کوشتنی جێگری کونسڵ تابلۆیەکی تەواو نەکراو

20/07/2019

فەرمان سادق


رووداوی کوشتنی جێگری کونسڵی تورکیا لە هەولێر، ناکرێت بە مجردی قسەی لەسەر بکرێت. جارێ لە نەبوونی شەفافیەت و شاردنەوەی راستییەکان کە ئەمە خەسڵەتێکی خراپی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بووە لە ڕابردوودا، هیوادارم لە داهاتوودا باشتر بێت، بۆیە، ئەوەی دەمێنێتەوە ئەو زانیاریانەیە کە لە میدیای کوردی و بیانی بڵاوکراوەتەوە، لەگەڵ تێگەیشتی خۆمان.

بە رای من، ناکرێت رووداوەکە بە مجردی سەیر بکرێت، پێشهاتی رووداوەکە پێوەندارە بە گۆڕینی سەرۆکی حکومەت و هاتنی مەسرور بارزانی. شاراوە نیە تورکیا پێی خۆش نەبوو نێچیرڤان بارزانی لە حکومڕانی نەمێنێت، ئەو پەیامەشی گەیاندووە، ئێرانیش لە رێی هەندێک لە سەرکردایەتی یەکێتی کەمی نەکرد.

وتاری مەسرور بارزانی لە پەرلەمان و پاشان چوونی بۆ بەغداو پشتگیری موقتەدا سەدر لە سەردانەکە، هەروەها وتارەکەی لە واشنتن پۆست، ئاماژەی روونن کە روگەی هەرێمی کوردستان لە داهاتوو بەغدایە نەک ئەنقەرە و تاران، بێگومان ئەمەش لای تورکیا قبوڵ کراو نیە، رەنگە لای تاران پشتیوانی لێ بکرێت!

لە یاریە هەواڵگری یەکاندا زۆرجار وڵاتان کادیری هەواڵگری خۆیان دەکەنە قوربانی بۆ سەپاندنی هەژموون و دەستوەردان لە ناوچەی مەبەست، یان چاوپۆشی لە ڕووداوێک دەکەن بۆ خاتری ئامانجی باڵاتر، وەک بێدەنگی رووسیا بەرانبەر کوشتنی باڵیۆزی وڵاتەکەی لە تورکیا و خستنی فڕۆکە جەنگیەکەی. یان داخستنی دۆسیەی سکریپاڵ، سیخوڕی دوو سەروی رووی و ئینگلیز، یان گوشاری تورکیا لەسەر کوشتنی خاشوقجی و بێدەنگی و هەوڵی کپ کردنی پرسەکە لای ئیدارەی ترەمپ. مێژوو ڕووداوی وەهای زۆر تێدایە.

من وای دەبینم کوژرانی ئەفسەرەکەی میتی تورک کە جێگری سەرکونسڵ بوو، پەردەپۆش بکرێت بەو مەرجەی مەسرور بارزانی پشت لە ئەنقەرە نەکات، گەرەنتی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی تورکیا بدات وەک نێچیرڤان بارزانی لە ماوەی حوکومڕانیدا کردی.

لە مێژووی حوکمڕانی نێچیرڤان بارزانی، حکومەتی ھەرێمی کوردستان وەها بەیاننامەیەکی لەسەر سوکایەتی کردن بە دوو گەنجی وڵاتەکەی و سوکایەتی بە ئاڵای کوردستان لەلایەن تورکیا و تورکەکان نەکردووە.

من ئەوانە هەمووی بە بەشێک لە تابلۆیەکی تەواو نەکراو دەبینم، لای من هێشتا ماوە تابلۆیەکی کەی تەواو دەبێت، رەنگە شەش مانگی تر مەلامحی فڵچەکە دەرکەوێت کە تابلۆیەکە چۆن دەنەخشێنێ و رەنگی دەکات!

فەرمان سادق

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی