رۆشنبیر و کوردبوون

03/07/2019

كاوە شێخ عەبدوڵڵا


ئۆجەلان لە کتێبی (عەشقی کورد)دا، زۆر بە جوانیی وەسفی ڕۆشنبیری کورد دەکات کە بەهۆی ئەوەی کورد هیچ دامەزراوەیەکی نییە بۆ خزمەتی ڕۆشنبیرەکەی، هەمیشە لەژێر رکێف و سایەو خزمەتی سەردەستە و داگیرکەراندابوون.

لێرەدا رۆشنبیر تەنیا بریتی نییە لە نووسەر و ئەدیب و شاعیران، بەڵکو هونەرمەندەکانیش دەگرێتەوە.

حاجی تۆفیقی پیرەمێرد، پێستی چرچ و ئێسقانی لاواز و چاوەقووڵەکانی وەکو گەنجێک خستەوە کار، تا کورد لەسەر کاغەز رستە و وشەی هەبێ. کەچی تا مرد لۆمە و تانەوتەشەری هاوزووان و هاوخوێنی خۆی، لە ماندووبوونی ئیشوکار زیاتر ماندوویان کرد.

حسێن حوزنی موکریانیی، وڵاتە و وڵات گەڕا تا کەچە مەکینەیەکی چاپکردنی پەیدا کرد و هێنای لە رواندز کتێب و گۆڤاری بۆ کورد پێ چاپ دەکرد. کەچی کورد تاوانباریان دەکرد بە جاسووسی ئینگلیز!

خەڵک بە تانەوتەشەر و لۆمەوە نەوەستان، تاوانی دزییان دایە پاڵ حوزنی موکریانیی و لە رواندز شاربەدەریان کرد. ئاخیرەکەی چوو لە بەغدا لە بێکەسیی و بیچارەییدا سەری نایەوە.

ئەو بلیمەت و سووتاوەی عەشقی کورد و کوردەواریی، لە غەریبدا و لەوپەڕی تەنیایی و هەناسە ساردیدا وەفاتی کرد.

حەسەن زیرەک، هەموو یادگاری و چیرۆکەکانی لە کوردستان، تێهەڵدان و دەرکردن و فڕکان فڕکان بووە. شەوان لە ماڵان ئاهەنگیان پێگێڕاوە، نیوەی شەو بە شەق کردوویانەتە دەرەوە.

کەچی شاکارەکانی کە بۆی تۆمار کراوە، یان لە ڕادیۆی کوردی بەغدا کە هی عەرەبی سەرردەستە و داگیرکەرانە، یان لە ڕادیۆی کوردی تاران و کرماشان کە هی فارسی سەردەستەو داگیرکەرانە بۆی تۆمار کراوە و هەڵگیراوە.

هەژار موکریانیی کە کۆمارە بێچارەکەی کوردستان هەرەس دەهێنێ، ئاوارەیی فڕێی دەداتە بەغدا، ئەو وەرگێڕ و زمانزانە، ئەو ئەدیب و شاعیرە. ئەو شارەزای پێچەکانی مێژوو، لە بەغدا باشترین ئیشی شاگردی دوکانێکی وێنەگریی بووە کە وەستاکەی، تەماتەو سەوزەی پیا ناردووەتەوە بۆ ماڵەوە!

کاتێ لە شاگردی و بێچارەیی بەغدا دێتەوە ناو شۆڕشی کورد، هەژار لە تاوانی براکوژیی و خۆخۆریی و شەڕە دەنووکی سەرانی شۆڕشەوە تێوەدەگلێ و ناوی شایەر و دەرباری دەدرێتە پاڵ!

لەمەدا هەژار خۆیشی بێتاوان نییە. بەڵام ئایا ئەگەر شۆڕش بەم ڕادەیە پەرت و دانەڕزییایە، هەژار ناچار دەبوو ئەمانە بکات کە بۆ هەمیشە وەکو تانە و لەکە بەناوچاوانییەوە دەمێننەوە؟

هەژار کە دەچێتەوە بۆ کەرەج و لە سای رژیمی پەهلەویدا دەحەسێتەوە، ئیتر قورعان بۆ کوردی و کتێبی [قانوون] ی ئیبن سینا بۆ فارسی و هەنبانە بۆرینە و چەندین کتێب و نووسراوی تر دەخاتە خزمەتی مرۆڤایەتییەوە.

هێمنی جوانییپەرست و نازداری کورد، کە لە بەغدا پەڕاگەندەو سەرلێشێواوە، کە لەگەڵ دۆستان حزبایەتی و کوردایەتیی دەکات، لە ئاخیردا لە حزب دەردەکرێ و تۆمەتی خیانەتی دەرێتە پاڵ!

هێمن و خیانەت... هێمن و دەرکردن و حزبایەتیی؟!

بەڵام دواتر هێمن لە مهاباد لەلایەن دەوڵەتی ئێرانی ئیسلامییەوە [گۆڤاری سروە] ی دەخرێتە بەردەست و ئەویش، ئەوەی بەباشی دەزانێ بۆ کورد دەینووسێ و تۆماری دەکات. دوژمن سروە دەبەخشێ بە هێمن، کوردیش شەرەفی خیانەتکاریی!

دوژمن و داگیرکەر و سەردەستە، هەر دوژمن و داگیرکەرو سەردەستەیە. بە پێدانی ئیمتیاز بە هونەرمەندێک یان ڕۆشنبیرێک، پاک نابێتەوە. بەڵام هەمیشە ڕۆشنبیری کورد، لەناو ململانێی کورد خۆیدا، زیاتر هاڕاوە و لە مەنگەنە دراوە.

زیاتر پچووککراوەتەوە و ریسوا کراوە. رۆشنبیری کورد لەگەڵ شۆڕشەکانی کورددابێ، بێ ئەملاو ئەولا، بۆ نیوەی خیانەتکارەو جێی تانەوتەشەرە.

زۆر سەختە کوردێکی ڕۆشنبیرو هونەرمەندبی.. زۆر سەختە لەگەڵ کوردبی.. لەو سەختتر ئەوەیە لەگەڵ دوژمنی کوردبی.

زۆر سەختە کوردێکی ڕۆشنبیرو هونەرمەندبی.. زۆر سەختە لەگەڵ کوردبی.. لەو سەختتر ئەوەیە لەگەڵ دوژمنی کوردبی بەڵام بە بەهرەتر و قازانجتربی!

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی