سەماوە و قەندیل و کورد کوژی!

27/07/2019

عەبدوڵڵای مەلا نوری

لەم رۆژانەدا میدیاکانی دەسەڵات و بە تایبەت میدیاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە ھەمو جۆرێک کار لە سەر تەخوینکردنی پەکەکە دەکەن. ھەوڵی ئەوە دەدەن لە زھنیەتی ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان دا ئەو وێنەیە بچەسپێنن، کە پەکەکە ھێزێکی تیرۆریستییەو ھۆکاری ھێرشەکانی تورکیایە بۆ سەر ھەرێمی کوردستان، لە بەرمبەردا ھەوڵی ئەوەش دەدەن رەوایەتی بە داگیرکاریەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ھەرێمی کوردستان بدەن.


ئەم پەیام و بانگەشە میدیایە رێکخراوانە، ئاماژەن بۆ بونی ھەماھەنگیەکی ھەوڵگری و میدیای و سەربازی ورد لە نێوان ھەرێم و تورکیا دا. وا بڕوات دور نیە لە ھەنگاوەکانی داھاتودا دەسەڵاتدارانی ھەرێم لەوە سڵ نەکەنەوە راستەوخۆ ھێزەکانی پێشمەرگە بخەنە خزمەت ئەجێندای دەوڵەتی تورکیا. واتە بە دور نازانرێ شەڕی کورد-کورد بەرپا بکرێت.


شەڕی دەسەڵاتدارانی تورکیا دوو لایەنەیە لە ئاستێکدا شەڕی دەسەڵاتخوازیە، لەم روەوە دەستێوەردانەکانی بۆ کاروباری وڵاتانی نزیک و دور بەڵگەی حاشا ھەڵنەگرن. لە ئاستێکی تردا شەڕی کورد وەک نەتەوە دەکات، نایەوێت لە ھیچ شوێنێکی ئەم سەرزەمیەنەدا نەتەوەی کورد بونێکی فەرمی و خاوەن کەرامەتی ھەبێت. بۆ سەرکەوتنی لە ھەردو ئاستەکاشدا کەڵک لە ھەمو ئامرازێکی وەردەگرێت، بە پشتگیریکردن و پڕچەککردنی گروپە تیرۆریستیەکانیشەوە.


گەر لە کابینەی پێشوی حکومەتی ھەرێمدا نەوت خاڵی ھاوبەشی سەرەکی کاری پێکەوەیی نێوان ھەرێم و تورکیا بوبێت، وا دیارە لەم کابینەیەدا روبەڕوبونەوەی پەکەکە ئەو خاڵە ھاوبەشەیە. بەڵام لە ھەردو قۆناغەکەدا ئەجێنداکە تورکیە، قوربانیەکە کوردە.


ئەو گەمارۆدان و گوشارە توندەی کە زیاتر لە (دە) رۆژە لە لایەن ھێزە ئەمنیەکانی ھەرێمەوە لە سەر کوردە ئاوارەکانی تورکیا لە کامپی (مەخمور) دانراوە مایەی شەرمەزاریە. ئەو بێدەنگیە مەترسیدارەی لە ئاست ھێرش و داگیرکاری ھەرێمی کوردستان، لای پەرلەمان و حکومەت و حیزبەکان و ھاوڵاتیان ھەیە ھیچ پاساوێکی نیە. چەند ھەڵوێستێکی خۆپەرستانەو خەمناکە کاتێک دەبیستین و دەبینین بەشێک لە سیاسیەکان و بەرپرسانی حیزبی و حکومی و پەرلەمانی و رۆشنبیران و میدیاکارانیش لە بەر ئەوەی دەرگای گەشتی ھاوینە ھەوارەکانی تورکیایان بە رودا دانە خرێ ئامادە نین ھەڵوێستێکیان ھەبێ!


لەم کاتەدا ھەموان لە ناو شۆکی ئەو وێنانەداین کە لە گۆڕە بە کۆمەڵەکانی سەماوەوە بەرچاومان دەکەون؛ وێنەی جینۆساید، وێنەی ھەوڵەکانی سڕینەوەی نەتەوەیەک. ئەوەی ئێستا تورکیا دەرحەق بە ئینسان و خاکی کوردستانی دەیکات ھەمان شتە؛ ھەمان عەقڵیەتە، عەقڵیەتی رەگەزپەرستی، سڕینەوەی کورد وەک نەتەوە، سوتاندنی کوردستان وەک نیشتیمان. لەم سۆنگەیەوە دەبێ بپرسین؛ ئایا لە داھاتوی نزیکدا دەبێ ھەڵوێست و رۆڵی ھێزە دەسەڵاتدارەکانی ھەرێمی کوردستان بە چ ئاقارێکدا بڕوات؟ ئایا ئەمانیش رۆڵی جاش و مستەشارەکان سەردەمی بەعس بۆ تورکیا دەگێڕن یان رۆڵێکی بەرپرسانە؟


ھێشتا رون نیە لە گریمانەی شەڕ لە قۆناغێکی فراوانترو چڕ تردا چی دەبێت؟ بەڵام بەرپرسیارێتی مێژویی و ئینسانی و نەتەوەیی ئەوەیە نەک نەبنە بەشێک لە شەڕ، بەڵکو دەبێت چ پارتی چ یەکێتی و تەنانەت گۆڕان و ھێزەکانی تریش لە لایەک ھەوڵی راگرتنی شەڕو ھێرشەکان بدەن، لە لایەکی ترەوە لە سەر بنەمای پێکەوە ژیانی ئازادانەو دیموکراتیانەی نێوان ھەمو نەتەوەو پێکھاتەکان ھەوڵی چارەسەری کێشەکان بە رێگای ئاشتی و گفتوگۆ بدەن. لەم روەوە دکتۆر بەرھەم ساڵح وەک سەرۆک کۆماری عێراق زیاتر لە ھەموان بەرپرسیارێتی لە ئەستۆیەو دەتوانێ رۆڵێکی گەورەی مێژویی بگێڕێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە