گەرمیان لەجنوبەوە دێتەوە

23/07/2019

سالار مەحمود

 

لەماوەی رابردوودا هەوڵێکی زۆردرا بۆ هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکانی سەماوە. یارمەتیدەری سەرەکی پارێزگاری سەماوە ئەحمەد مەنفی بوو. چەندین گروپ و هێزی تر ناخوازن و نەیاندەخواست ئەم پرۆسەیە بەئەنجام بگات. بەهەوڵی سەرۆککۆماری عیراق هاوسۆزی نزیکی کەسوکاری ئەنفالکراوەکان و هاندانی نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان توانرا تیمی هەڵدانەوەی گۆڕی بەکۆمەڵ کارەکانیان بە ئەنجام بگەیەنن.

 

تەنیا لەیەک گۆڕدا زیاتر لە سەد ژن و مناڵی گەرمیانی بەدیار بخرێ بەناسنامەوە. دێبنە لە چاوەڕوانی سەدان ئێسک و پروسکی گۆڕ غەریبدایەو، پێویستە لە ئێستەوە گەرمیان ئامادەکاری بۆ پێشوازی لە ناسنامەکەی خۆی بکاتەوە. دەستخۆشی بۆ نوێنەرەکانمان لە لیژنەی شەهیدانی پەرلەمانی عیراق. دەشتایەکانی بادیە و مەلمەحەی سەماوە ۱۲٠ کیلۆمەتر لە سەنتەری پارێزگاکەوە دوورە. چەندین گۆڕی بەکۆمەڵی شاڵاوکانی ئەنفالی تێدایە. لە رۆژی چواردەی چواری ئەمساڵدا سەردانی ئەو گۆڕەمان کرد کە ئێستا هەڵدەدرێتەوە. مناڵ و ژن بە فیشەک لە لێواری گۆڕەکەوە گولە رێژ کراون و ئینجا ژێر لم کراون.

 

چیرۆکی تەیمورو شوێنی گۆڕەکە یەکانگیرە، بەپێی شایەتحاڵەکانی سەماوە کە پەیوەندیم لەگەڵیان هەیە. ئەم هەوڵە بەهیمەتی نوێنەرانی کوردستان لەبەغداو لە قۆناغێکی نوێدا دەستپێدەکاتەوەو خوازیارم ئاسایی بونەوەی پەیوەندیەکانی نێوان بەغداو هەرێم کاریگەری لەسەر کارئاسانی بۆ هەڵدانەوەی گۆڕەکانی تر هەبێ بۆ هێنانەوەی بەشێکی تر لە ئازیزە گۆڕ غەریبەکانمان و بەدیهێنانی داخوازی کەسوکاری ئەنفالکراوەکان. گۆڕستانی دێبنە ۳۹۲ ئێسکو پروسکی لەباوەش گرتوە، لە سێ قۆناغدا لە جنوبەوە هێنراونەتەوەو بەئامێزی نیشتمان سپێرداون.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی