هونەر و فاشیزم

03/07/2019

محه‌مه‌د مامه‌ند


لەو شوێنەی( هونەر) ئامادەیی هەبێ فاشیزم تێیدا غائیبە، تۆ یان هونەردۆستی یان فاشی، ناکرێ لەیەک کاتدا هەردووکیان بی، ئەمە هاوكێشەیەکی لۆژیکی و ریاضیاتیە، چونکە هونەر مخاطبەی دیوە ئەخلاقی و بەها گەردونیەکانی انسان دەکات، دەماری ژیاندۆستی و مرۆڤدۆستی بەنی ئادەم دەبزوێنێ، مرۆڤ دەبەستێتەوە بە ئاسمان و دەیباتەوە بۆ قوڵایی وجود و جەوهەرە ئۆرجیناڵەکەی خۆی، بەڵام فاشیزم دەیەوێ دیوە ئەهریمەنیەکەی ناوەوەی مرۆڤ بجوڵێنێ، دەیەوێ دەستکاری سایکۆلۆژیای مرۆڤ بکات و بیکاتە بۆمب و دینامێت، فاشیزم ڕەهەندە جوانی و ستاتیکیەکەی هونەر نابینێ، بەڵکو هونەری وەکو خۆراکێک دەوی بۆ تغزیەی ماکینە وەحشیەکەی خۆی، دونیای فاشیزم دەنگی هونەرمەندێک، هونەری بەهرەمەندێک یان قەڵەمی ئەدیبێکی بۆ بەرگری لە ستراتیژ و، گەورەکردنی ڕووبەری روحە شەیطانیەکەی خۆی دەوێ، نەک وەک ئیلهامێکی ئاسمانی و سامانێکی مرۆیی کەدەبێ ڕێزی لێ بنرێ، ئەو، وەکو خزمەتکارێک لە هونەر دەڕوانێ کە دەبێ ماڕشی مانەوە و سەرکەوتنی بۆ بچڕێ و حماسەتی بۆ بخوڵقێنێ. هونەر بانگی انسانیەت و بڵندگۆی ئازادیە، ئازادیخوازیش هەموو سەرزەمینێک بە هی خۆی دەزانێ، ئەوە فاشیەتە ئەم دابەشکاریەی داڕشتوە و مرۆڤایەتی کردۆتە گورگی یەکتر. لەناو ذهنیەت و مێنتەڵێتی هەموو فاشیەکدا ئاژەڵێک دەژی کە نەک هەر دژی خواست و مەیلی ئازادی تۆیە، بەڵکو هەر لە ئەساسدا دژی بوون و انسانیەتی تۆیە، دژی یادگە و خەیاڵ و بیرەوەری تۆیە، بۆیە عقڵیەتی فاشیزم گەڕانەوەی هونەرمەندێک بۆ زێدی باوان بە خیانەتی کبرا سەیردەکات تەنها لەبەرئەوەی  بڕیاری داوە خودی خۆی بێت و چیتر (بورغوی ئەو ماشێنە )نەبێت کە پڕیەتی لە بەدئاکاری و ساختەچێتی، فاشیزم کاتێ دەزریکێنێ کە دەبیەوە بە بەشەر و دەروێشایەتی بۆ موڕشیدەکانیان ڕەتدەکەیەوە و کۆدی فریوەکانیان دەشکێنی.
هیچ شتێک هێندەی هونەر مەیلی نوستالیژیانەی مرۆڤ زاخاو ناداتەوە، هونەر گەڕانەوەیە بۆ سروشت و سەردەمی منداڵی، بەڵام فاشیزم هەستی منداڵی وەکو دوژمنی گەورە دەبینێ و نایەوێ تۆ منداڵ ببیەوە، هونەر لە روحێکی میهرەبانەوە هەڵدەقوڵێ، دەیەوێ دونیا بکاتە مێرگ و لالەزار، لەکاتێکدا فاشیزم دەیەوێ زەمین بکاتە جەنگەڵ و مەیدانی جەنگ و خوێن، ئەو کاتەی فەلسەفەی هونەر دێت و دەیەوێ ڕەگەزە جوانەکانی مرۆڤ بدۆزێتەوە و بینای دونیایەکی جوانتر بکا، فاشیزم دێت و بەدوای توخم و تەوژمە بەربەریەکانی مرۆڤدا دەگەڕێ بۆ ئەوەی وەکو کەرەستە و کاڵا لە پیشەسازی شەڕدا بەکاری بهێنێ.
هونەر بەرائەتە، هەوێنی ژیان و خۆشەویستیە، مرۆڤەکان دەباتەوە بۆ زەمان و زەمینێک کە هێشتا فاشیزم و ئایدۆلۆژیاکان نەیانکردبوونە دڕندە بۆ گیانی یەکتر.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی