هەرێم تاسەیەکی گەورەیە

26/07/2019

ئەحمەدی مەلا


رەنگە بۆ ئەو کەسانەی کە لێرە زیاتر هیچ شوێنێکی دیکەیان نەبینیبێ، ئەم دنیا جەنجاڵەیان لە لا ئاسایی بێ( چونکە مرۆڤ ئەو ئاژەڵەیە کە خۆی دەگونجێنێ)بەڵام لە روویەکی دیکەوە ئەگەر ئەم هەوارە بەراورد بکەین بە هەر شوێنێکی دیکە کە رێز لە هاونیشتیمانانی خۆی دەگرێ، رێز لە خۆی دەگرێ، دەبێ دەیان و دەیان پرسیارمان لە دروست بکا.
لێرە هەر پێنج هەستەکە ئازار دەدەرێن، هەموو چرکەیەک، دنیا لە دەرەوەوە، یا لە ناوەوە نەقیزە لە مرۆڤەکان دەگرێ. لێرە باسی بەڕێوەبردن و سەعاتی کار و موچە و خۆشگوزەرانی ناکەم، بەڵکو تەنها سەیری شتە رواڵەتییەکان دەکەم.
هەموو دوو دەقەی ئاسوودەیی، دە دەقەی نیگەرانییە، هەناسەهەڵکێشانێک، دوو هەناسەبڕكێت تووش دەبێ، دوو درەختی سەوزی جوان بەرامبەر بە دەیان دۆنمی هیشک و برینگ، دوو دڵۆپە ئاو بەرامبەر بە دەریایەک هیشکایی.
چۆن هەستەکان بریندار دەبن ؟
گوێ : بیستن : هەمیشە ژاوەژاوێک ئاودیوی ناخی مرۆڤ دەبێ. هەمیشە هاوشوهوشێک جا بەرز بێ یا نەوێ، ئوتومبێل بێ یا هەر ئامێرێک، سوڕانەوەی بەرمیلەکەی ناو موبەریدە بێ یا هەناسە درێژەکەی سپلیت، تەقەتەقی ناوبازار بێ، یا هۆڕینی بێ مانا : بۆ سڵاو، یا چاوڕێ کە من دەڕۆم، یا تۆ مەڕۆ من هاتم، یا کوڕی سەگباب بۆ وا دەکەی، یا حەیوان نۆرەی منە..بەردەوام هۆرین لە یەک زمانەوە بووە بە دە زمان بەر گوێمان دەکەوێ. گوێ و بیستن ماندوون، تەنانەت کە دەشنوی دەنگێک دەچێتە ناختەوە. لە خۆڕایی نییە دەبێ مرۆڤ لێرە زۆر بنوێ، ٣ سەعات بەرامبەر بە ١ سەعاتی نووستنی ئاساییە. کەس دەپرسێ ئەم تەمەڵییەوە لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە!
چاو : لە تەنیشت ئەم دەنگە دەنگ و ژاوەژاوە، چاو بەردەوام دزێوی دەبینی، هیچ مەرجێک بۆ ستاتیکا نییە، لە رازاندەوە دوکانەوە بۆ بەردەم ئۆتێل و قاوەخانەکان. تەنانەت قاوە خانە کەلتوورییەکان لە فەزایەکی تەسک، سیخناخ بە دوکەڵی جگەرە، دانانی پیاڵەی چا لە سەر ژێرپیاڵەیەکی گوناح، زڕە و چای فیچقە دەکەن، دەبنە دیمەن، دەنگ و رەنگێکی نەساز. لە سەرەوە بڕوانی، تا چاو بڕ دەکات ئەریەل و بەرمیلی ئاو و دۆڵابی موبەریدە، لەسەر بانەکان بنچکە روەکێک نییە، بانگ و مەکەبەرەی منارەکان پێرۆزبایی لەو دیمەنانە دەکەن. هەزاران دەبە ئاوی بەر خۆر، لیترە رۆنی زەرد بووەوە، هەزاران قووتی سەیر و سەمەرە..
دەستلیدان : هەموو چوونە ژوورەوەیەک دەبێ یەک سەعات لە سویچی کارەبا بگەڕێی. سێ سویچ بۆ یەک گڵۆب، یەک سویچ بۆ دە گڵۆپ، چوار سویچ بە بێ هیچ گڵۆپێک. لە کوێ داندراون، بە دەستی راست، بە دەستی چەپی دیوی ناوەوە، یا بە دیوی دەرەوە، یا لە تەنیشت، بەرز یا نزم. پێ دەبێ وەریا بێ. خانەی پەیژەکان ستاندار نیین. هەندێجار شەقای گەورە و هێزی دەوێ، هەندێجاریش نزمن، یا خوارن، لە ناوەندا ریتمەکەی دەگۆڕێ. شۆستەکان بە هیچ جۆرێک بۆ رۆیشتن ناشێن. فەزا بۆ مرۆڤەکان نەکراوە بەڵکو تەنها دەبێ لە ناو ئوتومبێل بی یا لە ناو هەڵیکۆپتەر..دەرگاکان بە کەیفی تۆ ناکرێنەوە، بتەوێ پەنجەرە بکەیتەوە دەبێ چاوەڕێی هەوای پیس بی بێتە ژوورەوە.
بۆنکردن : لە پڕێکدا لە زێرابەکانەوە بۆنی ئاوێکی وەستا هوروژم دێنێ تا دە شەقاو وازت لێ ناهێنێ وەکو سەگێک دوات دەکەوێ.لە ناو بازارە میللییەکان دوو کەس گسک دەدەن، دە کەس شت فڕێ دەدەن، گوڵی پلاستیکی و ئینجانە/تەنەکەی راعی ئاماژە بۆ جیهانی نایلۆن دەکەن و شتومەکی چینی و ئێرانی هەرزانترین بەها بە گران دەفرۆشنەوە. رەنگ و بۆنی بەهاراتی هیندیی، دەیان رەنگی خەنە کە نازانی سەرچاوەکانی کوێن و پێکهاتەکانی چین خێرا تێکەڵ بە بۆنی ساردیی ئێسقان و کەلـلە بەرخ و پەراسوو و گۆشتە زلە هەڵواسراوەکانی پێش دوکانەکان بە لێشاو میکرۆبی و زیندەوەر بچووکی بە چاو نەبینراو لەسەریان دەنیشێتەوە. بۆنەکان تێکەڵ دەبن، رشانەوە هەناوەت دەگرێ. بە خۆت دەڵێی ئەمە رژهەڵاتە یا جێگای ئاوابوونی تەواوەتی خۆرە. 
تام : ئەم هەموو رەنگە و دەنگ و هەراو زەنایە دەبنە تامێکی سەیر و بە مەڵاشووتەوە دەنووسێن.
بیر لە چاکسازیی دەکەمەوە. ئایا ئەم نەتەوەیە تەنها قابیل بەم جۆرە ژیانەیە کە غەریزە بەڕێوەی دەبا؟
لێرە دەیان ساڵی کاری شێلگیریمان دەوێ کە مرۆڤەکانمان لەگەڵ دنیا، لەگەڵ ژینگە، لە گەڵ ئاسمانی شین، لەگەڵ روەک، لەگەڵ جادە، لەگەڵ پەڕینەوە، لەگەڵ شۆستە، لەگەڵ دەنگ، لەگەڵ بێدەنگی، لەگەڵ گۆرانی، لەگەڵ مۆسیقا، لەگەڵ جیهانێکی دیکە کە شایستەی ئەم هەموو قوربانییانە بن کە هەموو رۆژێ دەیشێڕیننە بناگوێمان.
حکومەتەکەمان دەبێ بێدەنگ بێ و بیر بکاتەوە و پێش ئەوەی باسی یەک هەنگاو بکات، دەبێ یەک مانگ بیری لێ بکاتەوە...خەڵکی بە ٣ بڕیاری حەفتانە بەنج مەکەن.
دەنگ : خاوەن هیچ متمانەیەک نییە لە دنیایەک کە یەک تۆزقاڵ بێدەنگیی تیا نادۆزیتەوە. لێرە نە دەنگ مانای هەیە نە بێدەنگی. تەنها ژاوەژاوە رابەریمان دەکات.
( ئەوەندەی دیکە بە قسە خەڵک بێ ئومێد مەکەن)

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی