پرۆفیسۆر فەرهاد پیرباڵ پێویستی بە پشوودانە

14/07/2019

ھیوا جەمال


پرۆفیسۆر فەرهاد پیرباڵ پێویستی بە پشوودانە، پێویستی بە رێزگرتنە، پێویستی بە ژیانی شایستەیە، پێویستی بە شوێنێكی ئارامە بۆ بیركردنەوە.

كتێب قەرەبوو دەكرێتەوە، بەڵام مرۆڤ قەرەبوو ناكرێتەوە، كتێپ چاپدەكرێتەوە بەڵام مرۆڤ چاكدەكرێتەوە، مرۆڤ مەسوتێنن كتێبیش ناسوتێت.

ئەوەی فەرهاد پیرباڵ ئەنجامە، هۆكار و پێشینەی هەیە، ئەوەی ئەو دەیكات كاردانەوەیە، دەبێت هۆی دیاریبكرێت.

فەرهاد پیرباڵ مافی ئەوەی هەیە لەو كوردستانەی دەیان بەرهەمی پێشكەشكردوە، ژیانێكی شایستەی هەبێت.

كاری حكومەت و دەسەڵات چییە، ئەگەر شوێن و ژیانی شایستە بۆ عاقل و بیرمەندەكانی دابیننەكات؟ پێویستە هەموو رۆشنبیر و بیرمەندێك شانامە بنوسێتەوە بۆ قەد و باڵای بەرپرسەكان؟

تەنها فەرهاد پیرباڵ پێویستی بە دەستگیرۆیی نییە، بەڵكو هەموو خەڵك شایستەی باشترین ژیانە، بەڵام پیرباڵ ئێستا لەحالەتێكدایە پێویستە بە زوترین كات دۆخی چارەسەربكرێت، زیندانییكردن چارەنییە.

لە پشكی خۆی كە لەم كوردستانە هەیەتی دوو ژوور و باخچەیەكی بچوكی بۆ دابینبكەن و لەو هەموو پاسەوانەی هەیە، دوو پاسەوانی با ئاگاداری بن، 
خەرجی مانگێكی فەرهاد پیرباڵ هێندەی دەعوەتی یەك ئێوارەی ناوێت.

پشوخانەیەكی بۆ دابینبكەن، با بیربكاتەوە.

ھیوا جەمال

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی