یەكێتی لەژێر چەپۆكی سكرتێری بەرپرسەكانیدایە

03/07/2019

هێمن غازی

ئاشكرایە كەیەكێتی نیشتیمانی كوردستان وەك حزبی سەرهەڵدانەوەی شۆڕشی نوێی گەلەكەمان توانی جارێكی تر كورد لەنوسكەی شكستەوە بگەیەنێتە ئەو قۆناغەی كەدواجار ڕاپەرینی گشتی شار وشارۆچكەكانی كوردستانی بەدوادا هات و گەیشت بەم قۆناغەی ئێستای، كە چەندین پارت و لایەنی سیاسی جیاواز مومارەسەی سیاسەت و حزبایەتی دەكەن.

یەكێتی هەمیشە خاوەنی سەركردەی تێكۆشەرو شەهیدی سەركردە بووە، ئەم سەركردانەش تا ڕادەیەكی زۆر خاوەن خۆشەویستی جەماوەرەكەیان بوون.

گەر دوو نمونەی زۆر سادە وەربگرین جەنابی مام جەلال و كاكە نەوە دوو سەركردەی زۆر سادە و كاریزما بون، بۆ گەیشتن پێیان كارێكی سەخت و گران نەبووەو ئەتوانین بڵێین سكرتێرەكانیشیان هەمیشە كەسی سادەو كار ئاسانكەر بون.

یەكێتی هەمیشە شانسی ئەوەی هەبووە كە خاوەن جەماوەری مەبدەئین، بەجۆرێك لەچەندین قۆناغدا توشی نوشستی گەورە و جیابونەوەی گەورە بۆتەوە، بەڵام سەرئەنجام لەڕێی دەنگی جەماوەرەكەیەوە دوبارە گەڕاوەتەوە نێو ساحەكەو وەك حزبی یەكەم، یاخود دووەم ڕۆڵی گێڕاوە.

- یەكێتی و هەڵبژاردنەكانی ئەم دواییە:
دوای جیابونەوەی بزوتنەوەی گۆڕان و نەخۆشكەوتنی جەنابی مام جەلال دوبارە ئاڵۆزی و ململانێی ناوخۆیی بەرۆكی یەكێتی گرت، بەجۆرێك یەكێتی گەیشت بەقۆناغێك كە لەحزبی یەكەمەوە بەزۆر توانی هەشت كورسی پەرلەمان بەدەست بێنێت.

- ململانێی باڵەكانی یەكێتی:
دوای نەخۆش كەوتنی مام، یەكێتی توشی سەنتەرلیازمی بڕیاردان بوو،  هەمیشە لەپرسە چارەنوس سازەكاندا نەیتوانیوە بڕیای یەكلایی كەرەوە بدات، دواجار ئەلتەرناتیڤی لەرزۆكی قبوڵ كردووە.

- سكرتێری بەرپرسەكان و دۆگمابونی گەشەی یەكێتی:
لەپێشدا ئاماژەمان بە قۆناغی دژواری یەكێتی دا، كەچۆن لەهەڵبژاردنەكاندا دەنگی پێویستی بەدەست نەهێناوە، قسەمان،لەسەر ئەسڵی بابەتەكە ئەوەیە، كە بۆ ڕووبەروبونەوەی ئەو قۆناغە نەگونجاوە زۆربەی بەرپرسانی یەكێتی پرۆسەی فەیس توو فەیس یان هەڵبژارد، واتە ڕاستەوخۆ دەچوونە نێو جەماوەرەوەو بانگەشەیان بۆ حزبەكەیان دەكرد و دەنگیان كۆدەكردەوە، كەئەمەش سەرنجی زیاتری بەرپرسەكانی بەلای خەڵك و لایەنگرانی یەكێتیدا ڕادەكێشا،بەڵام لەو لاوە سكرتێر و بەرپرسی نوسینگەكانیان ڕێسەكەیان دەكردەوە بەخوری، واتە جواب نەدانەوەی تێلفون و حساب نەكردن بۆ كادر و لایەنگرانیشی وای دەكرد كە خەڵك زیاتر لێیان بكشێتەوە.

- دورخستنەوەی سكرتێرەكان پێش كۆنگرە:
بە بڕوای من یەكێتی نیشتیمانی كوردستان پێشەوەی بڕیار لەسەر بەستنی كۆنگرە بدات، پێویستە چاوێك بە زۆربەی سكرێتر وبەرپرسی نوسینگەی بەرپرسەكان بخشێنێتەوە، زۆریان هەر دور بخەنەوە،  چونكە ئێستا  یەكێتی و یەكێتی بون لەچەپۆكی ئەواندایە و چەندین كادر و ئەندام و لایەنگری دڵسۆزی حزبكە بونەتە قوربانی قسەیەكی ئەو برادەرانەو ڕەنگە لەسەر كۆمێنێتێكی ئەوان باشترین كەسی حزب ناشرین بكرێت و وەلا بندرێن، وە ئەشكرێ ماستاو چی و دز وكەمتەرخەم دڵسۆز بكرێن.

لەلایەكی ترەوە زۆربەی ئەو سكرتێرانە بوونەتە خاوەنی بزنسی گەورەی خۆیان، گەربێت و لێپرسینەوە بكرێت لەگەڵیان، ئەوا بەدڵنیاییەوە زۆریان پێویستە بەپێی یاسا سزای گەورەیان بەسەردا بسەپێندرێت.

هێمن غازی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی