هۆیەکانی گەیاندن وەک کارگەیەک بۆ بەرهەمهێنانی تاکی قسەکەر

10/07/2019

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد


لە دنیای مۆدێرنێتە و ئەلکترۆنیات و گەورەبوونی تەرزی هۆیەکانی گەیاندندا، ڕەخنە و ڕەخنەگرتن ئاسان و قسەکردن زۆرتر دەبێت. ئەوەی ئێستا لە  کوردستان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەیبینین، زەمەنی فراوانبوونی هۆیەکانی گەیاندنە بۆیە بەهەمانشێوە فراوانبوونیش لە قسە و ڕەخنە دەبینین.

لەم زەمەنەدا کە جۆرەکانی گەیاندن زۆربووە بەکارهێنەریش زۆربووە، لەم کاتەدا هەر بەکارهێنەرێک کە زیاتر لەجۆرێکی ئەو تۆڕانە بەکاردەهێنێت، ئەوا ویستی بەشداری لەم جیهانەدا وا لەبەکارهێنەر دەکات لەهەر یەکێک لەو هۆیانەدا قسەی هەبێت، ئەوکاتیش بەکارهێنەر ئەوەندەی دەرفەتی هەیە قسە بکات لەماڵە ئەلکترۆنییەکانی خۆیەوە، ئەوەندە حەوسەڵە و تاقەتی نییە و فریای تەواوی نوسینەکانی ناو ئەو هۆیانەی گەیاندن ناکەوێت بیانخوێنێتەوە، بۆیە لێرەدا هەمیشە بەکارهێنەر قسەکەرە نەک خوێنەر.

ئێستا دەبینین بەهۆی ئەو ڕووداوانەوە ڕۆژانە لەسەر ساحەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و ...هتدی کوردستان ڕوودەدەن، لەماوەیەکی کەم و ڕاستەوخۆ تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی پڕ دەبن لەوێنەی جودا و نوسین و قسەی زۆر. ئەمەش ڕاستەوخۆ بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەم هۆیانەی ڕاگەیاندن ئاسان دەرفەتی ڕۆیشتنی ئەم قسە و شیکردنەوانە دەدەن بۆ تاکێکیتر و دەستاودەست پێکردنیان.

دابەشکردنی بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە کوردستان لەنێوان دوو بەرەی ناهاوسەنگدا ، بەرەیەکی قسەکەری زۆر و بەرەیەکی خوێنەری کەمدا ، دەرئەنجامەکەی ئەو بێسەرەوبەرەییەیە کە بەکارهێنەری ئەم تۆڕانە ناتوانن لەڕاستی هەواڵێک دڵنیابن و زانیارییەک بەدەقیقی وەربگرن.

لەڕوانگەی ئەو وەزیفەوە کە ئەم تۆڕە کۆمەڵایەتیانە بەخشیویانە بە تاکی بەکارهێنەر، ئێستا دەبینین ئەم تۆڕانە بوونەتە کارگەیەک بۆ بەرهەمهێنانی مرۆڤی قسەکەرو فرەوێژ!

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی