پەروەردەو گەشەپێدان لایەنێكی فەرامۆشكراو لە كارنامەی حكومەتی نوێدا

پەروەردەو گەشەپێدان لایەنێكی فەرامۆشكراو لە كارنامەی حكومەتی نوێدا

عومەر عەلی محەمەد


60 جار خوێندراوه‌ته‌وه

بە درێژایی 28 ساڵی رابردوو  هەرێمی كوردستان بەدەست كۆمەڵێك قەیرانی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتیەوە دەناڵێنێت، بەبێ‌ ئەوەی هیچ نەخشە رێگایەك هەبێت بۆ چارەسەر، بەردەوام قەیرانی تری بۆ دێتەسەر و دۆخەكە ئاڵۆزتر و مەترسیدارتر دەكات، سەرەڕای ئەوەی پارتە سیاسەكان و پەرلەمان و حكومەت چەندان پرۆژەی چاكسازیان پێشنیار كردووە، بەڵام هەر لە بواری تیۆریدا ماونەوەو نەچوونە بواری پراكتیكیەوە، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت كە هەتا ئێستاش نە حكومەت و نە پارتە سیاسیەكانیش نەیانتوانیوە جۆری نەخۆشیەكە دەست نیشان بكەن، لەبەرئەوە هەموو چارەسەرەكانیشیان بە هەڵە بەكارهێناوە. چونكە ئەگەر چاوێك بگێڕین بە مێژوی گەلانی پێشكەوتوودا، دەبینین یەكەم هەنگاویان بۆ هەستانەوەو رێنسانس و گەشە و پێشكەوتن لە بواری پەروەردەو فێركردنەوە بووە، بۆ ئەم مەبەستە دەتوانرێت چاو بگێڕدرێت بە مێژووی یابان و ئەوروپا و وڵاتانی ئەسكەندەنافی و باشوری رۆژهەڵاتی ئاسیادا، كە چۆن بەهۆی گرنگیدانیان بە بواری فێركردن و توێژینەوەی زانستی، توانیویانە قۆناغی شەڕ و ئاژاوەو دواكەوتویی بەجێ‌ بهێڵن و بگەنە ئاستی گەلە پێشكەوتووەكانی جیهان، چونكە فێركردن لە هەموو سەردەمێكدا تاكە رێگەی گەشە و پێشكەوتن و داهێنان بووەو هەموو ئەو وڵاتانەش كە ئێستا بە وڵاتە پێشكەوتووەكان ناودەبرێن بە گرنگیدان بە بواری پەروەردەو فێركردن گەیشتوون بەم ئاستە.

لەلایەكی تریشەوە تاكە نەخشەرێگەیەك بۆ بەرەوڕوبوونەوەی گەندەڵی و دواكەوتوویی و چارەسەری قەیرانە ئابوری و سیاسی و كۆمەڵایەتیەكان هەردەبێت لە رێگەی فێركردنەوەبێت، چونكە خوێندەوار و رۆشنبیر و ئەكادیمیەكان دەبێت ببنە كلیلی چارەسەری قەیرانەكان و گوێیان بۆ بگیرێت و دەستیان كراوە بێت لەپێناو بنیاتنانی سیستمێكی پێشكەوتوو، هەتا لە ئەم رێگەیەوە تاكی هۆشیار دروست بكرێت، چونكە كە تاك هۆشیار بوو خێزانیش هۆشیار دەبێت كە خێزانیش هۆشیار بوو كۆمەڵگەیەكی مەدەنی پێشكەوتوو دروست دەبێت، ئەمڕۆ كۆمەڵگەی كوردی ئێمە پێویستی بەوە هەیە كە هەڵوەستەیەكی گرنگ بكات لەسەر كەرتی پەروەردە و فێركردن، چونكە ئەگەر بەخۆداچوونەوەیەكی زانستی و ورد و ئەكادیمی بۆ بكەیت، بۆت دەردەكەوێت كە هەموو ئەو گەندەڵی و دواكەوتوویی و نزمی ئاستی ململانێكان و خەونی بچوكی تاك و پارتە سیاسیەكان هۆكاری سەرەكی دەگەڕێتەوە بۆ شكستی پرۆسەی فێركردن لە هەرێمی كوردستاندا، لە بەر ئەوەی نەیتوانیوە تاكێك دروست بكات كە لە ئاستی بەرپرسیارێتیە گەورەكانی وەك نیشتمان و نەتەوەیی و ئاینیدا بێت، چونكە ئەگەركۆمەڵگە  خاوەنی رێژەیەكی زۆری ئەو هاوڵاتیانە بێت كە هەڵگری ئەم خەمە گەورانە بن، ئێستا كوردوستان لە ئەم بارودۆخە ناهەموارەدا نەدەبوو.

ئەوەی مایەی خەمێكی گەورەیە ئەوەیە سەرەڕای ئەوەی كە سیستمی فێركردن لە هەرێمی كوردوستان لە هەموو قۆناغەكان هەتا خوێندنی باڵا لە چ ئاسێكی نزمدایە، ئەگەر بەراوردی بكەین بە وڵاتانی دراوسێ‌ و وڵاتە پێشكەوتووەكان، بەڵام هەست ناكەین لە ئاستی حكومەت و پەرلەمان و ئاستە باڵاكاندا، نەخشە رێگایەك لە ئارادا بێت بۆ هەستانەوەو گەشەكردن، چونكە فێركردن بنەمای سەرەكی گەشەپێدانە لە بوارەكانی (فێركردن - تەندروستی - ئابوری)و رۆڵی سەرەكی و ستراتیجی دەبینێت لە هەر پرۆسەیەكی گەشەپێدان و گۆڕانی كۆمەڵایەتیدا، هیچ بەرەوپێش چوونێك لە بواری گەشەپێداندا روو نادات تەنها لە رێگەی دەستەبەر كردنی سیستمێكی خوێندنی پێشكەوتوەوە نەبێت، چونكە لە سیستمی نوێی خوێندندا دەبێت تەوەری سەرەكی قوتابی بێت، واتە دەبێت تاك بكرێتە سەرمایەی مرۆیی و كاری لەسەر بكرێت بۆ گەشەپێدان، هەركاتێكیش تاك گەشەی كرد ئەوە سەرەتای هەموو گۆڕانكاریەكە و یەكەم هەنگاوە بۆ چاكسازی و چارەسەری گەندەڵی و پێشكەوتن، ئەگەر سەیری ئەزموونی پێشكەوتنی گەلان بكەین هەر لە سەرەتای شەستەكانی سەدەی رابردووەوە، دەبینین هۆكاری گەشەی ئابوری دەگەڕێتەوە بۆ گەشەپێدانی تاك و بەرنامەكانی گەشەپێدانی مرۆیی كە سەرچاوەكەی بە پلەی یەكەم دەگەڕێتەوە بۆ گرنگیدان بە سیستمی فێركردن، هەر لەم روانگەیەوە لە 90% پێشكەوتنەكانی وڵاتانی پیشەسازی سەرچاوەكەی گرنگیدان بووە بە باش كردنی تواناكانی مرۆڤ و لێهاتن و بواری كارگێڕی، لەبەرئەوە ئێستا زۆرینەی توێژەران لەو بڕوایەدان ئەگەر سیستمی فێركردن لەسەر بنەمایەكی پێشكەوتوو چاك و مۆدێرن دانەمەزرابێت لە جیاتی پێشكەوتن دەبێتە بارگرانی بەسەر حكومەت و رێژەیەكی زۆر لە گەنجانی بێكار بەرهەم دەهێنێت و دەبێتە مایەی خراپی گوزەرانی زۆر لە خێزانەكان.

ئەوەی ئەمڕۆ لە كوردستاندا دەبینرێت ئەوەیە لە جیاتی ئەوەی سیستمی فێركردن ببێتە سەرچاوەیەك بۆ گەشەپێدانی تواناكان و زیادكردنی هەلی كار و كاریگەری لەسەر باشكردنی دۆخی بازاڕ و چارەسەری قەیرانەكان (سەرەڕای ئەو ژمارە زۆرە لە زانكۆو پەیمانگا و قوتابخانەكان) بەڵام هەتا دێت رێژەی بێكاری و توندوتیژی و ناهۆشیاری تاكەكان زیاد دەكات و لە ئێستادا فێركردن هۆكارێك نیە بۆ گەشەپێدان و پێشكەوتن، ئەوەش كە جێگەی نیگەرانیە لە سەرەتای دەستبەكاربوونی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمیشدا نە سەرۆكی حكومەت و نە یەكێتی مامۆستایان و نە هیچ دامەزراوەیەكی باڵا، باسی لە قەیرانەكانی سیستمی خوێندنی نەكردوو پلانێكی نوێیان نەبوو بۆ هەستانەوەو گەشەپێدان و گرنگی پێدانی ئەم بوارە، تەنانەت ئەو وەزیرەش كە دانراوە بۆ ئەم كابینەیە هەر وەك وەزیرەكەی پێشوو كەسێكی حیزبیە و پسپۆڕی و ئەزموونێكی ئەوتۆی نیە لە بواری پەروەردە و فێركردن و هەتا ئێستاش هیچ پرۆژەیەكی نەخستۆتەروو كە لە چوار ساڵی ئایندەدا جێبەجێی بكات.

عومەر عەلی محەمەد




ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved