كێ وەڵامی گومانەكانی سەر ڕوداوەكەی هۆقەباز دەداتەوە؟

27/07/2019

سۆران عومەر

بڵاوبونەوەی گرتەیەكی ڤیدۆیی گوایە ریستورانی هۆقەبازە لە ئەكاونتی تویتەری ئارانسی فورات نیوزی پەكەكە، پاشان بڵاوكردنەوەی ڕونكردنەوەیەكی لەلایەن ئەو ئاژانسەوە بەوەی ئەو ئەكاونتەیان هاك كراوەو گرتەی ڤیدیۆیی ڕوداوەكەی 17ی ئەم مانگەی هەولێری تێدا بڵاوكراوەتەوە گومانی زیاتر دروست دەكات! چونكە پێشتر میدیای توركیا گرتەیەكی دیكەیان بڵاوكردەوە!

لەسەرەتای ئەم ڕوداوەدا ناوی مەتین دلۆڤان بارزانی هێنراو دەركەوت ناوبراو لەو ریستۆرانتە بووە!

پاشان وترا جێگری قونسوڵی توركیا كورژراوە، دوو هاوڵاتی هەرێمی بەركەوتوون و كوژراون.

ئەلمۆنیتەر لەڕاپۆرتێكدا ئاشكرایكرد ئەو توركەی كوژراوە جێگری قونسوڵ نیە، بەڵكو لەهەواڵگری توركیایەو بۆ ماوەیەكی دیاریكراو لەهەرێم بووە! 

دوو هاوڵاتیەكە یەكێكیان پاسەوان و ئامۆزای ئازاد جوندیانیە، ئەویتریان هاورێیەتی و لەسۆرانەوە بۆ جەواز چونەتە هەولێر!

دژە تیرۆری هەولێر وێنەی دوو بەشداربووی كردەوەكەی بڵاوكردەوەو دواتر ڕایگەیاند دەستگیركری كردون! گوایە یەكێكیان برای پەرلەمانتارێكی هەدەپەیە!

میدیای توركیا وێنەی دوو ئۆتۆمبیلی مەدەنی هەرێمی بڵاوكردەوە گوایە بە بۆردومانی فڕۆكە پلان داڕێژەرانی كردەوەكەی هەولێریان كوشتووە ! 

هەمان كات باهۆز ئارداڵ بەرپرسی سەربازی پەكەكە دەڵێ ئەوەی كوژراوە لەریستۆرانتەكەی هەولێر بەرپرسی هەموو ئۆپەراسیۆنە هەواڵگریەكانی دژ بە پەكەكە بووە لەباشور و بەكردەوەیەكی پیرۆز ناوی دێنێ ڕەدیشی دەكاتەوە ئەوان بن بەلام پێی دڵخۆشن و دەست خۆشی لەئەنجامدەرانی دەكەن!

لەلایەكی ترەوە پەكەكە دانپیانانی چەند گەریلایەكی بڵاوكردەوە كە دەستگیری كردون گوایە سیخۆڕیان بۆ هەواڵگری توركیا كردووە، وەك چۆن پێشتر كەسێكیان لەنزیك دوكان ڕفاند بەرپرسێكی بالای هەواڵگری توركیا بوو بۆ داڕشتنی پلانی كوشتنی سەركردەیەكی پەكەكە لەڕێگەی چەند كەسێكی ناو پەكەكەوە لەسلێمانی بوو!

دوای تیرۆركردنی دیار غەریب پەكەكە بەئاشكرا هەڕەشەی كرد و وتی دەزانین كێ زانیاری هەواڵگری داوەو بۆتە هۆی تیرۆری دیار غەریب بۆیە تۆڵە دەكەینەوە دواتر كەس گلەیی نەكات!

لەگەڵ هەموو ئەمانەدا ئەو دەیان كامێرەی ناو ریستۆرانت و دەرەوەی ریستۆرانت لای دەزگای ئەمنی هەولێر، بەڵام پاش 10 ڕۆژ لەو ڕوداوە ڕێگەی هێشتۆتەوە بۆ ئەو هەموو گومان و لێكدانەوەو قسەلەسەر كردنە بەبێ ئەوەی ڕای گشتی دڵنیا بكەنەوە لەوەی چییە ئەمەی ڕویداوە؟ 

كێ بەرپرسە لەوەڵام دانەوەی دەیان پرسیارو ناڕونی و گومان لەسەر ئەو ڕوداوە؟ بەدڵنیاییەوە دەزگای ئەمنی كەلەهەرێمی كوردستان دەزگای تاك لایەنەی حزبین و پێشتر متمانەی خەڵك لاوازە بە لێكۆڵینەوەی ئەو ڕوداوانەی كە ڕەهەندی سیاسی و هەرێمی لەپشتە، كاتی خۆی ڕوداوی تەقینەوەكەی بەردەم كەناڵی ڕوداو وایكرد گومان زیاتر بكەوێتە سەریان.

لەم كەیسەدا پێوسیتە بەزویی ڕای گشتی دڵنیا بكەنەوە لەوەی ڕویداوە چونكە تا كات بڕوا گومانەكان زیاتر دەبن لەسەر ڕوداوەكە.

سۆران عومەر 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی