بە دیاری ناهێنێت. سەد بریا مەزهەری خالقی کاتێک بگرایتەوە بۆ "وڵاتەکە" ی کە بە جێی قاتڵانی کۆماری ئیسلامی، خەڵکی خەباتکار و کۆڵنەدەری کوردستان و بە تایبەت شاری سنە و مریوان پێشوازیان لێکردبا. بەڵام بە داخەوە وا بریاری نەدا ، یان وایان بریاربۆ نەدا؟

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی