د. بەرهەم ببێتە نوێنەری بارزانی

06/08/2019

هیوا جەمال

لە ماوەی ئەو سێ رۆژەدا كە لەگەڵ تیمی (رووداو) لە بەغدا بووم، لە رێگەی گفتوگۆ لەگەڵ ئەو كەس و بەرپرس و پەرلەمانتارانەی لە بەغدا چاوم پێیانكەوت، چەند بۆچوونێكم بۆ گەڵاڵە بوون، دەمەوێت زانیارییەكان لەگەڵ خوێنەرەكانم بەشبكەم.

ئێستا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەوەی ماوە بەناوی هاوپەیمانی كوردستانی، تەنیا تابلۆی ئەو بەشەیە كە فراكسیۆنەكانی یەكێتی و پارتی لێیە، ئەوەی باسی دەكرا، نەبوونی هاوئاهەنگی و یەكخستنی هەڵوێستەكانە لەنێوان فراكسیۆنە كوردییەكان، ئەمە مانای ئەوە نییە دژ و دوژمنی یەكدین، بەڵام دڕدۆنگی و نادڵنیایی هەیە لەنێوانیاندا.

وەك باسیان دەكرد، زۆر بابەتی هەستیار و هەندێجار چارەنووسساز هەن دەبێ پێكەوە و وەك یەك هێزی كوردستانی لە بەغدا كاری لەسەر بكەن، لە بەرامبەر دوو هێزی گەورەی سوننە و شیعە. جگە لە كێشە ستراتیژییەكان، مەسەلەی بودجەی ساڵی داهاتوو مەترسی زۆری لەسەرە، ئەگەر هەمووان پێكەوە یەكهەڵوێست نەبن، رەنگە نەتوانن بەر لەو پلانە بگرن كە بەرامبەر دایناوە.

كێشەیەك كە پەیوەستە بە بودجە و هاوكات گلەیی زۆری لەسەرە، وەزیری دارایی عێراقە كە كوردە و بەربژێری تایبەتی بارزانییە. بەشی زۆری پەرلەمانتاران بە كورد و عەرەبەوە تاوەكو دەگاتە سەرۆكایەتی پەرلەمان، لە هەڵسوكەوت و مامەڵەی د. فوئاد حوسێن ناڕازین. تەنیا خاڵێك كە لە دڵەوە پێمخۆشبوو بیستم، ئەوەیە دەڵێن وتوویەتی بۆ هیچ كەس بێیاسایی ناكەم، خاڵێكی ئەرێنییە ئەگەر نایاساییبوون و داواكارییە كەسییەكان بنبڕبكات و وەڵامیان نەداتەوە، بەڵام ئەوەی كە زۆر پەرلەمانتارەكانی تووڕە كردووە، وەڵامنەدانەوە و مامەڵەی ناخۆشیەتی لەگەڵ پەرلەمانتاران. ئەوەش وایكردووە لێی بەبیانوو بن، بۆیە تائێستا دووجار داوای میوانداریی كراوە بۆ پەرلەمان، بەڵام لە سەرۆكایەتی پەرلەمان لە ئەجێندای دانیشتنەكان دەرهێنراوە و رەنگە ببێتە لێپرسینەوە و متمانەی لێ بسەندرێتەوە. ئەوەش بۆ مێژووی كورد خاڵێكی نێگەتیڤە دوو وەزیری دارایی لە عێراق متمانەیان لێ وەربگیرێتەوە.

لە بەغدا لە گفتوگۆ ناڕەسمییەكاندا باس لەوە دەكرێت، ئاراستەی سیاسەتی نوێی هەرێمی كوردستان رووی لە بەغدایە. واتە بۆنی ئەوەیان كردووە كە پەیوەندییەكانی نێوان بەغدا و هەولێر زیاتر گەرم ببنەوە و بیانەوێت كەمترین كێشە لەگەڵ بەغدا بهێڵنەوە. زیاتر باسی رادەستكردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە دەكرێت كە حكومەتی هەرێمی كوردستان پێی رازییە، وەك ئەوەی لە یاسای بودجەی 2019دا هاتووە، بەڵام كیشەیەك كە رەنگە بێتە پێشەوە داوای زیادكردنی ئەو بڕەیە.

دەڵێن، رۆژێك هەندێ نوێنەری كورد لەلای عادل عەبدولمەهدی بوون و باسی رادەستكردنی ئەو بڕە نەوتەی هەرێمی كوردستان كراوە بۆ بەغدا، لەوكاتەدا وەزیری نەوت هاتووە، كە گوێی لە گفتوگۆكە و باسی نەوت بووە، وتوویەتی ئەو 250 هەزار بەرمیلە زۆر كەمە، دەبێ هەرێمی كوردستان زیاتر بنێرێت، چونكە خۆی رۆژانە 650 هەزار بەرمیل بەرهەمدێنێت. سەرۆكوەزیران وتوویەتی، لە یاساكەدا ئەوەندە هاتووە، ئەویدیكەی لێیان دەگەڕێین قەرزەكانی پێبدەنەوە، ئەوان قەرزداری كۆمپانیاكانن.

ئەوە دوو سەرنجی لەسەر هەڵدەچنرێت، یەكەمیان هەندێك هەر لە ئێستاوە پلانی ئەوەیان هەیە 250 هەزار بەرمیلەكە بەكەم بزانن و رازی نەبن، ئینجا لۆبی بۆ بكەن و لە پڕۆژە یاسای 2020 زیادی بكەن. دووەمیان، تائێستا عادل عەبدولمەهدی لەگەڵ كورد نەرمی دەنوێنێت و دەیەوێت هەندێ سازش بكات، بەڵام ئەوە رەنگە هەتا سەرنەبێت و لەژێر گوشاری لایەنەكانی دیكە هەڵوێستی بگۆڕێت.

بەغدا وەك هەولێر نییە رێككەوتنی حیزبیی راستەوخۆ كاری پێبكرێت و لە پەرلەمان هیچ پەرلەمانتارێك لێی لانەدات. لەوێ جگە لەوەی دەبێ رێككەوتنەكە بكرێتە پڕۆژە یاسا و ببرێتە پەرلەمان، مەرج نییە ئەوەی حیزبەكانیان دەیڵێن پەرلەمانتارەكان پێیەوە پابەندبن. واتە جگە لە لۆبیكردن و رێككەوتن لەگەڵ سەركردە حیزبییەكان، دەبێ جارێكی دیكە لە پەرلەمانیش لۆبی بۆ بكرێت و پەرلەمانتارەكان رازی بكرێن.

ئەوەی كە بۆشایی گەورەی دروستكردووە لە بەغدا نەبوونی چەترێكە بۆ كۆكردنەوەی كورد لە سایەیدا. جاران كە مام جەلال وەك سەرۆككۆمار لەوێ بوو، هەمووان پشتیان پێی گەرم بوو، هەمانكات لەگەڵ مەسعود بارزانی، وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان پەیوەندی راستەوخۆی هەبوو، لەجیاتی ئەویش بڕیاری دەدا، واتە نوێنەری ئەویش بوو. ئێستا كورد لەوێ نازانن لەگەڵ كێ مامەڵە بكەن، پەیوەندییە رەسمییەكە لەنێوان سەرۆككۆمار و سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەبێت، هەردوو سەرۆك د. بەرهەم و نێچیرڤان بارزانی دەتوانن هاوئاهەنگی تەواو بكەن، رێكبكەون كە بەرهەم ساڵح نوێنەری بارزانییش بێت. لەهەمانكاتدا، لەلایەن كاك مەسعودەوە پشتیوانی رێككەوتنەكەیان بكرێت. لەو بڕوایەدام لایەنەكانی دیكەش بەو پیشنیازە رازیبن.

هیوا جەمال

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی