بزووتنەوەی گۆڕان لەدوورێیاندا..

31/07/2019

رەعد رەفعەت

بزوتنەوەی گۆڕان تەمەنێكی كورتی دە ساڵی بەڵام خاوەن ئەزمونێكی درێژ لە كاری سیاسی. لەو ماوەی تەمەنیدا بە چەندین قۆناخی هەوراز ونشێودا تێپەربووە، خاوەن چەندین دەستكەوتی گەورە وهەڵە ونوشستی زەق بووە. داهێنەری ئۆپۆزسیۆنی سیاسی مەدەنی كە ئەزمونێكی سەركەوتووی بێ وێنە بوو لەكوردستان، بەڵام دەسكەوتی ئۆپۆزسینەكەی لەپرۆسەی چوونە حكومەتدا لەدەستدا.

بزوتنەوەی گۆڕان بەپێوەرە سیاسی وجەماوەیەكەی لە پاشەكشێدایە، بیستوپێنج كورسی كەمكردەوە بۆ دوازدە كورسی پەرلەمانی، نیو ملیۆن دەنگدەری كەمكردەوە بۆ كەمتر له سەدونەوەت هەزار دەنگ.

ئەم پاشەكشێیە دەرئەنجامی ئەو چەند فاكتەرەی خوارەوەن:
یەكەم: نەبوونی دەستپێخشەری لە كاری سیاسیدا وترس لە كاردانەوەی حزبەكانی دەسەڵات. تەنانەت نەبوونی جیهانبینی تایبەت بەخۆی لە تێگەیشتن لە رووداوە جیهانی وهەرێمی وناوخۆییەكان ونەزانینی چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵیان. زۆر جار بەهۆی نەبوونی روئیای سەربەخۆ لەكاری سیاسی ودبلۆماسی نەیتوانیوە دەرفەتە زێرینەكانیش بقۆزێتەوە وەك ئەوەی لەدوای ریراندۆم نەیانتوانی لەگەڵ حزبەكانی تری ئۆپۆزسیۆن، روانگە وستراتیژیەتی خۆیان بخەنەڕوو بۆ چارەسەركردنی قەیران وكێشەكانی هەولێر وبەغدا. تەنانەت دەستپێشخەریەكەی عەبادیشیان رەتكردەوە كە وەكو هێزێكی سیاسی گەورە مامەڵەیان لەگەڵدا بكات لە جیاتی یان بەلایەنی كەمەوە لەپاڵ پارتی ویەكێتی!!!

دووەم: پشتگوێخستنی پەیوەندیە نێودەوڵەتی وهەرێمیەكان وبەهەند وەرنەگرتنی رۆڵی ووڵاتان‌ لە دارشتنی سیاسەتی نێودەوڵەتی وكاریگەریان لەسەر تەرازووی هێز لە عێراق بەگشتی وهەرێمی كوردستان بەتایبەت. پێدەچێ ئەم پشتگوێخستنە ‌وەكو میرات بۆ بزوتنەوەی گۆڕان مابێتەوە لە نەوشیروان مستەفا دامەزرێنەر ورێكخەری گشتی حزبەكە. پارتی ویەكێتی لەگەڵ ئەوەی بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان لە كۆتای لیستی ئارەزو وگرنگی پێدانەكانیانە، كەچی توانیویانە لە هەموو بەرەكانی كاری سیاسی وحزبی ئەسپی خۆیان تاودەن وجۆرێك لە فرە بەرەیی لەیەك كاتدا بەڕێوەببەن. ئەو دوو حزبە لەپاڵ كاری سیاسی، رێكخستنی جەماوەریشیان دامەزراندوە. لەپاڵ هێزی سەربازی، كاری دبلۆماسی وپەیوەندیە نێودەوڵەتی وهەرێمیەكانیان پشتگوێ نەخستوە. لەپاڵ كڕینی ویژدانی رۆشنبیران وخاوەن بڕوانامە باڵاكان وسەرۆك عەشیرەتەكان، كەچی گرنگیەكی بێ وێنەدەدەن بە كاری میدیایی وتوێژینەوە وكاری هەواڵگری. بەڵام گۆڕان وحزبەكانی تریش، كە چاكسازی كاری لەپێشینەیانە، بەڵام نەیانتوانیوە وەكو پێویست هەموو جۆرە خەباتەكانی مەدەنی وسیاسی بەیەكەوە گرێبدەن ولە هەموو بەرەكانی بنبەڕكردنی گەندەڵی كاربكەن. لە ئەنجامدا لاوازی تۆڕی پەیوەندیە دبلۆماسی وسیاسیەكانی لەگەڵ حزب ورێكخراو و ووڵاتە زلهێز وكاریگەرەكانی دەوروبەر وەكو ئەوە بێت ئەو دۆسیەیان تەسلیمی پارتی ویەكێتی كردبێت. 

سێیەم: مانەوە لە بازنەی رابردوو وپشتگوێخستنی داهاتوو وهیوا وئومێدەكانی نەوەكانی. ئێستا كاتێك بینەر وبیسەری میدیای گۆڕان دەبیت هەست دەكەی وەكو پارتی ویەكێتی پڕۆژەی داهاتویان نەماوە بۆیە پێهەڵدان بە نەوشیروان مستەفا بۆتە ویردی رۆژانە. پارتی مەلا مستەفای هەبوو، یەكێتی مام جەلال، ئێستاش گۆڕان نەوشیروان مستەفای كردۆتە هێما ورەمزی بزوتنەوەكەی.

پەنابردن بۆ سەروەریەكانی رابردو (وەكو یەكەم حزبی ئۆپۆزسیۆن، یەكەم حزب دژایەتی گەندەڵی كرد بە بەرنامە وپڕۆژە، یەكەم حزب كە گەنجی كردە خاوەن بڕیار ودەسەڵات، یەكەم حزب...یەكەم حزب ...هتد) جۆرێكە لە خۆدزینەوە لە ئالەنگاریەكانی قۆناخی نوێ. 

راستیەكی حاشا هەڵنەگر وشاراوە هەیە، ئەویش: گۆڕان بەرهەمی شەونخونی وقوربانیدانی نەوەكانی پێش راگەیاندنیەتی لە میدیای ئەهلی ورۆشنبیران وچەندین چاڵاكی وچاڵاكوانی مەدەنی و ووتاری مامۆستایانی ئایینی ئازا وبیرمەند وشاعیر وهونەرمەندە خاوەن هەڵوێستەكان.‌ گۆڕان هاتو كاری هەموو ئەوانەی دووریەوە لە بزوتنەوەیەكی سیاسی؛ هەربۆیە نابێت ئەو بزوتنەوە كۆمەڵایەتیە سیاسیە جەماوەریە ببەسترێتەوە بە كەسێك یان گروپێك یان توێژێك وچینێك. لە رابردودا گۆڕان لەپێناو هیوای خەڵكی ستەملێكراوی كوردستان دروستبووە ونابێ لە ئێستا وداهاتوودا بكرێتە قوربانی بەرژەوەندی كەسێك یان گروپێك. 

ئێستا گۆڕان لە دوورێیاندایە؛ یان ئەوەیە بەردەوام دەبێت لەسەر ئەو سیاسیەتەی ئێستا كە پێموایە شكستێكی گەورە چاوەڕوانی دەكات، یان ئەوەیە بەخۆیدا بچێتەوە وخۆی نوێ بكاتەوە وپەرە بەئەركە سیاسی ومێژوویەكەی خۆی بدات بۆ ئەوەی بتوانێ هەردەم هەنگاوێك لەپێش حزبەكانی تر بێت.

رەعد رەفعەت

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی