لەبارەی بڕیارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان

16/07/2019

سەرتیپ وەیسی

چاوەڕواندەكرا حكومەتەكەی مەسرور بارزانی لەیەكەمین كۆبوونەوەی خۆیدا، كۆمەڵێك پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە گشت سێكتەرەكان رابگەیاندبووایە، بڕیاری لەسەر باشتركردنی ژێرخانی كارەباو رێگاوبان و پەروەردەو ئابووری ... هتد، باش بوو لە حكومەتی نوێ كۆمەڵێك بڕیاری جدی لە بواری چاكسازی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بدرابووایە، نەك كۆمەڵێك بڕیاری دووبارە، كە لە پێشووتردا بەشێكی زۆریان بەیاسا رێكخراون، هەندێ لەو بڕیارانەش پێشووتر دەیان بڕیارو رێنمایی لەوبارەیەوە دەرچوون.

ئەو بڕیارانەی دوێنێ دووشەممە، 15ی تەموز، لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران دران، زۆر لاوازن و بە بڕیاری حكومەتێكی سەركەوتوو سەرەتایی حكومڕانییەكی باش ناچێت.

لە یەكێك بڕیارەكان باس لە رێكخستنی دەوامی فەرمانبەران دەكاتەوە، كە پێشووتر لە یاسایی فەرمانبەرانی عێراق بە یاسا رێكخراوەو چەندان بڕیاری دیكەش لە دوای ڕاپەرین لەوبارەیەوە دەرچوون، دواین جاریش لەزستانی ئەمساڵ لە دوای نەمانی پاشەكەوتی موچە نێچیرڤان بارزانی هەمان بڕیاری دەركرد.

كێشەی ئێستای حكومەت بوونی فەرمانبەری بندیوارو زۆری میلاكە نەك دەوامكردنی فەرمانبەران.

لەبارەی وەرگرتنی بەرتیل لە دام دەزگاكانی حكومەت، ئەو بڕیارەش پێشووتر بە یاسا رێكخراوە پێویستی بە بڕیار نەبوو.

لەبارەی پاراستنی نوسراوی نهێنییەكانی حكومەت، كە بە یاسا بەركارەكانی پێشووتری عێراق و هەرێم رێكخراون، دواین جاریش لە ساڵی 2004 بە یاسا لە هەرێم رێكخرا.ئەو بڕیارە بەشێكیشی پەیوەندی بە بەرتەسكردنەوەی ئازادی رۆژنامەوانی و سەرەتایی دروستبوونی حكومەتێكی پۆلیسیە.

لەبارەی پابەندبوونی وەزیرەكان بە دەوام بڕیارێكی زۆر لاوازە، چونكە بە حكومەتێك ناڵێن حكومەت ئەگەر وەزیرەكانی پابەند نەبن بە دەوام.

هەرچی پەیوەندی بە ڕۆتینیانی ئیداریەوە هەیە، پێویستی بە گۆڕینی سیستەمی بەرێوەبردن و زەمینەسازی هەیە، پێویستە دووبارە بەپێی ستاندرادە نوێیەكان رێكبخرێتەوە، چونكە بەشێكی زۆر ڕۆتینیات پەیوەندی بەسیستەمە كۆنەكەوە هەیە، نەك شتی دیكە. دەبوایە ئەمڕۆ باسیان لە هەنگاوەكانی چۆنیەتی گۆڕینی ئەو سیستەمە بكردبووایە.

دەبوایە حكومەت لەبڕی دەركردنی ئەو بڕیارانە ئەو دامەزراوە یاساو بڕیارانەی چاڵاك بكردبووایە، كە لەپێشووتر هەبوون و دەرچوون، كە كاریان جێبەجێكردنی ئەو بڕیارانەبوو.

سەرتیپ وەیسی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی